English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
خەزعەلی لاپەڕە رەشەكانی ئێران و موقتەدا سەدر هەڵدەداتەوە
2018-09-04 [06:46 AM]

ZNA- هه‌ولێر


پاش زیاتر لە ١٠ ساڵ، فەرماندەی ناوەندیی ھێزەکانی ئەمریکا فایلەکانی لێپێچینەوە لە سەرکردەیەکی میلیشیایی و سیاسیی عێراقیان بڵاوکردەوە. ئەو دۆکیۆمێنتانە زانیاریی نوێ لەسەر سەرکردەکە و رۆڵی ئێران لە مەشق و پێگەیاندنی گروپە چەکدارە شیعەکانی عێراقدا ئاشکرا دەکات، ھەروەھا ئەوەی کە چۆن ئێران لە ٢٠٠٣ بەدواوە ھەوڵی دروستکردن و بەھێزکردنی ئەو ھێزە میلیشیایانەی داوە کە ئێستا کاریگەریی راستەوخۆیان لە کایە و پرۆسەی سیاسیی عێراقدا ھەیە.

فایلەکانی لێپێچینەوە لە قەیس خەزعەلی، سەرکردەی عەسایبی ئەھلی حەق و فەرماندەی پێشووی جەیشی مەھدی، چەند مانگێک لەمەوبەر مۆڵەتی بڵاوکردنەوەیان وەرگرت، ئاشکراکردنی ئەو فایلانەش لەکاتێکدایە کە عەسایب ئەکتەرێکی سەرەکیی نێو ھەوڵ و مشتومڕەکانی پێکھێنانی حکومەتی عێراقە و لەلایەکی دیکەشەوە ئیدارەی کۆشکی سپی و کۆنگرێس سەرقاڵی تاوتوێکردنی ئەوەن ئاخۆ ئەو گروپە بخەنە لیستی تیرۆرەوە یان نا. (رووداو) چاوی بە بەشێک لەو فایلانەدا خشاندووەتەوە کە لێرەدا پوختەیەکیان دەخەینەڕوو.

بەگوێرەی بەڵگەکانی رۆژانی ٢٣ و ٢٥ی ئاداری ٢٠٠٧، خەزعەلی لەگەڵ موقتەدا سەدر و ژمارەیەک کاربەدەستی دیکەی رەوتی سەدر لە حوزەیرانی ٢٠٠٣ سەردانی ئێرانیان کردووە. سەردانەکە لەسەر بانگھێشتی حکومەتی ئێران و ئامانجیش لێی "ئاشنابوون بە جەیشی مەھدی و نووسینگەی شەھید سەدر" بووە. قاسم سلێمانی میوانداریی شاندەکەی کردووە.

شاندەکە دانیشتنی تایبەتیان لەگەڵ رەفسەنجانی و مەحموود ھاشمی ھەبووە کە تێیدا باسی عێراق، نەجەف و پرسەکانی شیعە کراوە. ئەو کۆبوونەوەیە تەنیا لەبارەی بابەتە گشتییەکانەوە بووە و ھیچ پێشنیازێکی ھاوکاری دارایی و سەربازی تێدا نەکرابوو.

دوای ئەم کۆبوونەوەیە، شاندەکە چاویان بە عەلی خامنەیی، رابەری ئێران و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودس و ژەنەراڵ حاجی یوسفی کەوتبوو کە تێیدا لایەنی ئێرانی ئامادەیی دەربڕیبوو بۆ ئەوەی ھاریکاریی دارایی پێشکەش بە "ئۆپەراسیۆنەکان"ی جەیشی مەھدی و سەدرییەکان بکات و وەک خەزعەلی بۆ ئەمریکییەکانی باسکردووە "لەوکاتەدا موقتەدا سەدر نە پێشنیازەکەی قەبووڵ کرد و نە رەتیشی کردەوە".

خەزعەلی، تەمەن ٤٤ ساڵ، دانی بەوەدا ناوە کە دوای گەڕانەوەیان لە ئێران، سوپای پاسداران پێشنیازی ھاوکاریی مانگانەی ٧٥٠ ھەزار بۆ یەک ملیۆن دۆلاریان بە سەدر کرد، بەڵام سەدر زۆر پەرۆشی سەربەخۆیی و سەروەریی سوپای مەھدی بوو، بۆیەش کۆمەڵێک داواکاری و مەرجی خستبووەڕوو، لەوانەش ئێران ھیچ نفووزێکی بەسەر ئۆپەراسیۆنەکانی جەیشی مەھدی و چۆنێتی خەرجکردنی پارەکەوە نابێ. ئێران بە مەرجەکان قایل بوو. پارەکە لە رێگەی نووسینگەکانی گواستنەوە و گۆڕینەوەی پارەوە رەوانە دەکرا. فەرماندەکەی عەسایب دانی بەوەشدا ناوە کە جارێک ٢-٣ ملیۆن دۆلار بۆ پێویستییە تایبەتەکانی جەیشی مەھدی رەوانە کرابوو.

بەپێی بەڵگەنامەیەکی ٢٩ی ئادار، قەیس خەزعەلی ٥ بۆ ٦ جاری دیکە سەردانی ئێرانی کردبوو، زۆربەی جارانیش چاوی بە حاجی یوسفی دەکەوت کە لە کۆتایی ٢٠٠٣ یان سەرەتای ٢٠٠٤ سەردانی نەجەفی کردبوو بۆ ئەوەی شێوازی گواستنەوەی ھاریکارییە داراییەکان تاوتوێ بکەن.

قاچاخی چەک

لە بەڵگەنامەیەکی لێپێچینەوەی ٢٩ی ئاداری ٢٠٠٧دا خەزعەلی باسی چۆنێتی گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی لە ئێرانەوە بۆ گروپە میلیشیاییەکان دەکات. چەکەکان بە خۆڕایی دەنێردران و ھەر فەرماندەیەک خۆی بەرپرس بوو لەوەی داوای ئەو چەکانە بکات کە گروپەکەی پێویستی پێیە، بەڵام "بە دەگمەن چەکەکان ئەو چەکانە بوون کە داوایان کردبوو، چونکە ئێران خۆی بڕیاردەر بوو لەوەی چ چەکێک بنێرێ".

لە دۆکیۆمێنتێکی ٣٠ی ئاداری لێپێچینەوەکاندا باس لەوە دەکرێ کە بۆمبە چێنراوەکان بەشێوەیەکی سەرەکی بە زۆنگاوەکانی پارێزگای میساندا دەگوازرانەوە. عەشیرەتەکانی ئەو ناوچەیەش ئەرکی گواستنەوەکەیان دەگرتە ئەستۆ، لەبەر ئەوەی ئەمە تاکە رێگەی پەیداکردنی داھاتی ئەو عەشیرەتانە بووە. لەو دۆکیۆمێنتەدا، خەزعەلی دانی بەوەدا ناوە کە جۆرە ئاڵۆز و پێشکەوتووەکانی بۆمبی چێنراو و راھێنانە پەیوەندیدارەکانیان تەنیا پێشکەش بەو میلیشیایانە دەکرا کە جێی متمانەی ئێران بوون. زۆرجاریش عەشیرەتەکان چەکەکانیان لە ئێران دەکڕییەوە و دواتر لە شارەکانی باشووری عێراق بە گروپە میلیشیاییەکانیان دەفرۆشتن، یان رۆڵی لۆجیستیکیان دەگێڕا و لەبەرامبەر پارەیەکدا چەکەکانیان بۆ گروپێکی دیاریکراو دەبرد.

سوپای مەھدی و گروپە تایبەتەکان (کە بە دەستپێشخەریی سەدر دروستکرابوون) ژمارەیەکی "سنووردار" لەو بۆمبەیان وەرگرتبوو، بەڵام زۆربەی ئەو جۆرە بۆمبانە بۆ ئەو گروپانە دەچوون کە لە بەڵگەنامەکەدا بە "گروپەکانی خومەینی" (واتە نزیک لە ئێران) ناویان دەبردرێ.

مەشق و راھێنان لە ئێران

لە بەڵگەنامەیەکی دانپێدانی خەزعەلیدا باسی کەمپەکانی مەشقی گروپە چەکدارە شیعەکانی عێراق لە ئێران دەکرێ. بەڵگەنامەکە رێککەوتی ٢٦ی ئاداری لەسەرە و تێیدا ھاتووە کە فەرماندەی گروپە میلیشیاییەکە پەیوەندی بە فەرماندە ئێرانییەکەی خۆیەوە دەکات، ئەویش کات و خاڵی سنووری پەڕینەوەی چەکدارەکان و شێوازی گواستنەوەی ھەرکام لە گروپەکان دەستنیشان دەکات کە زۆربەی جاران لە ١٠ بۆ ٢٠ چەکدار پێکدەھات.

بەگوێرەی بەڵگەنامەکە، سێ کەمپی راھێنانی چەکدارە عێراقییەکان لە ئێران ھەبووە و پێنج فەرماندەی سوپای پاسداران سەرپەرشتی کەمپەکان و مەشقەکانیان دەکرد. خەزعەلی تەنیا ناوی دوو فەرماندەی لەبیرە کە لە بەڵگەنامەکەدا رەشکراونەتەوە، تەنیا ناوی یەک کەمپی مەشقیشی لەبیر مابوو کە ناوی "کەمپی ئیمام خومەینی" بووە.

لە بەڵگەنامەیەکی ٢٥ی ئاداردا خەزعەلی جەخت لەوە دەکاتەوە کە ھەموو ئەو گروپانەی لە عێراق شەڕ دەکەن، مەشق و راھێنانیان لە ئێران وەرگرتووە، بە ئەلقاعیدەشەوە.

کۆمپانیاکانی رەوتی سەدر

لە یەکێک لە بەڵگەنامەکاندا، کە بەرواری یەکی نیسانی ٢٠٠٧ی لەسەرە، خەزعەلی باسی لیژنەی دارایی رەوتی سەدر دەکات کە ژمارەیەک زۆر کۆمپانیا و بەرژەوەندیی دارایی لە عێراق ھەیە. ئەو کۆمپانیایانە لەگەڵ ژمارەیەک رێکخراودا گرێبەستیان ھەیە و تەنانەت لە رێگەی وەزارەتەکانیشەوە گرێبەست لە حکومەت وەردەگرن. خەزعەلی ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە کە ئەو پارەیەی لەو رێگەیەوە دەست نووسینگەی سەدر دەکەوت زۆر لەوە زیاتر بووە بتوانن مەزەندەی بکەن.

وەک لە بەڵگەنامەیەکی ٢٥ی ئاداری ٢٠٠٧دا ھاتووە، کاتێک رەوتی سەدر لەدوای ھەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٥ پۆستی وەزارییان لە حکومەتی عێراقدا بەرکەوت، دەسەڵاتی خۆیان لەو وەزارەتانە بەکاردەھێنا بۆ ئەوەی گرێبەست و تەندەرەکان بۆ کەسانی سەر بە رەوتی سەدر بن، تەنانەت ئەگەر ئەو گرێبەستە قازانجی بۆ وەزارەتەکەش تێدا نەبووبێ. خەزعەلی پێیوایە بەشێک لە قازانجی ئەو گرێبەستانە بۆ سندوقەکانی ئۆفیسی سەدر لە نەجەف دەگوازرانەوە.

خەزعەلی لە ساڵی ٢٠٠٤ بە کردەوە لە جەیشی مەھدی دوورخرایەوە، لەبەر ئەوەی فەرمانی تاکڕەوانەی دەرکردبوو، گروپێکی تایبەت بە خۆیشی لەناو "گروپە تایبەتەکان"ی سەر بە سەدردا دروستکردبوو. خەزعەلی لە ئاداری ٢٠٠٧ دا لە بەسرە لەلایەن ھێزەکانی ھاوپەیمانانەوە دەستگیرکرا و نزیکەی سێ ساڵ لە گرتووخانەدا مایەوە.

 
سه‌رچاوه‌: رووداو





ئەم هەواڵە 5185جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند دیمەنێک لە لافاوەکە فەرەنسا
ڤیدیۆیی .. شەقامی خۆت و چانسی خۆت
ڤیدیۆیی .. ساتی کوشتنی تارا فارس
ھەڵۆیەک ھەوڵی رفاندنی منداڵێک دەدات
چەند دیمەنێکی سامناکی زریان و گەردەلوولەکەی ئەمریکا
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad