English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ئێران گۆڵی لە خۆی کرد!
2018-09-09 [07:53 AM]

نووسینی: شاخەوان برایم عەبدوڵڵا


بەدرێژایی مێژوویی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی گەلی كوردستان، حیزبە سیاسییەكان و خەڵكی كوردستانیش بەگشتی دەیان و هەزاران رووداوی لە شێوەی هێرشەكەی رۆژی شەممە9-8-2018ی كۆیەی سەر بارەگەكانی هەردوو حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و حیزبی دیموكراتی كوردستان خراپتریشی دیوە، بەڵام هەم بزووتنەوە رزگاریخوازییەكەی و هەمیش گەلی كوردستان ماونەتەوە، راستە قوربانی زۆر دراوە و میللەتێكیش ئەشكەنجەی رۆحی و جەستەیی بینیوە بەدەست وڵاتانی داگیركەرەوە، بەڵام سەرئەنجام ئێستا نەتەوەیەك بەناوی كورد هەیە.

دروستە لەم هێرشەشدا چەند پێشمەرگە و ئەندامێكی هەر دوو حیزبی دیموكرات لە كۆیە شەهیدبوون و بریندارێكی زۆریش هەن، دەكرێ ئەمە بۆ چەند مانگێك كۆستێكی گەورە بێت و هاوكات جێی گومانیش بێت كە چۆنچۆنی لە ناو قووڵایی خاكی هەرێمی كوردستانەوە رووداوێكی لەمجۆرە روویداوە، لە كاتێكدا دەگوترێت هیچ فڕۆكەیەكی بێفڕكەوان لە ئێرانەوە ئەو تاقەیەی نییە بگاتە كۆیە! ئەمە پرسێكی دیكەیە و جێی گومانە.

هەر دوای رووداوەكەش كۆی فۆكەس و بەیاننامەی حیزب و رێكخراوەكان و بەتایبەتی هەردوو حیزبی دیموكرات، ئێران بە ئەنجامدەری ئەو بۆردوومانە تۆمەتبار دەكەن، گریمان ئێران بێبەری خۆشی لەو هێرشە راگەیاند، كە پێشبینی دەكرێ بڵێ ئێمە ئەنجاممان نەداوە، بەڵام ئەم قسەیە سوودی نییە، ئەو رووداوەش لە كاتوساتێكی هێندە هەستیاردایە بۆ ئێران، جگە لە زیانێكی گەورە بۆ خۆدی تاران، هیچ سوودێكی دیكەی بۆی نییە، راستە توانی چەند كەسێك شەهید بكات، بەڵام سەرئەنجام ئەو دوو حیزبە بە هۆی بۆردوومانێكی لەم جۆرە كۆتاییان نایەت، لەوانەیە بەهێزیشیان بكات! بەڵام ئەو ئێرانە بەو كردەوەیەی گەورەترین بیانووی دایە دەست ئەمەریكای نەیاری، بەوەی ئەمەریكا هەر خۆی لە كەمیندایە بۆ ئێران تا بیانووێكی پێ بكرێت، بەتایبەتی هەر ئەمڕۆ لە سێدارەدانی رامین حوسێن پەناهی و دوو كەسی دیكەشی راگەیاند، ئەم دوو رووداوە بە لای ئەمەریكاوە گرنگدەبن، بەوەی لە لێدوان و هەڵوێستە سیاسییەكانی واشنتۆن دژی ئێران بەكاردەهێندرێت، بۆیە پێشبینی دەكرێت لە ماوەیەكی كەمدا واشنتۆن هەڵوێستی توند بنوێنێت دژ بە ئێران و هاوكات تۆمەتباریشی بكات بە كوشتنی بە كۆمەڵ و هاوكات سنووربەزاندنی دەوڵەتی عێراقیش ئەگەرێكی ترە، چونكە ئێستا عێراق و هەرێمی كوردستان لە ناو بازنەی سیاسەتەكانی ئەمەریكادان و هەر دەستوەردانێكیش لە عێراقدا وەك هەڕەشە بۆ پێگەی خۆی دەبینێت.

كەوایە ئەو رووداوە هیچ جۆرە سوودێكی سیاسی و ئەمنی بۆ ئێران نابێت، بەوەی ئەو دوو حیزبە كۆتاییان نایەت و هاوكات بیانووێكی گەورەش درایە ئەمەریكا بەوەی ئێران بەڕاستی جێی مەترسییە لە ناوچەكەدا و دەستوەردان لەسەر خاكی وڵاتانی دیكە دەكات، هاوكات رەنگە واشنتۆن ئەو كەیسە تێكەڵ بكات بە بە كەیسی دەستوەردان لە كاروباری سووریاش، چونكە هەر خۆی ئەمەریكا زۆرترین رەخنەی لە ئێران هەیە، بەوەی دەستوەردان دەكات و پاڵپشتیی گرووپە توندڕۆكان دەكات، ئەو گرووپانەی بوونەتە هۆی نائارامی لە ناوچەكەدا.

بەگشتی ئەو رووداوە جارێكی دیكە ئێران دەخاتەوە ناو بازنەی دژایەتییەكانی واشنتۆن و هاوكات ئەگەری سزادانیش هەیە، بەوەی ئێران بە كۆمەڵكوژی دیموكراتەكان تۆمەتبار بكات، بەتایبەتی كاتێك ئەو دوو حیزبە لەناو خاكی باشووری كوردستانن، واتە لە ئێران نین، هێرشكردنە سەر ئەو دوو حیزبەش، هەم پێشێلكاریی سنووربەزاندنە و هەمیشە هەوڵی كۆمەڵكوژییە، بەگوێرەی زانیارییەكانیش بارەگەكانی ئەو دوو حیزبە كەسوكاری پێشمەرگەكانیشیان تێدا نیشتەجێن، واتە هەم بارەگەی حیزبین و هەمیش وەك كەمپی پەنابەری سیاسی وان، كەوایە دووجار تاوانباربوونی ئێرانی لێدەكەوێتەوە، جارێك سنووری بەزاندووە و لەناو خاكی وڵاتێكی دراوسێیدا خەڵكی شەهیدكردووە، هاوكات كەمپی پەنابەرانی سیاسیشی كردووەتە ئامانج كە لە هەموو دونیادا كەمپی پەنابەرانی سیاسی گرنگی و رێزی تایبەتی خۆی هەیە و لەسەر حكوومەتی وڵاتەكە و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش پێویستە ژیانی ئەو خەڵكانە بپارێزێت كە لەناو كەمپدان، بەڵام ئەوەتا ئێران ئەو بیانووە گەورەیەی دایە دەست كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئیدی دەبێ چاوەڕێی ئەنجامەكانی ئەو گۆڵە بكات كە لە خۆی كرد!





ئەم هەواڵە 454جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند دیمەنێک لە لافاوەکە فەرەنسا
ڤیدیۆیی .. شەقامی خۆت و چانسی خۆت
ڤیدیۆیی .. ساتی کوشتنی تارا فارس
ھەڵۆیەک ھەوڵی رفاندنی منداڵێک دەدات
چەند دیمەنێکی سامناکی زریان و گەردەلوولەکەی ئەمریکا
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad