English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
سەرۆک بارزانی : ویستیان ئیرادە و کەرامەتی ئێمە بشکێنن، بۆیە بڕیارمان دا بمرین و نەھێڵین کەرامەت و ئیرادەی ئێمە بشکێ.
2018-09-25 [02:02 AM]

ZNA – ھەولێر 




سەرۆک مەسعود بارزانی گەیشتە کەرنەڤاڵی گەورەی بانگەشەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ سەرخستنی لیستی ١٨٣ پارتی لە یاریگەی فەرەنسۆ ھەریری شاری ھەولێر و کەرنەڤاڵەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەھیدان دەستیپێکرد ، شایەنی باسە کەرنەڤاڵی ئەمڕۆی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەولێر ھاوکاتە لەگەڵ یەکەم ساڵیادی پرۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، ڕۆژی ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧، زیاتر لە ٪٩٣ـی خەڵکی کوردستان دەنگیان بە بەڵێ دا.
لە گەورەترین کەرنەڤاڵی جەماوەری پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەولێر، سەرۆک بارزانی بەڵێنیدا، ھەمیشە ڕاستگۆ بین لەگەڵتان، بەڵێن دەدەین کە کەرامەت و سەرەوریی ئێوە بکەوێتە مەترسی، سەری خۆمانی بۆ دابێین.

دەقی وتاری سەرۆک بارزانی لە کەرنەڤاڵی جەماوەریی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەولێر
 
بەناوی خوای مەزن و دلۆڤان
خوشک و برایانی بەڕێز
خۆشەویستان
جەماوەری خۆڕاگر

لەم ڕۆژە پیرۆزەدا، لەم ڕۆژەدا کە ساڵی ڕابردوو وەکوو ئەمڕۆ بڕیارتان لە چارەنووسی خۆتان دا و مێژووتان تۆمار کرد، پیرۆزبایی ئەو ڕۆژەتان لێدەکەم و پیرۆزباییتان لێ دەکەم و سوپاسی وەفاداری و دڵسۆزیتان دەکەم. ئەو پەنجانەتان ماچ دەکەم کە ئەو ڕۆژەتان مۆر کرد.
بەڕێزان
مافێکی یاسایی و سرووشتیی ھەموو گەلێکە بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، ئێوەش پارساڵ وەکوو ئیمڕۆ بڕیارتان لە چارەنووسی خۆتان دا، بەڵام بەداخەوە خراپ تەفسیر کرا. دەبووایە پرسیار لە ئێوە بکرێت، ئەرێ بۆ ئەو بڕیارەتان دا؟ ئەرێ دەردی ئێوە چییە؟ لە جیاتی ئەوەی بێن قەرەبووی کەسوکاری ئەنفال و کیمیاباران و دەربەدەر و ئاوارەکان بکەنەوە، ھەوڵیان دا سزای قورستر بخەنە سەر ئەم خەڵکە.
تاوان نەبوو خەڵکێک بڵێ دەمەوێ ئەوھا بژیم، دەبووایە پەنا بۆ گفتوگۆ و بۆ دیالۆگ ببەن و ئەوەش خواست و داوای ئێمەش بوو، کەس نەیگوتبوو ڕۆژی پاشتر سەربەخۆیی ڕادەگەیەنین، بەڵام بەداخەوە جارێکی دیکە دەڵێم خراپ تەفسیر کرا و سوئیستیفادەش لەو ڕۆژە کرا.
ئێمە پێمان وایە بەھیچ شێوەیەک پێچەوانەی دەستوور ھەنگاومان نەناوە. لە دەستووردا ھاتووە کە (ئیلتزامکردن بەو دەستوورە یەکێتیی ئازادانەی عێراق دەپارێزێت)، ئەگەر دەستوور جێبەجێ کرابا، پەنامان بۆ ڕیفراندۆم نەدەبرد، بەڵام ھەموو دەرگایەکیان داخست و ھیچ ئومێدێکیان نەھێشتەوە تاوەکوو پێکەوە بژین وشەریک بین، لەوەش دەرچوو کە سزامان بدەن، ھەندێک لە ھەموو سنوورەکان تێپەڕین و ھەموو سنوورەکانیان بەزاند و ویستیان ئیرادە و کەرامەتی ئێمە بشکێنن، بۆیە بڕیارمان دا بمرین و نەھێڵین کەرامەت و ئیرادەی ئێمە بشکێ.
سوپاس بۆ ئێوەی خۆڕاگر، سوپاس بۆ دڵسۆزی و وەفاداری ئێوە، سوپاس بۆ پێشمەرگە قارەمانەکان. ئەم ئەزموونەش وەکوو ھەموو ئەزموونەکانی پێشتر، دەرکەوت کە بە ئاسن و ئاگر، بە شەڕ چارەسەری کێشەی کورد ناکرێ، دەبێ بە لێکتێگەیشتن و بڕوای ھاوبەش و گفتوگۆ بێت، دەبێ بە ڕێزلێکگرتن بێت، ئێمە ئەوکاتە و ئێستا و لە ئایندەش داکۆکی لەسەر بژاردەی خۆمان دەکەین کە ئاشتی و درێژکردنی دەستی برایەتییە بۆ ھەموو لایەک.
ئەوەی بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن و ھاوکاری بەدەست ھەردوولا دێت، ١٠٠ ساڵیش بەشەر نە بەدەست ئێمە دێ و نە بە دەست ئەوان دێ. ئێستاش دەرفەتێکی تازە ھاتووەتە پێش، بەتایبەتی دوای ھەڵبژاردنی ١٢ی ئایاری ڕابردوو، ھەڵبژاردنی پەرلەمانی فیدرالی لە بەغدا. لەو ھەڵبژاردنەدا زۆرکەس وایاندەزانی کۆتایی پارتییە، بەڵام بە ھیممەتی ئێوەی تێکۆشەر و وەفادار و پارتی پەروەر، توانیتان پارتەکەتان بکەن بە پارتی ژمارە یەک لەسەر ئاستی ھەموو عێراق. سەنگی پارتی دەرکەوت بۆ ھەموو لایەک و مەعلوومیش بوو کە پارتی رەقەمێکی زۆر گەورەیە لە موعادەلەکەدا، بۆیە کەس ناتوانێ تەجاوزی بکات.
ھەڤاڵینە
بەڕاستی من ترسم زۆر بوو کە ئەو فەرھەنگەی دژ بە کورد کە ھەندێک بەرپرس دەیانویست بیکەنە فەرھەنگی شارعی عەرەبی لە عێراق، سەربگرێت، بەڵام لە ھەڵبژاردنی ١٢ی ئایار سزای ھەموو ئەو کەسانەیان دا یان بەشی ھەرە زۆری ئەو کەسانەیان دا کە دەیانویست لەسەر حیسابی دژایەتیکردنی خەڵکی کوردستان و مافی خەڵکی کوردستان، خۆیان بکەن بە پاڵەوان، بەڵام لەلایەن گەلی عێراقەوە سزا دران و سوپاس بۆ گەلی عێراق. ئەم ھەڵوێستەی گەلی عێراق کاریگەرییەکی زۆر گەورەی لەسەر ئێمە ھەبوو.
لێرەدا بەبیر خۆم و ئێوە و بەغداش دێنمەوە، تەوسییەی جەنابی بارزانی و حیکمەتی ئەو، شەڕ لەگەڵ حکوومەت بە مانای شەڕ لەگەڵ میللەت نایەت و شەڕ لە نێوان دوو میللەت کوفر و تاوانە، ھیچ کاتێک ڕێگە نادەین ناکۆکیی ئێمە لەگەڵ حکوومەتێک، ببێتە شەڕ و ناکۆکی لە نێوان گەلی کورد یان گەلی عەرەبی و یان گەلێکی دیکە. حکوومەت دێن و دەڕۆن بەڵام میللەتان دەمێنن، ئەمە سیاسەتی نەگۆڕی پارتی بووە لە ڕابردووەوە تائیمڕۆ و تا ئەو ڕۆژەی دونیا ھەیە.
من لێرەدا داوا لە ھەموو خوشک و برایان دەکەم لە سەرتاسەری کوردستان، ئەو برا عەرەبانەی ناچار بوون ئاوارە بن و بێنە کوردستان، شوێن و جێگەی خۆیان لەبەر تیرۆر و خەدەمات جێھێشتووە، تا قەناعەت دەکەن بۆ شوێنەکانی خۆیان بگەڕێنەوە، ئەوپەڕی ڕێزیان لێ بگرن و بە کەسوکاری خۆمانیان دابنێن.
من بۆ ئەم دەرفەتە داوا لە ھەولێر و بەغدا دەکەم، ئەم دەرفەتە لەدەست نەکەن و ھەموو کێشەکان لەسەر بنەمای شەراکەت و تەوافوق و تەوازون بەپێی دەستوور چارەسەر بکەن، چونکە لە کاتی ڕزگارکردنی مووسڵ کە بە خوێنی پێشمەرگە ڕێگە بۆ ڕزگارکردنی مووسڵ خۆشکرا، بەڵام بەداخەوە بەرپرسانی بەغدا ئەوکاتە دەرفەتەکەیان تێکدا، با ئەم دەرفەتەی ئەمجارە لەدەست نەچێ، ئێمە تاپێکەوەین دەبێ برا و دۆست و ھاوکاری ئێوە بین.
پێش چەند ڕۆژێک لەگەڵ فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی بەغدا دانیشتم، داوام کرد چۆن دەبێ بەرگری لە مافی خەڵکی کوردستان بکەن، ئەوھاش بەرگری لە مافی ھاووڵاتییانی دیکەی شارەکانی دیکەی عێراق بکەن. بەرگری لە مافی برایانی تورکمان، کلدان و ئاشووری، سریان و ئەرمەن بکەن، بەرگری لە بیروڕای ئازادی سیاسی و ئایینی و مەزھەبی بکەن.
ئێستا لەبارەی پەیوەندییەکانی ھەرێم و دەرەوە، ھەروەک دەبینن حکوومەتی ھەریمی کوردستان سەرکەوتوو بوو لە درووستکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە و ئومێدەوارین ڕۆژ بە ڕۆژ ئەو پەیوەندییانە بەرەو پێشتر و باشتر بچن.
زۆر باسی یەکڕیزی و ناوماڵی کورد دەکرێ، وابزانم ھەمووتان شایەدن زۆرمان کرد بۆ ئەوەی ناوماڵی کورد یەکڕیز بێت، پارتی لە زۆر لە مافەکانی خۆی خۆشبوو، بۆ ئەوەی ئەو یەکڕیزییە بپارێزێت، بەڵام بەداخەوە جێی نەگرت، بەپێچەوانەوە لە دژی پارتی بەکاریان ھێنا. ناوماڵی کورد و یەکڕیزیی کوردیش مەرجی خۆی ھەیە.
ھەڤاڵینە، بنەمای نیشتمانی و نەتەوەیی ھەیە، کە نەگۆڕن. ئەو بنەمایانە وەکوو چەترێکن بۆ ھەموومان، کاتێک لەو بنەمایانە لادرا، مانای وایە یەکڕیزیی کورد و ناوماڵی کورد تێکدرا، ھەروەکوو لە ١٦ی ئۆکتۆبەر ڕووی دا، دەبێ پابەندی بنەماکانی نیشتمانی و نەتەوەیی بن، ئەمانە ئەساسن.
ھەڤاڵان
چەند ڕۆژێکمان ماوە بۆ تۆمارکردنی مێژووێکی تری پڕ لە سەروەری. لە ٣٠ی ئەم مانگەدا ڕۆژی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە، رۆژێکی چارەنووسسازە، رۆژێکە ئێوە بڕیار دەدەن ئایا دەتانەوێ کوردستانی ئێوە چۆن بێت؟ ئەمن و ئاسایش بەرقەرار بێت تێیدا؟ بەختەوەری بەرقەرار بێت؟ ئاوەدانی بەرقەرار بێت؟ دڵنیام ئێوە ئەوەتان دەوێ، بۆیە داواتان لێدەکەم ئەو ڕۆژە ھەموومان پەیمان دووبارە بکەینەوە لەگەڵ شەھیدەکانمان، وەفادار بین بە خوێنی ئەو شەھیدانە، دەنگ بە لیستی ١٨٣ بدەین.
بۆ ئەوەی گۆڕانکاریی گەورە بکرێ، چاکسازیی ھەمەلایەنە بکرێت، لەو باوەڕە دام ئێوە لە ڕۆژی ٣٠ی مانگ دەچنە سەر سندووقەکان و دەیسەلمێنن ھەولێر ھەر ھەولێرە.
ئێمە ئەو بەڵێنەتان پێ دەدەین کە ھەمیشە لەگەڵتاندا ڕاستگۆ بین. بەڵێنتان پێ دەدەین، ئەگەر کەرامەت و ئیرادە و سەروەریی ئێوە کەوتە مەترسی، مردن ھەڵبژێرین و بەرگریتان لێ بکەین. پەیمانتان دەدەینێ ھەرچی پێمان بکرێ بۆ خزمەتی ئێوە درێغی نەکەین.
لە کۆتاییدا سڵاوی گەرم دەنێرم بۆ ئێوەی خۆشەویست و خۆڕاگر
سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاکی شەھیدان
سڵاو بۆ پێشمەرگە قارەمانەکان
داواتان لێدەکەم بڕواتان بەخۆتان و ئایندەی خۆتان ھەبێت
بڕواتان بە سەرکەوتنی گەورە ھەبێت
بڕواتان بە پێشمەرگە قارەمانەکانتان ھەبێ
دەبێ ھەمیشە ئامادەبین بەرەو پێشەوە بچین و خۆ نەچەمێنین.

ی.ا
 





ئەم هەواڵە 7333جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
فرۆکەوانێک بەم شێوەیە رێز لە مامۆستاکەی دەگرێت
کچێک بە موعجیزە رزگاری دەبێت
لە عێراق بەم شێوەیە ئاوی باران لادەدەن ، بە دڵنیایی دوو جار سەیری دەکەیەوە
چەند دیمەنێک لە لافاوەکە فەرەنسا
ڤیدیۆیی .. شەقامی خۆت و چانسی خۆت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad