ZNA - ههولێر
سەبارەت بە بۆمبباراكردنی بارەگاكانی حزبی دیموكراتی ئێران (حدكا) و حزبی دیموكراتی كوردستان (حدك) لە كۆیە، سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە.
ئەمەش دەقەكەیەتی:
ئەمڕۆ ۸/۹/۲٠۱۸، هێزەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران بارەگاكانی حزبی دیموكراتی ئێران (حدكا) و حزبی دییموكراتی كوردستان (حدك)یان لە قەزای كۆیە بۆمبباران كرد و بووەهۆی شەهیدبوونی چەند كەسێك و برینداربوونی ژمارەیەكی دیكە.
بەناوی خۆمان و پەرلەمانی كوردستانەوە ئیدانەی ئەم بۆمببارانە دەكەین و داواكارین هەرچی زووە پێشیلكردنى سەروەریى خاكى عێراق و هەرێمى كوردستان بوەستێندرێت. لە هەمان كاتیشدا ناڕەزاییی خۆمان دەردەبڕین لە بەكارهێنانی خاكی هەرێمی كوردستان بۆ هێرشكردنەسەر وڵاتانی دراوسێ و هەر هەوڵێكی هاوشێوە كە ببێتە پاڵنەرێك بۆ تێكدانی سەقامگیریی لە هەرێمی كوردستان و داواكارین رێز لە سەروەری و یاساكانی هەرێمی كوردستان بگیرێت.
پرسەو سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەى كەسوكاری قوربانییانی ئەم بۆمببارانە دەكەین و هیوای زووچاكبوونەش بۆ بریندارەكان دەخوازین. داواش لەلایەنە پەیوەندیدارەكانى حكوومەت دەكەین هەرچی زووە فریاى لێقەوماوان بكەون.
سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان
٨/٩/٢٠١٨
ئەم هەواڵە 4660جار خوێندراوەتەوە |