English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
یاسای دارستان
2018-09-23 [10:02 AM]

نووسینی: زكری موسا


هەڵبژاردنی بەرهەم وەك كاندیدی یەكێتی بۆ سەرۆك كۆمار لە چوارچێوەی یاریكردن و مناوەرەی سیاسی لە بارودۆخێكی هەستیاری وەك ئێستا جێگەی هەڵوەستەكردنە. هەواڵەكە شۆكهێنەر بوو بۆ زۆر كەس و لایەن. بە پلەی یەكەم زەبرێكی نامۆڕاڵی بوو بە هاودید و برادەرانی خودی دكتۆر بەرهەم كە ماوەی ساڵێكە لەدەوری خۆیدا كۆی كردوونەتەوە بۆ دروستكردنی كڵێشەیەكی سیاسیی نوێ. چۆن دەكرێ سەركردەیەك وا خوێنساردانە ڕەفیقەكانی پێشێل بكات و حزبەكەی بۆ كورسی و پارە جێ بهێڵێت؟ ئەمە تەنیا لە یاسای دارستاندا وەڵامی بۆ دەدۆزرێتەوە.
سەنگەرگۆڕینی وا خێرا و كەمبەها وێنەیەكی قێزەوەنیشە لە پێشێلكردنی پڕەنسیپەكانی ئەخلاق لە كاری سیاسیدا. ئەمە قووڵایی ئەو قەیرانە مۆڕاڵییە پێشان دەدات كە سیاسییەكانی لەم تیپە تێیدا دەژیین. دروشم و بەڵێنەكان لەوەی ئێستا هەیە لە ناوەڕۆك بەتاڵتر دەكات. متمانەی نێوان لایەنەكان و هاووڵاتی و سیاسییەكان هێندەیتر كاڵتر و بێ ڕۆحتر دەكات.
لەسەر ئاستی نیشتیمانیش ئەم كاندیدكردنە بێزهێنەرە. ئەم شەخسە چوار ساڵ پێش وەبەر تیغی شمشێری برادەر وهاوسەنگەرەكانی خۆی لە یەكێتی كەوت و ڕێگەی لێ گیرا بە خواردنەوەی كاسەی مەیی سەرۆككۆماری سەرخۆش ببێت. ئێستا هەمان شەخس لەپێناو گەییشتن بە پۆستی سەرۆككۆمار حزبی دانا و دوو كورسی لە هەڵبژارن هێنا. كەسێك كە بنكەی جەماوەری لە دوو كورسی زیاتر تێپەڕ ناكات چۆنچۆنی بۆی هەیە ببێتە نوێنەری گەلی كوردستان لە بەغدا؟
لەسەر ئاستی هاوپەیمانێتی لەگەڵ پارتیشدا ئەو مناوەرەیە هەڵگری بنەماكانی مۆڕاڵ و كاری تەندروستی سیاسی نییە. كاندیدكردنی بەرهەم بە بێ ئاگاداریی پارتی ئەنجام دراوە و زۆرێك لە كادیرە باڵاكانی یەكێتیشی ڕەنجاندووە.
پرسیار ئەوەیە ئەو هەموو مناوەرە و پێشێلكردنی مۆڕاڵە لەپێناو چیی دایە؟ باشە هەموویان سەری زمان وبنی زمانیان یەكڕیزی و بەرژەوەندییە باڵاكانی وڵات نییە؟ كاندیدكردنی بەرهەم خزمەتی كام بەرژەوەندیی باڵای نیشتیمان دەكات؟ بۆ چی دەبێ سەرۆككۆمار كە پشكی گەلە تایبەت بێ بە باندێكی سیاسی كە بەردەوام لە فێڵە لە خۆی و لە داروبەرد؟.
ئەوەی بچێتە بەغدا دەبێ نوێنەری ڕاستەقینەی دۆزی گەلەكەی بێت، ئەو یارییە بێبەهایانە شتە ئەساسییەكانمان لەبیر دەباتەوە. بیرمان نامێنێ كە بۆ لە بەغداین و دەبێ لە بەغدا چۆن بجووڵێینەوە. ئەركی بەرگریكردن لە مافەكانی گەلی كوردستان لە بەغدا ئەركێكی قۆرسە. نیشتیمانپەروەری و خۆنەویستی دەوێت. بە هەلپەرست و شەیدایانی كورسی ناكرێت. ئەسڵەن ئەو تەرزە شەخسانە لەوێ بن ڕاستەوخۆ مەترسین بۆسەر بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان. سەرۆككۆماری پێشوومان بینی كە كاتێك كوردستان لەژێر ئاگرو ئاسن و زوڵم و پێشێلكاریی دەستووری بوو لە لایەن بەغدا ئامادە نەبوو دەستلەكار بكێشێتەوە. سەبەبەكەی بۆ كورسیپەرستی و بێهەڵوێستیی ئەو زاتە دەگەڕایەوە. كەواتە نابێ ئەو هەڵەیە دووبارە ببێتەوە. ئەوەی ببێتە سەرۆككۆمار جا لە هەر حزبێك بێت دەبێ نوێنەری ڕۆحی نەتەوەكەی بێت، دەبێ پاسەوانی بەرژەوەندییەكانی گەلەكەی بێت. ئەم ئەركە قورسە بەم بازرگان و ترسنۆكانە ناكرێت.





ئەم هەواڵە 1693جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند دیمەنێک لە لافاوەکە فەرەنسا
ڤیدیۆیی .. شەقامی خۆت و چانسی خۆت
ڤیدیۆیی .. ساتی کوشتنی تارا فارس
ھەڵۆیەک ھەوڵی رفاندنی منداڵێک دەدات
چەند دیمەنێکی سامناکی زریان و گەردەلوولەکەی ئەمریکا
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad