English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
لە نێوان ئەمەریكا و ئێراندا عێراق كامەیان هەڵدەبژێرێ؟
2018-08-16 [11:24 AM]

نووسینی : دڵشاد مستەفا وەسانی


دوای ساڵی 2003 دەگوترا ئەمەریكا عێراقی لەسەر خوانچەیەكی زێڕ پێشكەش بە ئێران كرد، تاران ئەو هەلەی قۆستەوە و قورسایی خۆی خستە بەغدا، تا بەوە گەیشت هیچ جووڵەیەكی بەغدا بێ تاران نەكرێت، ئەو هەنگاوە گەورەی كۆماری ئیسلامی ئێران لە سەرەتای دامەزراندنیەوە خەریكی هەڵێنانی بوو، بەهۆی عێراقەوە خێراتر بوو، بەجۆرێك ئێرانییەكان دەیانگوت عێراق قووڵایی ستراتیژیمانە و بەغدا بە پایتەختی خۆمان دەزانین، ئەم تێڕوانینەی ئێران بۆ عێراق، زەمینەی باڵادەستی بۆ لایەنە شیعییەكان رەخساند بە تەواوی پشت لە دەستوور بكەن و مۆركێكی تایفی بە عێراق بدەن، بەمەش دەسەڵاتی لایەنە شیعییەكانیش ئێران بە قووڵایی ستراتیژیی خۆیان دەزانن، بۆیە پەیوەندیی ئێران و عێراق رێگەی بۆ تاران خۆشكرد پەل بۆ سوریا بهاوێت، عێراق بووە پێگە و بەردەبازی پەڕینەوە بۆ شام و گەیشتن بە دەریای ناوەڕاست، تەنانەت میلیشیا شیعەكانی عێراق بە فەرمانی تاران لە سوریا جووڵەیان پێدەكرا.

لە رووی ئابووریشەوە عێراق بووە شوێنی ساغكردنەوەی كەلوپەلی ئێرانی، دۆخێك لە عێراق خوڵقێندرا، لایەنەكان خەریكی دابەشكردنی بەرژەوەندی بن لەنێوان خۆیاندا، بازاڕیش بكەوێتە بەردەستی ئێران، تا بە ئاستێك گەیشت ئەوەی جێگەی لەو هاوكێشە و دابەشكردنەی بەرژەوەندی نەبووەوە هاووڵاتیان بوون، بۆیە لە تەممووزی ئەمساڵ شارەكانی عێراق لە بەسرەوە تا بەغدا دژی حكوومەت دەستیان بە خۆپیشاندان كرد.

لەگەڵ دەستپێكردنی سزاكانی ئەمەریكا بەسەر ئێراندا، عێراق هەم بۆ واشنتۆن و هەم بۆ تاران، بووە پێگەیەكی گرنگ بۆ مەسەلەی سزاكانی سەر ئێران، بەمەش عێراق بۆخۆی نەبوو ئەم بەڵایەشی هاتەسەر، قەیرانی هێندە كەم نەبوون ئەمەشی بۆ زیاد بوو، شەقامی شیعی بەهۆی ئەو سزایانەوە دابەش دەبێ، هەرچی حكوومەتە ناچارە مل بۆ داواكاریی ئەمەریكا بدات، لایەنەكانی دیكەش دژی ئەو رێوشوێنە وەستانەوە و داوا لە حكوومەت دەكەن نەچێتە ژێر باری سەپاندنی سزا بەسەر ئێراندا، رێوشوێنی سزاكانیش لە لایەن واشنتۆنەوە بەرامبەر ئەو لایەنانەی خۆیان لەسزاكە دەدزنەوە تووندە، داوا دەكرێ ئەو حكومەتەی لە عێراق پێكدەهێندرێ دەبێ پابەندی سزاكانی سەر ئێران بێت، بۆیە حكوومەتی عێراق سزادانی ئێرانی بردە واری جێبەجێكردنەوە، رۆژی 9ی مانگ بڕیاریدا ئۆتۆمۆبێلی ئێرانی هاوردەی عێراق نەكرێت، كاردانەوەی تاران بەرامبەر بڕیاری عێراق زۆر خێرابوو، داوای دەیان ملیار دۆلاری وەك قەرەبووی شەڕی هەشت ساڵەی عێراق – ئێران 1980-1988 لە عێراق كرد.

ئێستا عێراق لە نێوان ئەمەریكا و ئێراندا، ئەگەر ئەمەریكا هەڵنەبژێرێ، دەكەوێتە دۆخێكی ناهەموارەوە، بە هەڵبژاردنی ئێران، گوشاری ئەمەریكا و گوشاری خۆپیشاندەران دەبێتە گوشارێكی بێ ئامان بۆ بەغدا، لە لایەكی دیكەشەوە، ئێرانیش بۆ گوشارخستنە سەر بەغدا و هێشتنەوەی عێراق وەك قووڵایی ستراتیژیی خۆی، پەنا دەباتە بەر بەكارهێنانی كارتەكانی، بەڵام هێندەش ئاسان نییە، عێراق دەبێتە گۆڕەپانی ناكۆكییە سەختەكە و سەنگەری پێشەوە.





ئەم هەواڵە 331جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند دیمەنێک لە لافاوەکە فەرەنسا
ڤیدیۆیی .. شەقامی خۆت و چانسی خۆت
ڤیدیۆیی .. ساتی کوشتنی تارا فارس
ھەڵۆیەک ھەوڵی رفاندنی منداڵێک دەدات
چەند دیمەنێکی سامناکی زریان و گەردەلوولەکەی ئەمریکا
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad