English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
وردەکاری کوشتنی گەنجەکەی کەرکوک بە دەستی دراوسێ عەرەبەکەی 
2018-08-06 [12:41 PM]

ZNA- ھەولێر


محەممەد، تەنیا ھەشت مانگ بوو ژنی ھێنابوو، چاوەڕێی لەدایکبوونی نۆبەرەکەی دەکرد، بەڵام دەنگە دەنگێک لە کۆڵانەکەیان محەممەدی بەرەو مەرگ برد، ئەو چوو بە فریای ئامۆزاکەی بکەوێ کە لەگەڵ دراوسێکەیان بەشەڕ ھاتبوو، بەڵام لەو نێوەدا بووە قوربانی و کوژرا.

رۆژی ٢٩/٧/٢٠١٨ گەنجێکی تەمەن ٢٧ ساڵ بەناوی محەممەد فازڵ، دانیشتووی گەڕەکی قادسیەی شاری کەرکووک، لە شەڕی نێوان ئامۆزاکەی و دراوسێیەکیاندا کوژرا. ئامۆزاکەشی بریندار بوو. دوای رووداوەکە، پۆلیس کەسێکی بە تۆمەتی کوشتنی محەممەد دەستگیر کرد.

شەڕی مەریوان شەھابی ئامۆزای محەممەد لەگەڵ دراوسێ عەرەبەکەیان لەسەر ئاوی خواردنەوە بوو. سیروان شەھاب کە برای مەریوان و ئامۆزای محەممەدە،  گوتی : "ئامۆزاکەم تازە زانیبووی کە ژنەکەی دووگیانە، زۆر دڵخۆش بوو، بەڵام بەداخەوە منداڵەکەی خۆی نەبینی".

سەبارەت بە شەڕی نێوان براکەی و دراوسێکەیان، سیروان گوتی: "گەڕەکەکەمان کێشەی ئاوی ھەیە، تانکەری حکومەت ئاوی ھێنابوو بۆ گەڕەک، دراوسێکەشمان داوای ئاوی کرد، لەسەر ئەوە بووە دەمەقاڵە. دوای پێنج خولەک، دراوسێکەمان زیاتر لە ٥ کەسی لەگەڵ خۆی ھێنا و لە پێش دەرگای ماڵمان دەستی بە جنێودان کرد". 

سیروان زۆر ھەوڵدەدات مەریوانی برای دەرگا نەکاتەوە، بەڵام مەریوان گوێی لێناگرێت و دەڵێت دەچم بزانم ئەوانە بۆچی لە پێش دەرگای ئێمە ھاوار دەکەن، کاتێک دەرگا دەکاتەوە، دەبێتە شەڕیان. کاتێک محەممەد ھەواڵی بۆ دێت کە چەند کەسێک چوونەتە سەر ماڵی ئامۆزاکەی، بەھانایەوە دەچێ.

سیروان گوتی: "یەکێک لە پێنج کەسەکە تەقەی کرد، گوللەیەک بەر سینگی مەریوانی برام کەوت، محەممەد ویستی مەریوان ھەڵبگرێ، گوللەیەک  بەر سەری کەوت و لە رێگادا بۆ نەخۆشخانە گیانی دەرچوو".

دوای رووداوەکە، ھێزە ئەمنییەکانی کەرکوک،  فازڵ عەلی باوکی محەممەد و برایەکی بە فەرمانی دادوەر دەستگیر دەکەن، بەو ھۆیەوە نەیانتوانی بەشداری لە ناشتنی تەرمی محەممەد بکەن و بۆ دواجار ماڵئاوایی لێ بکەن.

جەواھیر ئەحمەدی دایکی لە یەکەم  رۆژی پرسەی کوڕەکەیدا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە (رووداو)ی گوت: "کوڕە خێر لەخۆنەدیوەکەم، دوای تەواوکردنی زانکۆ ھەموو کارێکی کرد بۆ ئەوەی دەستگیرانەکەی بگوازێتەوە. ئەو عەرەبانە بەبێ ھۆ کوڕەکەمیان کوشت".

عەقید ھەڤاڵ بەرزنجی، بەرپرسی بنکەی پۆلسی عرووبە سەبارەت بەو کەیسە راگەیاند: " کەسوکاری ھەردوو خێزانەکە بە فەرمانی دادوەر دەستگیر کراون، دوای لێکۆڵێنەوە کەسوکاری کوژراوەکە بە کەفالەت ئازاد کران". ھەروەھا گوتی "دوو کەس بە تۆمەتی تەقەکردن دەستگیرکراون کە یەکێکیان ئەفسەرە لە ھەواڵگریی سوپای عێراق و لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە بەردەوامە".

ی.ا
سەرچاوە | رووداو 
 





ئەم هەواڵە 6544جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند دیمەنێک لە لافاوەکە فەرەنسا
ڤیدیۆیی .. شەقامی خۆت و چانسی خۆت
ڤیدیۆیی .. ساتی کوشتنی تارا فارس
ھەڵۆیەک ھەوڵی رفاندنی منداڵێک دەدات
چەند دیمەنێکی سامناکی زریان و گەردەلوولەکەی ئەمریکا
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad