English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
نێچیرڤان بارزانی: هیچ لایەنێک بە فەرمی داوای لە حکومەت نەکردووە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن
2018-08-29 [09:29 AM]

​ZNA - هەولێر


 

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی ، لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن رایگەیاند، هەڵبژاردن لە کاتی خۆی ئەنجام دەدرێت و هیچ رێککەوتنێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردن نییە، هەروەها هیچ لایەنێک بە فەرمی داوای لە حکومەت نەکردووە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن. 

 

 
دوای کۆبوونەوەی شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی شاندی باڵای مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان خستەڕوو
 
سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند: "ئەمڕۆ پێشوازیمانکرد لە شاندێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان ، چەند پرسێكمان تاوتوێ كرد، مەسەلەی یەکڕیزی خەڵکی کوردستان لە بەغدا، مەسەلە سیاسییەکانی عێراق و مەسەلەی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و یەک ماڵی گەلی کوردستان لە مەسەلە سیاسییەکانی نێوخۆ و بەغدا، ئەوانە باسیان لێوەکرا و تا راددەیەکی باش هاوڕابووین لەسەر مەسەلەکان، ئومێد دەکەین رۆژانی داهاتووی نزیکدا لایەنە سیاسییەکان پێکەوە دابنیشین و دانیشتنێکی گەورەتر و فراوانتر بکەن، ئەو شتانەی کە پێویستن بڕیاری جیدی لەسەر بدرێت، چونکە کاتیشمان بەدەستەوە کەمە بۆیە پێویستە پەلەی لێبکەین".
 
هەروەها نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی شاندی باڵای مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: ''سوپاسی پێشوازی جەنابی مامۆستا دەکەین لە شاندی پارتی کە ئەمڕۆ ئێمە بە خزمەتی گەیشتین، بێگومان ئێمە ماوەیەک بوو حەزمان دەکرد ئەو سەردانە بکەین، بەڵام بایکۆتیان کردبووین، ئینجا کە بایکۆتەکە شکا، ئێمەش یەکەم زۆر پێمانخۆشبوو حەزیشمانکرد لە نزیکەوە ئەم سەردانە بکرێت، لە برادەرانی یەکگرتوو دەستمانپێکرد لەم نزیکانە سەردانی لایەنەکانی دیکەش دەکەین".
 
 
لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "دەبێت بۆ خزمەتی دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان هەوڵبدەین پێکەوە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەشمان هەبێت لە بەغدا، تەوەری سەرەکی لەگەڵ جەنابی مامۆستا لەسەر ئەو بابەتە بووە و ئەوەی لە بەرژەوەندی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان هەیە کاری بۆ بکەین، سوپاسی دەستپێشخەرییەکەی مامۆستا سەلاحەدین دەکەین و هیواداریشین بە کۆدەنگی و بەیەکەوە لەگەڵ لایەنەکانی دیکە لە بەغدا ئامادەبین". 
 
لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن و رێککەوتن لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند: "هەڵبژاردن لە کاتی خۆی ئەنجام دەدرێت و هیچ رێککەوتنێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردن نییە، هەروەها هیچ لایەنێک بە فەرمی داوای لە حکومەت نەکردووە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن". 
 
بڕیارە رۆژی 30-9-2018، هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، هەرچەندە مشتومڕ و دەنگۆیەکی زۆر لەنێو بەشێک لە حیزبە سیاسییەکانی کوردستان و هاونیشتمانییان هەیە کە هەڵبژاردن دوادەخرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بە فەرمی داوای دواخستنی هەڵبژاردنی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان نەکردووە.




ئەم هەواڵە 3220جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند دیمەنێک لە لافاوەکە فەرەنسا
ڤیدیۆیی .. شەقامی خۆت و چانسی خۆت
ڤیدیۆیی .. ساتی کوشتنی تارا فارس
ھەڵۆیەک ھەوڵی رفاندنی منداڵێک دەدات
چەند دیمەنێکی سامناکی زریان و گەردەلوولەکەی ئەمریکا
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad