English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
گوتەبێژی پارتی: پێویست ناكات ته‌مه‌نی په‌رله‌مان جارێكی تر درێژبكه‌ینه‌وه‌
2018-09-02 [07:54 AM]

ZNA-هه‌ولێر


پارتی دیموکراتی کوردستان و کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە ھەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا ئەنجام بدرێت و پێویست ناکات جارێکی دیکە تەمەنی پەرلەمانی کوردستان درێژ بکرێتەوە. ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لایەنەکان لە دەنگی خەڵک دەترسن بۆیە بە فەرمی داوای دواخستنی ھەڵبژاردن ناکەن.

دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکەیان، لە پرێس کۆنفرانسێکی ھاوبەشدا، عەبدولستار مەجید، سەرکردە لە کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان ڕای گەیاند، لەبارەی پرۆژەکەی پارتی و یەکێتی بۆ پێکھێنانی حکوومەتی عێراق رایگەیاند کە داوایان کردووە ھەرچوار لایەنە ناڕازییەکە پڕۆژەکەیان بەدەست بگات و دواتر ئەوان بڕیار دەدەن.

لەبارەی ھەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوول، ڕای گەیاند: ”لەبەر ئەوەی دەنگدان مافی خەڵکە، بۆ بەرگریکردن لە پرەنسیپەکانی خۆمان کە دەمێکە داکۆکی لێ دەکەین و پێویستە پارێزگاری لە بنەما و باوەڕەکانی خۆمان بکەین، بەو باوەڕەی ئێستاشمان، حکوومەت و پەرلەمان، پێویستە پەرلەمان و حکوومەتێکی دیکە پێک بھێندرێتەوە، چونکە سێ پێکھاتەی گەورە لە حکوومەت کشاوەتەوە و پەرلەمان بە قۆناغی ناخۆشدا تێپەڕیوە، ئێمە بە پێویستمان زانیوە ھەڵبژاردن بکرێ و لەگەڵ ئەوەین لە کاتی خۆیدا بکرێت. پێشتریش ئەو ھەڵوێستەمان ڕاگەیاندووە“.

باسیشی لەوە کرد کە لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ شاندی پارتی، گفتوگۆیان  لەبارەی کێشەکانی بواری ئەمنی و بابەتی تۆمەتەکانی سەر مەلا سەلیم شووشکەیی کردووە و بڕیارە لەمبارەیەوە کێشەکان چارەسەر بکەن.

ھەر لە پرێس کۆنفرانسەکەدا مەحموود محەمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و گوتەبێژی فەرمیی پارتی ڕای گەیاند: ”لە درێژەی ئەو سەردانانەی بڕیاری سەرکردایەتیی و مەکتەبی سیاسیی پارتیمان بوو بۆ سەردانی لایەنەکان، بە تایبەتی دوای ئەوەی کۆمەڵی ئیسلامی و ھەندێک لایەنی دیکەش، بایکۆتیان شکاند بۆ دانیشتن لەگەڵماندا، سێ تەوەرمان باس کرد کە یەکەمیان پەیوەندیی دووقۆڵیمان بوو، ھەروەھا بابەتی ھەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوول و پێکھێنانی حکوومەتی فیدرالی“.

ڕوونیشی کردەوە، بۆ پەیوەندیی دووقۆڵی، گفتوگۆی تێروتەسەل کراوە کە ”بناغەیەکی باش بوو“ بۆ ئەوەی چاوخشاندنەوە بەو پەیوەندییانەیاندا بکەن و ھۆکارەکانی ھەوراز و نشێویی پەیوەندییەکانیان باس بکەن.

لەبارەی ھەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوولیش، مەحموود محەمەد گوتی: ”پێشتر بۆچوونی برایانی کۆمەڵمان دەزانی کە لەگەڵ ئەوەدان لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدرێ، ئێمەش دەڵێین مادام زۆر گلەیی ھاتە سەر درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، پێویست ناکا دەست بۆ ئەو بابەتە ببەین، بەڵکوو لە ڕێگەی ھەڵبژاردنێکی تازەوە پشتیوانێکی تازە بۆ حکوومەت و پەرلەمان دروست بکەین“.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە ھەوڵی لایەنەکان بۆ دواخستنی ھەڵبژاردن کرد و بە ڕاشکاوانە دووپاتی کردەوە: ”ھەر کەسێک بیەوێ ھەڵبژاردن دوابخرێ، دەبێ بە فەرمی داوا لە سەرۆک وەزیرانی کوردستان بکرێت، بەڵام ھیچ لایەنێک نایەوێ بۆ خەڵک بڵێ نامەوێ ھەڵبژاردن بکرێ، لە ترسی دەنگی خەڵک، بەڵام دەیانەوێ بابەتەکە بخەنە نێو سۆسیال میدیا و ڕاگەیاندن کە ئەمە ڕێگەیەکی ڕاستەقینە نییە“.

پێشتر بەرپرسانی یەکێتی و گۆڕان داوایان کردووە، ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوابخرێت و ئاشکرایان کردووە کە ترسیان ھەیە پارتی ٥٠ + ١ی کورسییەکانی پەرلەمان بەدەست بھێنێت، بۆیە نایانەوێ ھەڵبژاردن بکرێت.





ئەم هەواڵە 3679جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند دیمەنێک لە لافاوەکە فەرەنسا
ڤیدیۆیی .. شەقامی خۆت و چانسی خۆت
ڤیدیۆیی .. ساتی کوشتنی تارا فارس
ھەڵۆیەک ھەوڵی رفاندنی منداڵێک دەدات
چەند دیمەنێکی سامناکی زریان و گەردەلوولەکەی ئەمریکا
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad