English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
نوێترین زانیاری لەسەر کوشتنی دایکێک بە دەستی کوڕەکەی 
2018-09-03 [02:02 AM]

ZNA – ھەولێر 




کاتێک (ئە) باوکی بە کزۆڵی بەسەر ئەو قورئانەوە دەبینێ کە ھەموو بەیانییەک چەند ئایەتێکی لێدەخوێنێتەوە، گلەییەکانی باوکی دێنەوە خەیاڵ کە لە دایکی ھەیە، بۆیە ھەر بەو بەیانییە ھەموو ئەندامانی ماڵەوە دەنێرێتە ماڵی خوشکەکەی و پاشان دایکی خۆی دەکوژێ.

فرمێسک کەلەپچەکانی دەستی (ئە.م) تەڕ دەکەن کاتێک بەدەم گریانەوە باسی تاوانەکەی دەکات و دەڵێت: "نازانم چۆن کوشتم". ئەو گەنجە بەیانیی رۆژی ٢٩/٨/٢٠١٨ لە نێو ماڵی خۆیاندا لە یەکێک لە گەڕەکەکانی ھەولێر تەقەی لە دایکی کرد و کوشتی. دوای رووداوەکەش خۆی و باوکی لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکران.

کاتێک خاوەن مارکێتێکی نزیکی ماڵیان بە (م.ە)ی مێردی ژنە کوژراوەکە دەڵێت: "ژنێک ھەندێک شتی لە مارکێتەکەم بردووە و پارەی نەداوە". ئەو یەکسەر خەیاڵی بۆ لای ژنەکەی خۆی دەچێ. دواتر ئەوە بۆ کوڕەکەی باس دەکات و ئەویش زۆر پێی تووڕە دەبێ.

(ئە،م) تەمەنی ٢٢ ساڵە و خێزاندارە و منداڵێکی ھەیە. پاسەوانی کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەتە. دوای دەستگیرکردنی لەلایەن پۆلیسەوە ، گوتی: "دوو رۆژ پێش رووداوەکە دوکاندارێک بە باوکمی گوتبوو، ژنێک شتی لێرە بردووە و پارەی نەداوە، باوکم بەم قسەیە رووخا، ھەرچەند گوتم بابە خۆ ناوی دایکمی نەھێناوە، بەڵام باوکم گوتی دیارە مەبەستی دایکتە، ئەمە تەواو بێتاقەتی کردم".

قسەی دوکاندارەکە بەردەوام لە مێشکی (ئە)دا دێت و دەچێ، بۆیە بەیانییەک، جگە لە دایکی، داوا لە ھەموو ئەندامانی خێزانەکەی دەکات بچنە ماڵی خوشکەکەی. (ئە) گوتی: "بەھەمووانم گوت ماڵی خوشکەکەم داوەتی کردووین بۆ نانی بەیانی بچنە ئەوێ، ھەموویانم نارد بۆ ماڵی خوشکەکەم".

(ئە) دەچێتە ئەو کۆمپانیایەی کە پاسەوانیەتی، چەکەکەی دەھێنێتەوە و پاشان تەلەفۆن بۆ (م)ی برای دەکات کە ئەویش پاسەوانی کۆمپانیایەکی دیکەیە. (ئە) دەڵێت: "کە گەیشتمەوە ماڵەوە، دایکم تازە لە خەو ھەڵسابوو، لە ژووری میوان لەسەر قەنەفە دانیشتبوو، بە گریانەوە پێمگوت دایکە بۆ وات کردووە، بۆچی شتت ھەڵگرتووە و پارەت نەداوە؟ تاکەی لەگەڵ باوکم رێکناکەوی و ھەموو کات کێشەتان ھەیە؟ بەڵام دایکم نکۆڵی کرد، منیش بەرچاوم تاریک بوو، رووی تفەنگەکەم تێکرد ویستم بیترسێنم، خۆشم نازانم چۆن میلی چەکەکەم ھێنایەوە و تەقەم لێکرد. شۆک بووم و دایکمم نەبینی چی لێھات. لەو کاتەدا برا گەورەکەم ھاتە ژوورەوە و من ھەڵاتم".

دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە، (س)ی دایکی (ئە) دەمرێ، پۆلیس پەیوەندی بە (ئە)وە دەکەن و دەڵێن دایکت بریندارە و وەرە بۆ بنکەی پۆلیس با کێشەکە گەورەتر نەبێ، بەڵام لەگەڵ گەیشتنی لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر دەکرێ.

(ئە) دەڵێت ئەو پێشتریش چەندین ھەڵەی لە دایکی بینیوە، بەڵام قەت دڵی نەھاتووە لە رووی بداتەوە، جگە لەوەی بەردەوام کێشەی لەگەڵ باوکی ھەبووە و داوای زێڕ و پارەی کردووە لە باوکی، ئەویش خانەنشین بووە و نەیدەتوانی ھەموو داواکانی جێبەجێ بکات. (ئە) گوتی: "ئێمە ھەژار نەبووین، خاوەنی خانوو و ئۆتۆمبێلی خۆمان بووین، ھەموومان ھاوکاریمان دەکرد، بەڵام ئەو بەردەوام کێشەی دەنایەوە، باوکم چەندینجار ئاگاداری کردەوە، بەڵام بێسوود بوو".

بەبڕوای پۆلیس ئەو گەنجە پلانی بۆ کوشتنی دایکی داناوە و تاوانەکەی بەھۆی ھەڵچوونێکی لەناکاو نەبووە، چونکە رۆژی رووداوەکە ھەموو ئەندامانی خێزانەکەی ناردووەتە ماڵی خوشکەکەی، دواتر بە چەکەوە گەڕاوەتەوە ماڵەوە.

رائید ھۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی ھەولێر  گوتی : "بەرەبەیانی رۆژی ٢٩/٨/٢٠١٨ گەنجێک بەناوی (ئە،م) تەقە لە دایکی دەکات و دوو گوللەی لێدەدات. رووداوەکە بەھۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بووە و باوکی گەنجەکەش بە تۆمەتی ھاندانی کوڕەکەی بۆ کوشتنی دایکی دەستگیرکراوە".


ی.ا 
سەرچاوە | رووداو 
 





ئەم هەواڵە 13801جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند دیمەنێکی سامناکی زریان و گەردەلوولەکەی ئەمریکا
یەکەم گۆڵی رۆنالدۆ لەگەڵ یانەی یۆڤانتس
منداڵێک بەشێوەیەکی سەرسوڕھێنەر لە رووداوێکی ھاتووچۆ رزگاری دەبێت
پێشبڕکێیەکی ئەسپ سواری کارەساتی لێدەکەوێتەوە
گەنجێک ئافرەتێک لە مردن رزگار دەکات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad