ZNA-ههولێر
چەند سەرچاوەیەک لە ئدلبەوە رایانگەیاندووە رۆژی ھەینیی چەندین فڕۆکە چەند شوێنێک لە ئدلبیان بۆدومانکردووە کە بە ئەگەری زۆر فرۆکەی رووسیا بوون.
ھاوکاتیش ھەواڵێک ھەیە کە ئاشکرای دەکات لە پەراوێزی کۆبوونەوە سێقۆڵییەکەی تاران، ئەردۆغان داوای لە پۆتین کردووە پێشگیریی بکات لە ھێرشی بەربڵاو بۆسەر ئدلب، بەڵام پۆتین داواکەی ئەوی رەتکردووەتەوە.
ئەگەری ھەیە ئەو بۆردومانە ئاسمانییانە ببن بە رێگەخۆشکەری ھێرشێکی بەرفراوانی زەمینیی کە ھێزەکانی حکومەتی سووریا بە ھاوکاریی ئێران و رووسیا خۆیان بۆی ئامادە کردووە، بە مەبەستی ئەوەی دوایین بنکەی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لەدەست ئەو گرووپانە وەرگرنەوە.
رێکخراوەکانی چاودێری بارودۆخی سووریا دەڵێن ھێرشەکانی رۆژی رابردووی فڕۆکەکانی رووسیا بۆسەر بنکەی گروپەکانی " تەحریر شام " و " ئەحرار شام " بووە کە ھەردووکیان لە گروپە توندڕەوەکانی دژی بەشار ئەسەدن.
لە چەند رۆژی رابردووشدا باس لەوە کراوە کە فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا نزیکەی ٣٠ ھێرشی ئاسمانییان بۆسەر بنکەی گروپەکانی ئۆپۆزیسۆن لە پارێزگای لازقییە ئەنجامداوە.
گروپەکانی تەحریر شام و چەندین گروپی ئۆپۆزیسیۆنی دیکەی ئەم وڵاتە کە لەلایەن حکومەتی تورکیاوە پشتیوانییان لێدەکرێت، رایانگەیاندووە ئەوان ئامادەن بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو ھێرشانەی حکومەتی سووریا و ھاوپەیمانەکانیان.
سەرچاوە / بی بی سی
ئەم هەواڵە 5824جار خوێندراوەتەوە |