English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
دیندار زێباری:  ئاژانسەکانی یوئێن رۆڵی کاریگەری هەرێمیان پیشان نەداوە
2018-09-05 [11:42 AM]

ZNA - هه‌ولێر


له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ ئاژانسی هه‌واڵی زاگرۆس نێردراوه‌، تێیدا، دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم نیگەرانی خۆی دەربڕیوە بەوەی هەوڵ و ماندووبونەکانی حکومەتی هەرێم لە بەرچاو ناگیردرێت و هاوکارییەکان بۆ یارمەتیدانی ئاوارە وپەنابەران لە هەرێم لاوازتر بووە بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی هێشتاش زیاتر لە ملیۆنێک ئاوارە و پەنابەر دانیشتووی هەرێمن.

ئه‌مه‌ش دەقی لێدوانەکەی دیندار زێباریه‌:

رۆژی ٨ی ئابی ٢٠١٨، یان کوبیش، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی و سەرۆکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق (یونامی) وتاری وەرزی خۆی سەبارەت بە رەوشی عێراق پێشکەش بە ئەنجومەنی ئاسایش کرد. لە وتارەکەیدا یان کۆبیش بە شێوەیەکی روون و شەفافانە باسی لەو ئاستەنگ و قەیرانانە نەکردووە کە حکومەتی هەرێم رووبەرووی بووەتەوە، ئەگەر چی دروستتر وابوو یوئێن لەو راپۆرتە وەرزیانەی پێشکەش بە ئەنجومەنی ئاسیش و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکات هەڵوێستەکانی هەرێم و ئەو سەختی و بارگرانییەی کەوتووەتە سەرشانی روونتر و شەفافانەتر ئاراستە بکات، بەتایبەتی نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی و سەرۆکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق کە لە عێراقە بۆ ئەوەی لەرووی ئابووری و سیاسییەوە ئاستەنگەکان وەک خۆی پێشکەش بکرێت"

یوئێن لە ماوەی رابردوودا نەیتوانیوە رۆڵی کارا بگێڕێت لە چارەسەر کردنی گرفتەکانی نێوان هەرێم و بەغداد بەتایبەتی لەرووی سەقامگیری، ئەمنی، سیاسی و ئابووری هەروەها رۆڵێکی گرینگی نەبووە بۆ هاندن لە جێبەجێکردنی مادە دەستووریەکان. لەم ماوانەی دوایدا و لەو گرژی و ئاڵۆزیانەی روویدا بە داخەوە لایەنەکانی یونامی واقعی هاووڵاتیانی سڤیلیان پێشکەش بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی نەکردووە و رۆڵی کارایان نەبووە لە هاندانی لایەنە عێراقییەکان بۆ پابەند بوون بە پرینسیپە ناوخۆی و نێودەوڵەتییەکان.

ئەوەی شایەنی باسە ئەوەیە لەلایەن هاووڵاتیانی هەرێم گلەییەکی زۆر هەیە لەرووی دامەزراندن و سوود وەرگرتن لە رێژەی ئەو هاووڵاتیانە کە لە هەرێم نیشتەجێن وەک کارمەند لەناو دامودەزگاکانی یونامی و ئاژانسەکانی یوئێن. لەم رووەوە حکومەتی هەرێم وەک هاوبەشێکی کارا رۆڵی پێنەدراوە کە بتوانێت زامنی بەشداری هاووڵاتیانی هەرێم بێت لە دامەزراندنیان لە دامودەزگاکانی یونامی و ئاژانسەکانی یوئێن بەڵکو زۆرینەی ئەو کەسانەی کارمەندن کەسانێکن لە دەرەوەی هەرێم هێندراون ئەمە لە کاتێکدایە یونامی بارەگای دیکەی لە بەغداد و بەسڕە هەیە.

لە کاتی پێشکەشکردنی راپۆرتەکانیان یونامی و ئاژانسەکانی یوئێن بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەرووی مرۆییەوە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم و رۆڵی هەرێم بەرجەستە ناکرێت بەتایبەت لەرووی حەواندنەوەی ئاوارە و پەنابەران، هەروەها نەتواندراوە هاوکاری جددی حکومەتی هەرێم بکرێت لەرووی دابین کردنی بوودجەوە و ئەو هاوکاریەش کە کراوە لەرێگای خودی ئاژانسەکانەوە پێشکەش کراوە بەبێ لەبەرچاوگرتنی ستراتیژیەت و نەخشەڕێگای تایبەت وە دەستنیشانکردنی ئەولەویات لە ناوەوە و دەرەوەی کەمپەکان. زۆرینەی ئەم ئاژانسانە ئیستا هاوکارییەکانیان چڕکردووەتەوە بەڵام لە ناوچەکانی دیکەی عێراق نەک لە هەرێم، ئەوەشیان پشتگوی خستووە کە زۆرینەی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستانن و تا ئێستا نەگەراونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان تەنانەت پاش رزگارکردنی ناوچەکانان بۆ نموونە زیاتر لە ٣٦٠ هەزار کوردی ئێزیدی ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوونە و پاش رزگار کردنی ناوچەکانیان تەنها ٣٥ خێزان لەوان گەراونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و ئەوانی دیکە لە هەرێم ماونەتەوە ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە پێویستە هاوکارییەکان بەردەوام بن بۆ ئەوانەی ئاوارەن لە هەرێم.

بە هەمان شێوە پەنابەرانی رۆژئاوا، ئاژانسەکانی یوئێن خەریکن ئەو هاوکاریانەی کە هەیانە کەمی بکەنەوە بەتایبەتی لەرووی تەندروستی و پەروەردەوە، گوایە لایەنە کۆمەکبەخشەکان لەژێر فشاری حکومەتی ئیتحادی بۆ ساڵی داهاتوو هاوکارییەکان بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق دەبەن ئەمەش لە کاتێکدایە کە زیاتر لە ملیۆنێک ئاوارە و پەنابەر دانیشتووی هەرێمی کوردستانن. هەر بۆیە لەم رووەوە حکومەتی هەرێم لە بودجە و میزانییەی خۆی و بە بەکارهێنانی دامودەزگاکانی خۆی کە ژمارەیەکی زۆر کەوادیری حکومی تێدان خەریکی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە لەرووی کارەبا، پەروەردە، رێگا و بان، ئەمنی ..هتد.

لە کۆتاییدا داواکارین لە یوئێن و ئاژانسەکانی پشتگیری لە حکومەتی هەرێم و هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم بکەن لەرووی مرۆییەوە لە هەمان کاتیشدا رۆڵێکی کاریگەرتریان هەبێت و هاوکار بن بۆ چەسپاندنی ئاشتی و پێکەوە ژیان.  





ئەم هەواڵە 3331جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند دیمەنێک لە لافاوەکە فەرەنسا
ڤیدیۆیی .. شەقامی خۆت و چانسی خۆت
ڤیدیۆیی .. ساتی کوشتنی تارا فارس
ھەڵۆیەک ھەوڵی رفاندنی منداڵێک دەدات
چەند دیمەنێکی سامناکی زریان و گەردەلوولەکەی ئەمریکا
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad