English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ئەردۆغان ھەرەشە لە سەرمایەدارانی تورکیا دەکات
2018-08-13 [07:26 AM]

ZNA- ھەولێر


دابەزینی بەها لیرەی تورکی گەیشتە ئاستێکی پێوانەیی و سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتەش هەڕەشە لە سەرمایەداران دەکات.

 

سەرلەبەیانیی رۆژی دووشەممە 13/8/2018، بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕەکانی دراوی جیهانی (بۆرسەی دراو) گەیشتە 769 لیرەی تورکی.

 

دابەزینی بەهای لیرەی تورکی بەهۆی هەڕەشەکانی ئەمریکایە لە تورکیا، کە بەهۆی دەستبەسەرکردنی قەشەیەکی ئەمریکی لە تورکیا، دروست بوون.

 

رۆژی یەکشەممە 12/8/2018، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە وتارێکدا بۆ لایەنگرانی لە شاری ترابزۆن، هەڕەشەی لە بازرگان و سەرمایەدارانی وڵاتەکەی کرد، کە ئەگەر بەردەوام بن لە کڕینی دۆلار، ئەوا دەکەونە ناو سزاکانەوە.

 

ئەردۆغان هەروەها رایگەیاند، رووبەڕووبوونەوەی بارۆدخی سەختی ئابووریی وڵاتەکەی، ئەرکی حکوومەت و بازرگان و سەرمایەدارەکانە و ئەگەر ئەو بازرگانانە هاوکاریی حکوومەت نەکەن و بڕیارەکان جێبەجێ نەکەن، ئەوا حکوومەت بە پلانی ب یاخود ج، رووبەڕوویان دەبێتەوە.

 

دابەزینی بەهای لیرەی تورکی بەهۆی دروستبوونی کێشەیە لەنێوان ئەمریکا و تورکیا، کە زۆرتر بەهۆی قەشەیەکی ئەمریکییەوەیە.

 

کێشەکان زۆرتر بەهۆی دەستبەسەرکردنی قەشە ئەندرۆ برانسۆن لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە دروست بوون، کە حکوومەتی تورکیا بە سیخوڕیکردن بەسەر تورکیا و هاوکاریکردنی فەتحوڵڵا گیولەن، رێبەری بزووتنەوەی خزمەت، تۆمەتباری دەکات.

 

پێشتر دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بەهۆی ناکۆکییەکانییەوە لەگەڵ تورکیا، بڕیاری لادانی بەخشینی تورکیای لە رسووماتە گومرگییەکان دابوو، بەمەش زیانێکی گەورەی دارایی بە کەلوپەلی هەناردەی تورکیا بۆ ئەمریکا دەگات، کە زیانەکە دەگاتە نزیکەی یەک ملیار و 700 ملیۆن دۆلار.

 

قەشە ئەندرۆ برانسۆن، کە قەشەیەکی ئەمریکییە و لە تورکیا دەژی، نزیکەی دوو ساڵە بە تۆمەتی هاوکاریکردنی گرووپی فەتحوڵڵا گیولەن، لە ماڵەکەی خۆی لە شاری ئیزمیر لە تورکیا، دەستبەسەر کراوە.

 

حکوومەتی تورکیا فەتحوڵڵا گیولەن بە پیلاندانان بۆ کودەتا شکستخواردووەکەی بەشێک لە فەرماندەکانی سوپای تورکیا لە تەمموزی 2016 تۆمەتبار دەکات و داوا لە ئەمریکا دەکات بینێرێتەوە تورکیا، کە ئێستا لە ویلایەتی پەنسلڤانیا دادەنیشێت.





ئەم هەواڵە 6436جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند دیمەنێکی سامناکی زریان و گەردەلوولەکەی ئەمریکا
یەکەم گۆڵی رۆنالدۆ لەگەڵ یانەی یۆڤانتس
منداڵێک بەشێوەیەکی سەرسوڕھێنەر لە رووداوێکی ھاتووچۆ رزگاری دەبێت
پێشبڕکێیەکی ئەسپ سواری کارەساتی لێدەکەوێتەوە
گەنجێک ئافرەتێک لە مردن رزگار دەکات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad