English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
سەرۆک بارزانی: پشتیوان بە گەلەکەمان پارتی سەرکەوتنی گەورە وەدەست دەهێنێت
2018-09-15 [07:54 AM]

ZNA - هه‌ولێر


 

سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند لەگەڵ بەغدا لە لە گفتوگۆیەکی چڕداین بۆ ڕاستکردنەوەی پڕۆسەی سیاسی و بۆ ئەوەی عێراق بەتەواوی لە تاکڕەوی دوور بکەوێتەوە پێ لەسەر ئەوە دادەگرین تا ئەو کاتەی ئەنجوومەنی ئیتیحادی دروست دەبێت، پێویستە ئەنجوومەنێکی باڵای سیاسات و پلانی ستراتیژی دابمەزرێت تا بڕیارە گرینگەکان پێكەوە لە لایەن پێكهاتەكانی عێراقەوە لەو ئەنجوومەنەوە دەربچن و کوردیش تێیدا بەشدار بێت و چیتر تاكڕۆیی لە حوكمڕانی و پێشێلکاری دەستوور ڕوو نەدات و هیچ کەس و لایەنێک نەتوانێت ئەو تاوانانەی دەرهەق بەگەلەکەمان کران دووبارە بکاتەوە.

 

ئەو وتانەی سەرۆک بارزانی لە دیدارێکدا هات کە ڕۆژی شەممە 15ی ئەیلوولی 2018 لە سەلاحەدین لەگەڵ کادیرانی سەرجەم ئۆرگانەکانی سەربە دەزگای ڕۆشنبیریی و راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەڕێوەچوو.

 

لە دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی ڕۆشنایی خستەسەر بڕیاری گەلی كوردستان لە ڕیفراندۆم و هەروەها ڕووداوەكانی دوای ڕیفراندۆم و پێشێلكارییە دەستوورییەكانی حكوومەتی عێراقی لەدژی گەلی كوردستان شی كردەوە.

 

هەروەها لەسەر دۆخی سیاسیی کوردستان و عێراق بەرچاوڕوونیی پێویستی دا و ئاماژەی بەوە کرد کە پارتی دیموكراتی كوردستان سەرباری بوونی گوشاری جۆراوجۆری ئابووری و سیاسی توانی دەنگی یەكەم لەسەر ئاستی كوردستان و عێراقدا مسۆگەر بكات. سەرۆك بارزانی ئەوەشی خستەڕوو كە هاووڵاتیانی عێراق ئەو دەموچاو و كەسایەتییانەی سزا دا كە كرداری نادەستوورییان لەدژی خەڵكی كوردستان ئەنجامدا بوو.

 

سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە دانوستانەکانی ئێستای نێوان لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی عێراقی کرد و ڕایگەیاند ئێمە سێ بنەمامان داناوە و پێداگری دەکەین کە نابێ حوکمی تاکڕەوی هەبێت و بۆ ڕێگەرتن لەوەش پێویستە حکوومەت لەسەر سێ بنەمای شەراکەتی ڕاستەقینە، تەوافق و هاوسەنگی لەنێوان پێکهاتەکاندا دروست بکرێت و لەگەڵ لایەنە عێراقییەكاندا لەگفتوگۆیەکی جیدیشداین کە پێویستە ئەنجوومەنێکی باڵای سیاسات و پلانی ستراتیژی دابمەزرێت تا بڕیارە گرینگەکان لە لایەن پێكهاتەكانی عێراقەوە پێكەوە لەو ئەنجوومەنەوە دەربچن و کورد تێیدا بەشدار بێت بۆ ئەوەی  چیتر تاكڕۆیی لە حوكمڕانی و پێشێلکاری دەستوور ڕوو نەدات و هیچ کەس و لایەنێک نەتوانێت ئەو تاوانانەی دەرهەق بەگەلەکەمان کران دووبارە بکاتەوە.

 

لەبارەی هەڵبژاردنی کوردستانیشەوە سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند کە پارتی دیموکراتی کوردستان بە شانازییەوە دەچێتە ناو ئەو هەڵبژاردنە و داوای لە کادیرانی پارتی کرد کە بەجۆش و خرۆشەوە خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئامادە بکەن، پێویستە بە زمانێکی بەرز بانگەشەی خۆیان بکەن و خۆیان لە تەشهیر و بەڵێنی گەورەی بێ کردەوە دوور بگرن. باسی دەستکەوتەکانی پارتی بکەن و دەست بخەنە سەر کەموکوڕییەکانیش و جەختیشی كردەوە پشتیوان بە گەلەکەمان پارتی سەرکەوتنی گەورە وەدەست دەهێنێت و حکوومەتێکی بەهێز و تۆکمە دێتەکایەوە کە بتوانێ چاکسازیی ڕیشەیی بکات.

 

لە کۆتایی دیدارەکەشدا سەرۆک بارزانی وەڵامی سەرنج و تێبینییەکانی ئامادەبوانی دایەوە و بەرچاوڕوونی وئامۆژگاریی پێویستی خستەڕوو.





ئەم هەواڵە 5827جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند دیمەنێک لە لافاوەکە فەرەنسا
ڤیدیۆیی .. شەقامی خۆت و چانسی خۆت
ڤیدیۆیی .. ساتی کوشتنی تارا فارس
ھەڵۆیەک ھەوڵی رفاندنی منداڵێک دەدات
چەند دیمەنێکی سامناکی زریان و گەردەلوولەکەی ئەمریکا
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad