English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
گوتەبێژی پارتی: لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر خاڵی زۆر گەورە و بەرژەوەندی گشتی و نەتەوەیی و نیشتمانی هاوڕاین
2018-09-04 [12:54 PM]

ZNA- هەولێر


 

دوای کۆبوونەوەی نێوان شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، لە سلێمانی، گوتەبێژی مەکتەبی سیاسی پارتی رایگەیاند، ھیچ گرفتێکی تەکنیکی بوونی نییە و لەگەڵ ئەوەدان ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت.

 

کۆبوونەوەی شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و عومەر سەید عەلی، رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان کۆتاییھات.

 

لە دوای کۆبوونەوەکە، ھەریەک لە شۆڕش حاجی، گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان و مەحموود محەمەد، گوتەبێژی مەکتەبی سیاسی پارتی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەشدا، ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان خستەڕوو.

 

سەرەتا شۆڕش حاجی، رایگەیاند، ئەوان تێبینییان لەسەر تۆماری دەنگدەران ھەیە و بە گوتەی خۆی بێگەرد نییە و ناکرێ ھەڵبژاردنی تێدا بکرێت.

 

ھاوکات دووپاتی لەوەش کردەوە، ساڵی رابردووش ئەوان لەگەڵ درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان نەبوونە و ھەموو کاتێک لەگەڵ ئەوەدان ھەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا بکرێت.

 

لای خۆیەوە، مەحموود محەمەد، سووربوونی حزبەکەی لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردن دووپات کردەوە و رایگەیاند، کارە تەکنیکییەکانی کۆمیسیۆن تەواو بوونە و تەواوی رێکار و ھەنگاوەکان بەڕێوەچوونە و ھیچ گرفتێکی ئەوتۆ لە پێشدا نییە تا ھەڵبژاردنی بۆ دوابخرێت.

 

روونیشی کردەوە، ھەموو ئەگەرەکان لە بارن بۆ ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا، کە بڕیارە لە ٣٠ی ئەیلوولی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت.

 

مەحموود محەممەد، دەڵێت: "ئێمە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر خاڵی زۆر گەورە و بەرژەوەندی گشتی نەتەوەیی و نیشتمانین، لەوانەیە کێشەیەکی ئەوتۆمان نەبێت، لەوانە لەسەر ھەندێک خاڵی دیکەی چۆنیەتی سیاسەتکردن لەناو کوردستاندا ھەندێک وەکو یەک بیرنەکەینەوە، ئەمەش شتێکی زۆر ئاساییە، ئەو حیزبانە بۆیە دامەزراون، کە بیرو بۆچوون و دیدیان لەسەر ھەندێک بابەت وەکو یەک نییە، خۆ ئەگەر ھەموو شتەکانیان وەکو یەک بێت دەبوونە یەک حیزب، بۆ ئەو مەبەستە دەبێت پەیوەندی ھەبێت، یەکتربینین ھەبێت، باسی ئەو  بابەتەمانکردووە، لەوانەیە لیژنەی ھاوبەش لە نێوان ھەردوولامان دیاریبکرێت بۆ زیاتر گفتوگۆ و شیکردنەوەی ئەم بابەتە و زیاتر لێک نزیکبوونەوە و زانینی بیروڕای یەکدی لەسەر کۆی پرۆسەی سیاسی کوردستانی و عێراقی".

 

سەبارەت بە پرۆسەی سیاسی لە عێراقیش، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئێمە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە لیژنە و پڕۆژەی ھاوبەش لە بەغدا ئامادەییمان ھەیە، تاوەکو ئێستا لەگەڵ ھیچ لەو دوو کوتلەیەی رایانگەیاندووە ساخ نەبووینەتەوە، چونکە ئێمە پڕۆژەیەکمان ھەیە و دید و بۆچوونی خۆمان ھەیە لەسەر بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان و مافە دەستوورییەکانی کە ھەمانە، بۆیە ماوەتەوە، ئەوەمان لەگەڵ برایانی بزووتنەوەی گۆڕان باسکرد، ھەرچەندە ئەوان بەشداری کۆبوونەوەی پەرلەمانیان نەکردووە، بەڵام بەلای ئێمە و دیدی ئێمە دەبێت ھەموومان پێکەوە بەشداری بکەین، ئەو بەشداریکردنەمان بۆ ئەوەی قورساییەکی زیاتر بداتە کوردستان و ھێز ھەبێت بۆئەوەی بەرگری ئەو تەحەدیاتانە بگرین کە دەتوانم بڵێم لەمەودوا زیاتر رووبەڕوومان دەبنەوە".

 

سەبارەت بە پرسی ھەڵبژاردنی کوردستان، مەحموود محەممەد، دەڵێت: "ئێمە رامانگەیاندووە کە کاتی خۆی ئەم درێژکردنەوەیەی تەمەنی پەرلەمان کارێکی باش نەبوو، لە کاتێکی باشیشدا نەبوو، بەھاری رابردوو کاتی ئەوەبوو ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، بەڵام بەداخەوە لەبەر ئەوەی ھەندێک لەلایەنەکان وا پێشبینیان کرد کە ئەگەر بۆ ماوەیەک دوا بکەوێت باشترە، بەھەرحاڵ پارتیش رەزامەندی لەسەر پیشاندا، ئێستاش پێشبینی دەکەین کەشوھەوایەکە لەباربێت بۆ ھەڵبژاردن، چونکە گرفتی تەکنیکیمان نییە، کۆمیسیۆن رایگەیاندووە ھەموو رێکارە تەکنیکییەکان و یاساییەکانی ئەنجامداوە، سەرەڕای ھەموو ئەمانەش تەفەھومی بۆچوون و دیدەکانی بزووتنەوەی گۆڕان دەکەین، بڕیارمانداوە پەیوەندیمان زیاتر بێت و یەکدی زیاتر ببینین، کۆبوونەوەکانمان بۆ مەبەستی چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەبێت کە بەشێکی ئێمە بە گرفتی ھەموو کوردستانی دەزانین، بەشێکیشی بزووتنەوەی گۆڕان بە گرفی ھەموو کوردستانی دەزانێت".





ئەم هەواڵە 4009جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند دیمەنێک لە لافاوەکە فەرەنسا
ڤیدیۆیی .. شەقامی خۆت و چانسی خۆت
ڤیدیۆیی .. ساتی کوشتنی تارا فارس
ھەڵۆیەک ھەوڵی رفاندنی منداڵێک دەدات
چەند دیمەنێکی سامناکی زریان و گەردەلوولەکەی ئەمریکا
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad