English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
سه‌رۆك بارزانى كوردستانێكى به‌هێزترى ده‌وێت
2018-09-11 [08:35 AM]

نووسینی: دڵشاد مەولوود گەردی


هه‌ميشه‌ سه‌رۆك بارزانى گه‌وره‌تر له‌ حزب بيرى كردووه‌ته‌وه‌ و هه‌ڵبژاردنه‌كانى 1992 و 2009ش سه‌لماندى كه‌ جه‌نابى سه‌رۆك بارزانی  له‌ رووى جه‌ماوه‌رييه‌وه‌ له‌ سه‌رووى حزب و ئينتيماى حزبايه‌تييه‌ و ئه‌و وه‌ك ته‌نيا سه‌ركرده‌ى كاريزمى كوردستان، خاوه‌نى به‌رفراوانترين پێگه‌ى جه‌ماوه‌رى و نه‌ته‌وه‌ييه‌.

له‌ وتارى ئه‌مڕۆ ١١-ئەیلولی٢٠١٨ جه‌نابى سه‌رۆك بارزانيدا كه‌ به‌ بۆنه‌ى ده‌ستپێكى هه‌ڵمه‌تى بانگه‌شه‌ى ليستى 183ى پارتى ديموكراتى كوردستان پێشكه‌شيكرد، سه‌رۆك مسعودبارزانی جه‌ختى له‌ سه‌ركه‌وتنى زياتر و به‌هێزترى پارتى ديموكراتى كوردستان كرده‌وه‌، به‌ جۆرێك پارتى دواى هه‌ڵبژاردن بتوانێت حكومه‌تێكى به‌هێز درووست بكات.

بارزانی نه‌يشارده‌وه‌، كه‌ پارتى ئه‌گه‌ر به‌هێزتر بێت كوردستان به‌هێزتر ده‌بێت و سه‌نگى پارتى پارێزه‌رى بنه‌ماكانى نه‌ته‌وه‌ و زامنى به‌ديهێنانى ئاواتى نه‌ته‌وه‌كه‌مان و پاراستنى ده‌ستكه‌وت و سه‌روه‌رييه‌كان و شكۆى خاك و خه‌ڵكى كوردستانه‌.

سه‌رۆك بارزانی روونيكرده‌وه‌، كه‌ هه‌ندێك له‌ ناحه‌زان خه‌ونى ئه‌وه‌يان ده‌بينى پارتى له‌ناو به‌رن، به‌ڵام له‌ 12ى ئاياردا و له‌ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراقدا، جه‌ماوه‌رى پارتى و خه‌ڵكى كوردستان به‌ به‌خشينى متمانه‌ى خۆيان به‌ پارتى ده‌ريانخست، كه‌ پارتى حزبى ژماره‌ يه‌كى نه‌ك كوردستان، به‌ڵكو عێراقه‌ و به‌مه‌ش ئه‌و خه‌ونه‌ى دوژمنانى كورد و كوردستان به‌ ته‌واوى له‌ گۆڕنرا.

سه‌رۆك بارزانی هيچ كاتێك خۆى نه‌خستووه‌ته‌ سه‌نگه‌رى حزبى بوونه‌وه‌ و ئه‌و گه‌وره‌تر له‌ حزب و له‌ پێناو خه‌ون و ئاواتى نه‌ته‌وه‌كه‌يدا تێكۆشاوه‌ و هه‌موو فشاره‌ ناوخۆى و ده‌ره‌كييه‌كان وايان لێ نه‌كردووه‌، سه‌نگه‌رى نيشتيمانى و پارێزگارى له‌ شكۆى كوردستان و پرسه‌ نه‌ته‌وه‌ييه‌كان له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندى حزبى به‌جێبهێڵێت، به‌ڵام كاتێك پيلانگێڕان له‌ ئارادا بێت بۆ لاوازكردنى ئه‌و پارته‌ى زياتر له‌ حه‌فتا ساڵه‌ خه‌بات ده‌كات بۆ به‌ديهێنانى ئامانجى سه‌ربه‌خۆيى كوردستان، ئه‌وا سه‌رۆك بارزانی وه‌ك پێشمه‌رگه‌ و پارێزه‌ر و رابه‌ر و سه‌ركرده‌ و ميراتگرێكى راسته‌قينه‌ى رێبه‌رانى شۆڕشى كوردستان هه‌ر له‌ سه‌يد عوبه‌يدوڵڵاى نه‌هرييه‌وه‌ تا مسته‌فا بارزانى نه‌مر، به‌رگرى له‌ سه‌روه‌ته‌ نه‌ته‌وه‌ييه‌كه‌ى كورد كه‌ پارتييه‌ ده‌كات و داواى به‌هێزتربوونى پێگه‌ و بنكه‌ى جه‌ماوه‌رى و شه‌رعييه‌تى ده‌ستوورى پارتى ديموكراتى كوردستان ده‌كات، ئه‌مه‌ش نه‌ك له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندى حزبيانه‌دا، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌و راستييه‌ حاشا هه‌ڵنه‌گره‌ى كه‌ پارتييه‌ قوربانى بۆ مانه‌وه‌ى كوردستان و سه‌ركه‌وتنى حكومه‌ت و ئه‌زموونى ديموكراسى و پێكه‌وه‌ ژيان له‌ كوردستان داوه‌ و ئه‌گه‌ر دوێنێ له‌ پردێ و سحێلا پارتى به‌ره‌نگارى په‌لامارى دوژمنان نه‌بوبا، ئه‌وا وه‌ك سه‌رۆك بارزانی  باسيكرد، ره‌نگه‌ ئه‌مڕۆ كه‌سانێكى دژ به‌ كورد و كوردستان له‌ هه‌ولێر حوكميان كردبا. 

له‌ وتاره‌كه‌يدا سه‌رۆك مسعودبارزانی به‌ بێ ئه‌وه‌ى ناوى هيچ لايه‌نێك بهێنێت و به‌ بيرى خه‌ڵكى كوردستانى هێنايه‌وه‌، كه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاى شۆڕشى ئه‌يلووله‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌ پارتييه‌ خاوه‌نى ده‌ستكه‌وته‌ نه‌ته‌وه‌ييه‌كانى خه‌ڵكى كوردستانه‌ و ئه‌وه‌ پارتييه‌ رێگرى له‌ پيلانگێڕييه‌كانى دژ به‌ خه‌ڵكى كوردستان كردووه‌ و هه‌ر پارتيش بوو، له‌ دوێنييه‌كى نزيكدا توانى رابه‌رايه‌تى دۆزى ره‌واى خه‌ڵكى كوردستان بكات و به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆيى ئاراسته‌يان بكات و به‌ رابه‌رايه‌تى و سه‌رۆكايه‌تى جه‌نابى سه‌رۆك مسعود بارزانى مه‌زنترين پرۆسه‌ى ديموكراسى له‌ كوردستان بۆ داواكردنى سه‌ربه‌خۆيى كوردستان و بوون به‌ ده‌وڵه‌ت ريفراندۆم ئه‌نجام بدات.

 





ئەم هەواڵە 436جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند دیمەنێک لە لافاوەکە فەرەنسا
ڤیدیۆیی .. شەقامی خۆت و چانسی خۆت
ڤیدیۆیی .. ساتی کوشتنی تارا فارس
ھەڵۆیەک ھەوڵی رفاندنی منداڵێک دەدات
چەند دیمەنێکی سامناکی زریان و گەردەلوولەکەی ئەمریکا
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad