English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
سەرۆک بارزانی : خەڵکی ھەولێر سەلماندووتانە نیشتیمانپەرەوەر و خاوەن ڕەوشتێکی بەرزن و ئەو ڕەوشتە بەرزە لە ھەولێر پیرۆز بێت.
2018-09-19 [11:51 AM]

ZNA- ھەولێر 




سەرۆک بارزانی سوپاسی خۆڕاگریی و ڕەوشتی بەرزی بەھاناوەچوونی خەڵکی لێقەوماو و میواندۆستیی خەڵکی شاری ھەولێری کرد و ڕایگەیاند کە ئێوە سەلماندووتانە نیشتیمانپەرەوەر و خاوەن ڕەوشتێکی بەرزن و بەو ڕەوشتە بەرزەتانەوە نەتانھێشت ئاسایشی شارەکەتان تێکبچێت و بەوەیش خزمەتێکی گەورەتان بە سەقامگیری و ئاسایشی کوردستان کرد.


ئەو وتانەی سەرۆک بارزانی لە دیدارێکدا ھات کە ڕۆژی چوارشەممە ١٩ـی ئەیلوولـی٢٠١٨ لە ھەولێر لەگەڵ کەسایەتی و پیاماقوڵان و نوێنەرانی پێکھاتەکان و چین و توێژەکانی شاری ھەولێر بەڕێوەچوو.
لە دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە ڕۆڵی جوامێرانەی خەڵکی شاری ھەولێر کرد لە حەواندنەوە و بەھاناوەچوونی لێقەوماوان و میواندۆستییان و نموونەی دیاریشی لە کاتی ئەنفالی بارزانییەکانەوە تا ئێستا کە ھەمیشە میواندارێکی ڕووخۆش بوونە و ڕایگەیاند: ئێوە سەلماندووتانە نیشتیمانپەرەوەر و خاوەن ڕەوشتێکی بەرزن و ئەو ڕەوشتە بەرزە لە ھەولێر پیرۆز بێت.
سەرۆک بارزانی ڕاشیگەیاند کە خەڵکی ھەولێر سەرەڕای ئێش و ئازار و سەختییەکان بەو ڕەوشتە بەرزەیانەوە سەقامگیریی شارەکە و ناوچەکەیان تاڕادەیەکی زۆر پاراست و ھاوکارێکی گرینگیش بوون بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ھەموو کوردستان.

ھەر لەوکۆبوونەوەیەدا سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە بارودۆخی سیاسیی ھەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرد و باسی ھۆکارەکانی بڕیاردانی گەلی کوردستان بۆ بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم و قۆناخی دوای ڕیفراندۆم و خیانەتی شازدەی ئۆکتۆبەر و دەرھاوێشتەکانی ئەم خیانەتە لەسەر تەواوی کوردستان، کرد و ڕاشیگەیاند کە دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی بەغدا ھەموو ھەوڵێکیان دا خەڵکی عێراق دژی گەلی کوردستان ھان بدەن و جیاوازیی و کێشەکانی ئێمە لەگەڵ دەسەڵاتداران بکەنە کێشەی نێوان کورد و عەرەب، بەڵام خۆشبەختانە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی مانگی ئایاری ڕابردوو ئەوەی دەرخست کە خەڵکی عێراق لەگەڵ ئەوان نین و خەڵک باوەڕیان بە چەواشەکارییەکانی ئەوان نەکردووە و ئەو دەموچاوانەیان سزا دا کە گەلی کوردستانیان ئازار داوە.
ھەروەھا لەسەر دۆخی سیاسیی کوردستان و عێراق و ھەڵبژاردنەکانی مانگی ئایاری ئەمساڵ بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند کە ئەگەرچی ناحەزان پێیان وابوو پارتی دیموکراتی کوردستان بەھۆی پشتیوانیی تەواوی بۆ ڕیفراندۆم کەوتۆتە ژێر گوشاری جۆراوجۆری ئابووری و سیاسی و ھەڵدەوەرێت، بەڵام دەرکەوت کە بەھیممەتی کادیران و ئەندام و لایەنگرانی پارتی و جەماوەری گەلەکەمان، پارتی توانی دەنگی یەکەم لەسەر ئاستی کوردستان و عێراقدا مسۆگەر بکات و ببێتە حزبی یەکەم لەسەر ئاستی عێراق.
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان وبەغدا کرد و ڕایگەیاند ئێمە بەردەوام باوەڕمان وابووە کە تا لەگەڵ عێراق بین پێویستە باشترین پەیوەندیمان ھەبێت و ھەمیشە ئاشتی و گفتوگۆ بژاردەی ئێمە بووە، ئێمە شەڕمان نەویستووە و دژی شەڕین، بەڵام کە ناچار کرابین ئەوە پارتی خۆی بەخت دەکات بۆ پاراستنی خاک و کەرامەتی گەلی کوردستان.
لەوچوارچێوەیەشدا سەرۆک بارزانی سوپاسی خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان و قارەمانێتیی ھێزی پێشمەرگەی کوردستانی کرد لە شەڕی تیرۆریستان و شەڕی بەرگری لە کەرامەت و خاکی نیشتیمان و ڕایگەیاند ئێمە ھەموومان قەرزاری پێشمەرگەین، چونکە تەنیا پێشمەرگە بوو کە ھەموو ھاوکێشەکانی گۆڕی و کوردستانی پاراست.
سەبارەت بە دانوستانەکانی ئێستای نێوان لایەنەکان بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە کرد کە دانوستانی چڕ و تاڕادەیەک تێگەیشتنێک ھەیە بۆ ئەوەی کە پێویستە ئەنجوومەنێکی باڵای سیاساتی ستراتیژی کە لایەنی کوردستانیش تێیدا بەشدار بێت دابمەزرێت، ئەویش بۆ ڕێگەگرتن لە سەرھەڵدانەوەی تاکڕۆیی لە حوکمڕانی و پێویستە بڕیارە ستراتیژییەکان لەو ئەنجوومەنەوە دەربچن. 
ڕوونیشی کردەوە کە ئەو ئەنجوومەنە دەبێتە گرێنتییەک بۆ پاراستنی مافی پێکھاتەکانی عێراق و ڕێگەگرتن لە بڕیاری تاکڕەوانە. ھەروەھا ئامژەشی بەوە کرد کە ئێمە پێداگری دەکەین کە نابێ حوکمی تاکڕەوی ھەبێت و پێویستە حکوومەت لەسەر سێ پرەنسیپی سەرەکی دابمەزرێت: شەراکەتی ڕاستەقینە لە بڕیارەکان، کە بەبوونی ئەنجوومەنی باڵای سیاساتی ستراتیژی گرێنتی دەکرێت، پابەندبوون بە تەوافق لە دەرچوونی یاساکان و ڕاگرتنی ھاوسەنگیی لە دامودەزگاکانی حکوومەت لەنێوان پێکھاتەکاندا.
لەبارەی ھەڵبژاردنی کوردستانیشەوە سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند پشتیوان بە گەلەکەمان، پارتی سەرکەوتنی گەورە وەدەست دەھێنێت و بەو سەرکەوتنەش حکوومەتێکی بەھێز و تۆکمە دێتەکایەوە کە بتوانێ چاکسازیی ڕیشەیی لە ھەموو بوارەکانی ژیانی سیاسی و ئابووری و ئیداریی ھەرێمی کوردستان بکات.
سەرۆک بارزانی جەختیی کردەوە کە پارتی بەڵێنی بێ کردەوە نادات، ئێمە خاوەن ئامانجێکی ستراتیژیین و بەپێی سیاسەتی ڕۆژ ھەڵوێست ناگۆڕین و ھیچ پاشەکشەیەکیش لەو ئامانجە ستراتیژییە ناکەین. ھەر کەس و لایەنێکیش ئامانجی ستراتیژی ھەبێت دەبێ ئامادە بێت گیانی خۆی لەپێناویدا بەخت بکات، بۆیە پارتی ھەمیشە لەپێناو پاراستن و بەختەوەریی گەلەکەماندا خۆی بەخت دەکات.
لەکۆتاییشدا سەرۆک بارزانی دڵنیایی بە ئامادەبووان و خەڵکی کوردستان بەخشی و ڕایگەیاند: بڕوای تەواوم ھەیە کە گەلەکەمان سەردەکەوێت.

 

 

سەرچاوە | KTV
 





ئەم هەواڵە 6397جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند دیمەنێک لە لافاوەکە فەرەنسا
ڤیدیۆیی .. شەقامی خۆت و چانسی خۆت
ڤیدیۆیی .. ساتی کوشتنی تارا فارس
ھەڵۆیەک ھەوڵی رفاندنی منداڵێک دەدات
چەند دیمەنێکی سامناکی زریان و گەردەلوولەکەی ئەمریکا
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad