English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
فیلمی زاگرۆس خەڵاتی باشترین فیلم و سیناریۆی بەدەستهێنا
2018-09-16 [08:51 AM]

ZNA – هه‌ولێر


فیلمی سینەمایی "زاگرۆس"، لە دەرهێنانی دەرهێنەری کورد، سەهیم عومەر خەلیفە، کە کاندیدی شەش خەڵاتی "ئینسۆرس" بوو، لە فێستیڤاڵی فیلمی ئۆستەندا کە تایبەتە بە فیلمە بەلژیکییەکان، توانی دوو خەڵات بەدەستبێنێت.

 

فیلمەکە کاندیدی، خەڵاتی باشترین فیلم، باشترین دەرهێنەر، باشترین سیناریۆ، باشترین ئەکتەری ژن، باشترین وێنەگر و باشترین پرۆدەکشن دیزاین بوو، توانی خەڵاتی باشترین سیناریۆ و باشترین فیلم بباتەوە.

 

خەڵاتەکە، بە خەڵاتی ئۆسکاری سینەمای بەلژیکا ناسراوە و بە دوو قۆناخ لەلایەن 400 سینەماکار و رەخنەکارەوە دەنگ لەسەر فیلمەکان دەدرێت، ئەو فیلمەی زۆرترین دەنگی لێژنەی هەڵسەنگاندن بەدەستبێنێت، دەبێتە براوەی خەڵاتەکە.

 

چالاکییەکانی فێستیڤاڵی فیلمی ئۆستین، لە رۆژانی 7-15 ئەیلوول/ سێپتێبەر 2018 لە بەلژیکا بەڕێوەچوو و لە چوارچێوەی فێستیڤاڵەکەدا، خەڵاتی ئینسۆرس دابەشدەکرا.

 

لەلایەکی دیکەوە "زاگرۆس" کە بەرهەمێکی هاوبەشی بەلژیکا، هۆڵەندا و کوردستانە، لەرێگەی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆکەوە بۆ خەڵاتی ئاسیا پاسفیک سکرین نێردراوە و کاندیدی خەڵاتەکەیە کە بە گرنگترین خەڵاتی سینەمایی لە ئاسیادا دەناسرێت.

 

ئەمساڵ 12مین خولی دابەشکردنی ئەو خەڵاتە لە 29 تشرینی دووەم/ نۆڤێمبەر 2018 دابەشدەکرێت کە نوێنەری 70 وڵاتی کیشوەری ئاسیا و ئۆقیانۆسی ئارام لەخۆدەگرێت و لە شاری بریزبن لە ئۆسترالیا بەڕێوەدەچێت.

 

خەڵاتەکە لە ساڵی 2007ـەوە بەهاوکاری رێکخراوی یونسکۆ و یەکێتیی نێودەوڵەتیی بۆ بەرهەمهێنەرانی فیلمە سینەماییەکان، دابەشدەکرێت.  

 

"زاگرۆس" براوەی خەڵاتی باشترین فیلمە لە 35مین خولی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتیی فیلمی ئەنۆنایە لە شاری ئەنۆنای لە فەڕەنسا، هەروەها لە 44مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی گێنت لە بەلجیکا، خەڵاتی گەورەی فێستیڤاڵی بەدەستهێنا کە خەڵاتی "Grand Prix" بوو.

 

ئەم بەرهەمە سینەماییە دوو خەڵاتی دیکەی لە بەشی پێشبڕکێی 18یەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئاڕەس لە فەڕەنسا بەدەستهێناوە.

 

"زاگرۆس" ئەمساڵ بەشداری لە چەندین فێستیڤاڵی فیلمی سینەماییدا کردووە، لەوانە 47مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی رۆتردام لە هۆڵەندا و ١٤مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سینەمایی دوبەی کە کاندیدی چوار خەڵات بوو.

 

ئەم بەرهەمە سینەماییە چیرۆکی شوانێک بەناوی زاگرۆس دەگێڕێتەوە کە هاوژینی خۆی زۆر خۆشدەوێت، بۆ ئەو کوردستان بەهەشتە، بەڵام هاوژینەکەی هاڤین و کچەکەی رەیهان، روودەکەنە بەلژیکا، دواتر زاگرۆزیش بڕیاردەدات بچێتە ئەو وەڵاتە، بەڵام لەوێ......

 

سەهیم عومەر خەلیفە، لەرێگەی فیلمەکانییەوە زیاتر لە ١٠٠ خەڵاتی لە فێستیڤاڵە سینەماییەکاندا وەرگرتووە.

 





ئەم هەواڵە 7270جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
فرۆکەوانێک بەم شێوەیە رێز لە مامۆستاکەی دەگرێت
کچێک بە موعجیزە رزگاری دەبێت
لە عێراق بەم شێوەیە ئاوی باران لادەدەن ، بە دڵنیایی دوو جار سەیری دەکەیەوە
چەند دیمەنێک لە لافاوەکە فەرەنسا
ڤیدیۆیی .. شەقامی خۆت و چانسی خۆت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad