English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
به‌هۆی ده‌رمانی ساخته‌وه‌ 16 كه‌س ده‌ستگیركران
2018-08-27 [06:59 AM]

ZNA- هه‌ولێر


بەڕێوەبەری پۆلیسی شارەوانی هەولێر رایگەیاند كە دوای پێكهێنانی لێژنەیەك بۆ بەدواداچوونی دەرمانی قاچاخ و ساختە، 16 كەس كە زۆربەیان بازرگانی دەرمانن، دەستگیركراون.


موقەددەم سۆران مەحموود، بەڕێوەبەری پۆلیسی شارەوانی هەولێر كە نوێنەری قایمقامیەتی قەزای هەولێرە لە لیژنەكە،  گوتی: "لێژنەكە لە ماوەی چوار رۆژدا سەردانی 30 شوێنی كرد، زیاتر لە 20 شوێن بەهۆی مامەڵەكردن و فرۆشتنی دەرمانی قاچاخ و ساختەوە داخراون، 16 كەسیش دەستگیركراون كە بەشێك لەوانە دەرمانی قاچاخیان لەڕێگەی كەركووكەوە هێناوەتە هەولێر، هەندێكیشیان ئەو دەرمانانەیان كڕیوەتەوە و بە هاووڵاتیانیان فرۆشتووەتەوە".

ئەو 16 كەسە تەنیا لە نێو سەنتەری شاری هەولێر دەستگیركراون، موقەددەم سۆران گوتی "كاری لیژنەكە بەردەوام دەبێت و لەم هەفتەیەوە لە هەموو شار و شارۆچكەكانی دیكەش دەستپێدەكەین".

دكتۆر هێژان ئەنوەر، بەرپرسی چاودێریی بازاڕ لە كۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان وردەكاری لەبارەی ئەو كەسانەی دەستگیركراون و گوتی: "لەنێو ئەو 16 كەسەی دەستگیركراون 3 پزیشكی دەرمانساز هەن كە یەكێكیان كاری سەرەكی هێنانی دەرمانی قاچاخ بووە، یەكێكیشیان لەسەر دەرمانی ساختە دەستگیركراوە، جگە لەوانە دوو یاردەدەری پزیشكی دەستگیركراون، یەكێكیان تاقیگەشی داناوە و كاری پزیشك دەكات كە بەهیچ شێوەیەك رێگەپێدراون نین ئەو كارە بكەن، شەش كەسی دیكەش گیراون كە كەسی ئاسایین و هیچ پسپۆڕییەكیان لە دەرماندا نییە، لەنێویاندا هەیە دابەشكەری دەرمانی قاچاخی توركی بووە، لەنێو ماڵەكەی خۆیدا دەست بەسەر دەرمانە قاچاخەكەدا گیراوە، ئەوانەی دیكەش پردی پەیوەندی بوون لەنێوان قاچاخچیی بیانی و كۆمەڵێك قاچاخچی دەرمان لە نێوخۆی هەرێمی كوردستان".

بە گوتەی دكتۆر هێژان، لەو 16 كەسەی دەستگیركراون، 15 كەسیان بازرگانی گەورەی دەرمانن و بە ملیۆنان دۆلار دەرمانی قاچاخیان هاوردەی هەرێمی كوردستان كردووە و ساغیان كردووەتەوە. گوتیشی: "باری 10 ئۆتۆمبێلی جۆری پیكاب دەرمانی قاچاخ و ساختە لەو شوێنانە دەستی بەسەرداگیراوە كە زۆربەی لەنێو ماڵاندا دۆزراونەتەوە".

سەبارەت بە چۆنیەتی هاوردەكردنی ئەو دەرمانە قاچاخانەش دكتۆر هێژان گوتی: "ئەم دەرمانانە بەجیا هاوردەكراون، پاكەتەكەی بەجیا، لێفلێتی ناوی بەجیا و حەبەكەش بەجیا هاوردەی هەرێمی كوردستان كراون، بۆ نموونە دەرمان هەیە لەناو كۆمپانیای دەرمانەكە لە توركیا نرخەكەی هەشت دۆلارە، بەڵام لێرە بە شەش دۆلار دەیفرۆشنەوە و قازانجیشی لێدەكەن".

جگە لە بەدواداچوونی شوێنەكان، لیژنەكە پلانی دیكەشی هەیە، بەرپرسی چاودێریی بازاڕ لە كۆنترۆڵی جۆریی دەرمان دەڵێت: "لیژنەكە پلانی زۆرە و تەنیا كاری دەستگیركردن نابێت، یەكەم كارمان ئەوەیە كە نەخۆش دەرمان دەكڕێت، دەبێت بە سیستەم و داتا بیكڕێت، واتە رێكخستنی دەرمان لە هەرێمی كوردستان كاری لیژنەكە دەبێت، دەبێت دەرمانخانە بە ئاگاداریی ئێمە دەرمان لە كۆگا بكڕێت، واتە دەبێت بكرێتە سێرڤەر و لەژێر دەستی ئێمە بێت".

ئەو نوێنەرەی كۆنتڕۆڵی دەرمان لە لیژنەكە پێیوایە یاساكان بۆ سزادانی ئەو كەسانەی مامەڵە بە دەرمانی قاچاخ و ساختە دەكەن لاوازن، دكتۆر هەژان ئەنوەر دەڵێت: "ئەگەرچی سەرەتا داوامان لە دادوەر كرد كە ئەو كەسانە بە كەفالەتیش ئازاد نەكرێن و توندترین سزا بدرێن، بەڵام یەكێك لە دەستگیركراوەكان كە كەسێكی گەورەی لەپشت بوو، بە كەفالەت ئازادكرا، دواتریش بەپێی زانیارییەكانی ئێمە زۆربەیان بەكەفالەت ئازادكراون". 

گوتیشی: "پێویستە سزاكان توند بكرێن، ناكرێت كەسێك بایی شەش ملیۆن دۆلار دەرمانی قاچاخی هاوردە كردووە و فرۆشتوویەتی، بە چەند ملیۆنێك دینارێك یان شەش مانگ حەپسكردن سزا بدرێت".





ئەم هەواڵە 4342جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند دیمەنێکی لافاوی شاری شیراز لە ئێران
لە رووداوێکی ھاتووچۆ ئۆتۆمبێلێک دەفڕێت
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
ڤیدیۆیی .... بە ئاگر و شمشێر قژی ئافرەتان رێکدەخات
فرۆکەوانێک بەم شێوەیە رێز لە مامۆستاکەی دەگرێت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad