English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
سەرۆک بارزانی: گەلی کوردستان پاشکۆیی ھیچ لایەن و گەلێکی قبول نیە
2018-08-07 [07:43 AM]

ZNA- ھەولێر


سەرۆک بارزانی رایگەیاند، گەلی کوردستان پاشکۆیی هیچ لایەن و گەلێکی قبوڵ نییە و ئەگەر خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەریش نەبا، ئەوا بارودۆخی کوردستان باشتر دەبوو.

 

رۆژی سێشەممە 7/8/2018، سەرۆک مەسعود بارزانی وتارێکی لە کۆنگرەی هەشتەمی (کۆنگرەی پێشمەرگە) یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان پێشکەش کرد و هیوای سەرکەوتنی کۆنگرەکەی خواست.

 

سەرۆک بارزانی رایگەیاند، رۆڵی لاوان لە شۆڕشەکانی کوردستان گرنگ و کاریگەر بووە و زۆرێک لە سەرکردەکانی گەلەکەمان لە قوتابخانەی یەکێتیی لاوان دەرچوون و پشتیوانیی خۆی و پارتی دیموکراتی کوردستانی بۆ یەکێتیی لاوان نیشان دا.

 

لە بەشێکی قسەکانی دا، سەرۆک بارزانی رایگەیاند، گەلی کوردستان هەمیشە بەرگریی لە مافەکانی خۆی کردووە و هەرگیز هێرشی نەکردووەتە سەر مافی هیچ کەس و نەتەوەیەک، ”هیچ کاتێ ئێمە گرفتمان لەگەڵ گەلانی دیکە نەبووە، تەنیا کێشەمان لەگەڵ حاکمەکانی ئەو گەلانە هەیە“.

 

سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە، کە گەلی کوردستان پاشکۆیی هیچ گەل و وڵاتێکی قبوڵ نییە و ئامادەیە بۆ هەر دەرەنجامێک، ”نە پاشکۆییمان قبوڵ کردووە و نە قبووڵیشی دەکەین“.

 

لەبارەی خەباتی گەلی کوردستان لە عێراق، سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، کە زۆر هەوڵی دا مافەکانی گەلی کوردستان لە عێراقی فیدڕالی پارێزراو بێت، بەڵام دەرکەوت ئەوان تەنانەت هاووڵاتیبوونی کورد لە عێراق قبوڵ ناکەن و ئەو دەستوورە پێشێل دەکەن، کە مافی هەموو پێکهاتەکانی گەرەنتی کردووە.

 

سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە، کە گەل و سەرکردایەتیی کوردستان هەوڵیان دا بەشێوەیەکی ئاشتییانە لە عێراق جیابێتەوە، بەڵام حوکمڕانانی عێراق رازی نەبوون و بەزمانی ئاگر وەڵامیان دایەوە.

 

سەرۆک بارزانی خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەری بە هۆکاری سەرەکیی نەگەیشتنە ئەنجامی ریفراندۆم و هێرشکردنە سەر کوردستان و داگیرکردنی بەشێکی خاکی کوردستان هەژمار کرد.

 

هەروەک سەرۆک بارزانی رایگەیاند، گەل و سەرکردایەتیی کوردستان هەرگیز پاشەکشە لە ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان ناکات، چونکە ئەوە مافێکی سروشتیی ئەو گەلەیە و خوا پێیداوە نەک بەرپرسانی عێراق.

 

سەرۆک بارزانی هەروەها رایگەیاند، کە ریفراندۆم پێچەوانەی دەستووری عێراق نەبوو و گەلی کوردستانیش هەرگیز دەستبەردای ئامانجی سەربەخۆیی نابێت.

 

لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، سەرۆک بارزانی رایگەیاند، ئێستا پەیوەندییەکانی کوردستان و عێراق باشترن و کۆبوونەوە هەیە.





ئەم هەواڵە 3823جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
سەگێک کچێک لە خنکان رزگار دەکات
سەمایەکی کیکی بەکارەسات کۆتایی پێدێت
ببینە ھاندەرانی بەرازیل چۆن بەرد بارانی ھەڵبژاردەکەیان دەکەن
وانەی وەرزش لە ژاپۆن
به‌ ڤيديۆ.. جيهانى ئه‌مڕۆمان چى به‌سه‌ردا هاتووه‌
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad