English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
حەشدی شەعبی بەرەو نه‌مان دەچێت
2018-08-12 [10:00 AM]


بەپێی نووسراوێکی فەرمیی حەشدی شەعبی، کە رۆژی ٢/٨/٢٠١٨ بە واژۆی جەمال جەعفەر ئال ئیبراھیم، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی ئاراستەی چەند فەرماندەییەکی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای عێراق کراوە، چەند فەرماندەیەکییەکی ئەو میلیشیایانە لە چەند ناوچەیەکی کوردستان و عێراق ھەڵدەوەشێندرێنەوە.

 

بڕیارەکانی جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی:

 

- ھەڵوەشاندنەوەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژئاوا و رۆژھەڵاتی نەینەوا و بێجیی ئەو میلیشیایانە دروستکردنی لە فەرماندەیی میحوەری نەینەوا.

- فەرماندەیی رۆژئاوای دیجلە (ناوچە کوردستانییەکانی سنووری شنگال) دەخرێتە سەر فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای عێراق.

 

- گەڕاندنەوەی لیوای ٤٠ـی میلیشیاکان لە باکووری شنگال بۆ بنکەی سپایکەر لە رۆژئاوای شاری تکریتی سەنتەری پارێزگای سەڵاحەدین و بە تەواویش دەخرێتە سەر فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی سوپای عێراق لە کەرتی نەینەوا.

- پاراستنی سنووری رۆژئاوای نەینەوا بە تەواوی دەخرێتەوە ئەستۆی سوپای عێراق.

 

- لیوای ١٤ـی میلیشیاکان لە مووسڵ دەکشێتەوە بۆ دەرەوە شارەکە.

حەشدەکانی شەبەک، تەرکمان، مەسیحی و ئێزدییەکان دەخرێنە سەر فەرماندەیی ئۆۆپەراسیۆنەکانی نەینەوای سەر بە سوپای عێراق.

 

لە کۆتایی بڕیارەکان، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی جەخت لە بڕیاری پێشووی سەرۆکایەتیی دەستەکەی دەکاتەوە، بە چۆڵکردنی تەواوەتیی شاری مووسڵ لەلایەن میلیشیاکانەوە.

 

حەشدی شەعبی لە زیاتر لە ٦٠ میلیشیای چەکداریی شیعەمەزھەب پێک دێت، کە دوای ھەرەسھێنانی سوپای عێراق بەرامبەر نزیکەی دوو ھەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش  لە ساڵی ٢٠١٤، بە فەتوای ئایەتوڵلا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان دروست بوو.

 

چاودێران پێیان وایە ئەو بڕیارانەی حەشدی شەعبی بەھۆی سزاکانی ئەمریکایە بەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران، کە  ئەو وڵاتە پاڵپشت و ھاوکاری سەرەکیی ئەو میلیشیایانە بوو لە رووی ماددی و دابینکردنی چەکەوە.

 

دوای سەپاندنی چەندین سزای ئابووری بەسەر ئێران، ئەو وڵاتە تووشی قەیرانێکی سەختی دارایی بووە و بەھای تومەنی ئێرانی زۆر دابەزیوە، بەشێوەیە بەھای ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی گەیشتووەتە زیاتر لە یەک ملیۆن تومەن و تارانیش ھاوکارییەکانی بۆ میلیشیاکانی حەشدی شەعبی راگرتووە.

 

دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتننامەی ناوکی و سەپاندنی چەندین سزا بەسەر ئێران، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا ھەڕەشەی لە ھەموو ئەو وڵات و لایەنانە کرد، کە مامەڵە لەگەڵ ئێران دەکەن، کە یان دەبێ بچنە بەرەی ئێران یاخود پابەندی سزاکانی ئەمریکا بن بەسەر ئێران.

 

بەھۆی ئەو سزایانەی ئەمریکاوە، ئابووریی ئێران بەرەو بارێکی زۆر خراپ چووە و تومەنی ئەو وڵاتە بەھای لەدەست داوە، بەشێوەیەک، بەھای ١٠٠ دۆلار گەیشتووەتە زیاتر لە یەک ملیۆن تومەن.

 

شەوی ٨/٥/٢٠١٨، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ناوکیی ئێران و  وڵاتانی پێنج + یەک، واژۆ کرد.

 

رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک لە سەرەتای نیسانی ٢٠١٥ لە شاری لۆزان لە سویسڕا واژۆ کرا، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە ئێران دەستبەرداری دروستکردنی چەکی ناوکی دەبێت و ئەمریکاش سزاکانی لەسەر ئەو وڵاتە سووک دەکات.





ئەم هەواڵە 3073جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند دیمەنێکی سامناکی زریان و گەردەلوولەکەی ئەمریکا
یەکەم گۆڵی رۆنالدۆ لەگەڵ یانەی یۆڤانتس
منداڵێک بەشێوەیەکی سەرسوڕھێنەر لە رووداوێکی ھاتووچۆ رزگاری دەبێت
پێشبڕکێیەکی ئەسپ سواری کارەساتی لێدەکەوێتەوە
گەنجێک ئافرەتێک لە مردن رزگار دەکات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad