English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
سەرۆك بارزانی لەگەڵ مەكتەبی ناوەندیی ڕێكخراوە جەماوەری و پیشەییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبووە
2018-09-17 [02:13 AM]

ZNA- هه‌ولێر



ئه‌مڕۆ دووشەممە١٧ی ئه‌یلوول، لە سەڵاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ بەرپرس و نوێنەر و سكرتێر و ئەندامانی مەكتەب و رێكخراوەكانی سەر بە مەكتەبی ناوەندیی رێكخراوە جەماوەری و پیشەییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، كۆبۆوە.
لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی تیشكی خستە سەر بارودۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و قۆناغی دوای ڕیفراندۆم و خیانەتی شازدەی ئۆكتۆبەر و دەرهاوێشتەكانی ئەم خیانەتە لەسەر ژیانی خەڵكی كوردستان. هەروەها ئاماژەیشی بە هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دا، كە زۆر لایەن خۆیان بۆ ئەوە ئامادە كردبوو كە لە ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە هەڵوەرینی پارتی ببینن، بەڵام سەرباری هەموو گرفتەكان بە هیمەت و خۆڕاگریی ئەندام و لایەنگرانی پارتی، پارتی لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان بووە بە حزبی ژمارە یەك.

سەرۆك بارزانی لە درێژەی گوتەكەیدا جەختی لەوە كردەوە، كە هاووڵاتیانی عێراق لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا ئەو دەموچاوە شۆڤێنیانەیان سزا دا كە دژی مافی گەلی كوردستان و ڕیفراندۆم وەستا بوون و ئەوەش بەڵگەیەكی بەهێزە كە خەڵكی عێراق نەهجی شۆڤێنیەت ڕەت دەكەنەوە.
سەرۆك بارزانی سوپاسی قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد لە شەڕی تیرۆریستان و شەڕی بەرگری لە كەرامەت و خاكی نیشتیمان و ڕایگەیاند، ئێمە هەموومان قەرزاری پێشمەرگەین، چونكە تەنیا پێشمەرگە بوو كە هەموو هاوكێشەكانی گۆڕی و كوردستانی پاراست.

هەڵبژاردنەكانی پارلەمانی هەرێمی كوردستان لە ٣٠ ئەیلوول تەوەرێكی تری گوتەكەی سەرۆك بارزانی بوو و وێڕای ئاماژەدان بەوەی كە هەندێ لایەن دەیانەویست پێچەوانەی بڕیاری دامەزراوەكانی هەرێم و ئیرادەی خەڵك هەڵبژاردن دوا بخەن، بەڵام پێداگریی پارتی بووە هۆی ئەوەی هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بەڕێوە بچێ و ناشكرێ بە بیانووی جۆراوجۆر یاری بە بابەتی هەڵبژاردن و مافی خەڵك بكرێت.
سەرۆك بارزانی ئومێدی ئەوەشی خواست كە بە هیمەتی جەماوەر و لایەنگران و تێكۆشەرانی پارتی، پارتی دیموكراتی كوردستان سەركەوتن بە دەست بهێنێت و ئەو سەركەوتنەش بۆ ئەوە بەكار بێت كە پارتی بتوانێ چاكسازیی بنەڕەتی لە هەموو بوارەكانی ژیانی سیاسی و ئابووری و ئیداریی هەرێمی كوردستان بكات.
لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراقیش، سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە، كە پێویست پڕەنسیپەكانی هاوبەشی لە بڕیار و تەوافوق لە یاسادانان و هاوسەنگ لە دامەزراوەكانی عێراقدا بە میكانیزمێكی روون و بە گەرەنتی جێبەجێ بكرێت، هەروەها راشیگەیاند كە ئێستا دانوساندنی چڕ لە ئارا دایە بۆ دامەزراندنی ئەنجوومەنێكی باڵای سیاسه‌تی ستراتیژی، كە لایەنی كوردستانیش تێیدا بەشدار بێت، ئەویش بۆ رێگەگرتن لە سەرهەڵدانەوەی تاكڕه‌ویی لە حوكمڕانی و، پێویستە بڕیارە ستراتیژییەكان لەو ئەنجوومەنەوە دەربچن.
لەبارەی بارودۆخی كەركووك و ناوچەكانی تریشەوە سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپات كردەوە. كە ئەو واقیعەی ئێستا لە كەركووك هەیە واقعێكی ناسرووشتییە و قابیلی قبووڵ نییە، كەركووكیش شارێكە بۆ پێكەوەژیان و تەبایی لەنێوان پێكهاتەكان، بەڵام مساوەمە لەسەر ناسنامەی كوردستانیبوونی كەركووك ناكرێت و بڕیاری بایكۆتكردنی هەڵبژاردنی لە كەركووك لە لایەن پارتییەوە بۆ ئەوەبوو كە دان بە واقعی سەپاوی سەربازیی لەو شارە نەنێین.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا دەرگەی گفتوگۆ و پرسیار كرایەوە و سەرۆك بارزانی وەڵامی پرسیار و تێبینی و پێشنیاری ئامادەبووانی دایەوە.





ئەم هەواڵە 8431جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
فرۆکەوانێک بەم شێوەیە رێز لە مامۆستاکەی دەگرێت
کچێک بە موعجیزە رزگاری دەبێت
لە عێراق بەم شێوەیە ئاوی باران لادەدەن ، بە دڵنیایی دوو جار سەیری دەکەیەوە
چەند دیمەنێک لە لافاوەکە فەرەنسا
ڤیدیۆیی .. شەقامی خۆت و چانسی خۆت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad