English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
سەرۆك بارزانی لەگەڵ ئەندامانی فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆبۆوه‌
2018-09-22 [11:20 AM]

ZNA- هه‌ولێر


ڕۆژی شەممە 22ـی 9ـی 2018 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی  لەگەڵ ئەندامانی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆبۆوە.

لەو كۆبوونەوەیەدا سەرەتا د. بەشیر ڕەشید حەدداد جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كورتەیەكی لەبارەی ڕەوشی سیاسیی عێراق و هاوكێشەكانی ناو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و كار و چالاكییەكانی فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ سەرۆك بارزانی خستەڕوو.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی لە گوتەیەكدا دەستخۆشی و پیرۆزبایی لە ئەندامانی فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كرد و ڕۆشنایی خستەسەر بایەخی هەڵبژاردنەكانی عێراق و سەركەوتنی لیستی پارتی لەو هەڵبژاردنە و جەختیشی لەوە كردەوە كە پێویستە فڕاكسیۆنی پارتی نموونەی بەرزی ئاكاری سیاسی بێت و پابەندیش بێت بە ئامانجە ستراتیژییەكانی گەلی كوردستان كە ئامانجی ستراتیژیی پارتی دیموكراتی كوردستانیشن.

لە بەشێكیتری كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بارزانی بە تێروتەسەلی ئەو هۆكارانەی باس كرد كە لە قۆناغی ڕابردوودا بوونەتە هۆی پێشێلكردنی دەستوور و ڕێككەوتنەكان و نەمانی شەراكەت و سەرهەڵدانی كێشەكان. سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە ڕیفراندۆم و ڕووداوەكانی دوای ڕیفراندۆم ئەوەی دووپاتكردەوە كە هاووڵاتیانی عێراق لەو هەڵبژاردندا ئەو دەموچاوانەیان سزا دا كە بە ڕوانگەیەكی شۆڤێنیانە سەیری گەلی كوردستانیان دەكرد و دژایەتیی مافەكانی خەڵكی كوردستانیان دەكرد. سەرۆك بارزانی هێمایشی بە بەها بەرزەكانی خەباتی گەلی كوردستان كرد كە هیچ كات پەنای بۆ تۆقاندن و كاری تیرۆر نەبردووەو پێكەوەژیانی پاراستووە و هیچ كاتیش ڕێگەی نەداوە كە ناكۆكیی گەلی كوردستان لەگەڵ حكوومەتەكانی عێراق ببێتە ناكۆكیی نێوان نەتەوەكان. هەربۆیەش قووڵتركردنی پێكەوەژیانی بە یەكێك لە ئەركەكانی فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە قەڵەم دا.

سەبارەت بە پڕۆسەی سیاسیی عێراقیش سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە پابەندبوون بە هەر سێ پڕەنسیپی هاوبەشی و تەوافوق و هاوسەنگیی نێوان پێكهاتەكان لە حوكمڕانیدا زۆر لە كێشەكان چارەسەر دەكات.





ئەم هەواڵە 4855جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
فرۆکەوانێک بەم شێوەیە رێز لە مامۆستاکەی دەگرێت
کچێک بە موعجیزە رزگاری دەبێت
لە عێراق بەم شێوەیە ئاوی باران لادەدەن ، بە دڵنیایی دوو جار سەیری دەکەیەوە
چەند دیمەنێک لە لافاوەکە فەرەنسا
ڤیدیۆیی .. شەقامی خۆت و چانسی خۆت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad