English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
نێچیرڤان بارزانی: لە پێناو کوردستانێکی بەھێز، دەنگ بە لیستی ١٨٣ی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەن 
2018-09-26 [01:22 AM]

ZNA – ھەولێر 



 
ئەمڕۆ لە شاری سۆران، کەرنەڤاڵێکی جەماوەری فراوان بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەستیپێکرد و لە کەرنەڤاڵەکەدا نێچیرڤان بارزانی گوتارێکی پێشکەش کرد.

ئاھەنگەکە بۆ پاڵپشتیکردنی لیستی ١٨٣ـی پارتی دیموکراتی کوردستانە بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ھەزاران کەس لە کەرنەڤاڵەکەدا ئامادەبوون.
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە میانی بانگەشەی ھەڵبژاردن لە سۆران بۆ سەرخستنی لیستی ١٨٣ پارتی رایگەیاند پێشمەرگەی کوردستان لە مەخمور،پردێ و سحێلا دوژمنیان تێکشکاند.
نێچیرڤان بارزانی گوتی: "دەڤەری سۆران مایەی شانازی ئێمەیە و بارزان شوێنی نووسینەوەی بەرنامەی رزگاریخوازی کوردستانە.
نێچیرڤان بارزانی لە میانی کەرنەڤاڵی جەماوەریی پارتی لە سۆران، داوای لە لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد، سەیری چیا سەربەرزەکان بکەن، ”سەری ئێوەی پارتی بە ئەندازەی ئەو چیایانە بەرزە. ئێمە و ئەو چیایانە مێژووی سەربەرزی و بەرگریمان پێوە ھەیە، پارتیبوون بەقەد ئەو چیایانە سەربەرزییە“.
دەڤەرەکەشی بە مایەی شانازیی پارتی و مرۆڤایەتیش لەقەڵەم دا کە یەکەمین یەکەم شوێنی ژیان و گەشەی مرۆڤ بووە. جەختیشی کردەوە: ”پارتی ئەمینترین و باوەڕپێکراوترین ھێزە و بزووتنەوەی ڕێککەوتن و ئاشتییە. پارتی پلانێکی ھەمەلایەنەی ھەیە بۆ گەشەپێدانی زیاتری کوردستان“.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ڕاشکاوانە ئاشکرای کرد، ھەرچەندە ھەندێک لایەن لە تەلەڤزیۆنەوە ھەواڵی چۆڵکردنی ھەولێر و کەوتنی قەڵای پارتییان بڵاو دەکردەوە، بەڵام ”لە پردێ ھێزی پێشمەرگەی ئێوە خەونی تێکشکاندنی پارتییان وەک دەیان جاری دیکە کرد بە خەونی حوشتر. لە کاتێکدا ھەوڵیان دەدا قەوارەی ھەرێمی کوردستان نەھێڵن و ھەرێمی کوردستان لەت بکەن، لە کاتێکدا ھەوڵیان دەدا کورد بێئیرادە بکەن. لەگەڵ ئەملا و ئەولا ڕێک دەکەوتن بۆ ئەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەڵبوەشێننەوە، ئێمە پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستانمان ڕێکخستەوە و ئابڵووقەی ئاسمانیمان لەسەر کوردستان لادا و پاشەکەوتی مووچەمان زۆر کەم کردەوە و چاکسازیمان دەست پێکرد و کۆمپانیاکان دەستیان بە پڕۆژەکانیان کردەوە. بە پشتیوانی و ھێزی ئێوە، کوردستان بەھێزتر دەکەین“.
دووپاتیشی کردەوە: ”لەو دۆخە سەختەدا کە ناحەزان خەونیان بە نەھێشتنی پارتییەوە دەبینی، بەشداریمان لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کرد، سەرەڕای ھەموو ناحەقییەکان بەرامبەر بە پارتی و داگیرکردنی بارەگاکان و گرتن و دەرکردنی ئەندامەکانی، لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی کوردستان، سەرەڕای بەشدارینەکردنمان لە کەرکووک و ساختەکاری و فەوتاندنی زۆر لە دەنگەکانمان، پارتەکەی ئێوە، بوو بە حزبی براوەی یەکەم، نەک ھەر لە ھەرێمی کوردستان، لە ھەموو عێراقدا. ئەو سەرکەوتنە نەدەکرا، ئەگەر بە پشتیوانی و خۆڕاگری و دڵسۆزیی ئێوە نەبووایە لە سندووقەکانی دەنگداندا“.
نێچیرڤان بارزانی ئاشکرای کرد کە پارتی دەیەوێ پردی ئاشتی و شوێنی ڕێککەوتن بێت و ”ھیچ ڕێککەوتنێکیش بەبێ ھەولێر سەرناکەوێت“. گوتیشی: ”بۆ ئارامیی ناوچەکە دەبێ ھێڵی پەیوەندیی نێوان ھەولێر و بەغدا بەھێز بێت. دەمانەوێ ھێزی ھەولێر بەکار بھێنین بۆ ڕێککەوتنی تەواو لە نێوان عێراق و کوردستان. مافەکانی خەڵکی کوردستان بنەمای ڕێککەوتنەکە بێت نەک سەفەقاتی شەخسیی“.
ئەوەشی نەشاردەوە کە نایانەوێت پۆستەکانی کورد لە بەغدا بۆ بەرژەوەندیی کەسی بەکار بێت، بەڵکوو دەیانەوێ پۆستەکان بۆ بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان و ڕێگرتن بێ لە پیلانگێڕیی دژی خەڵکی کوردستان.
بۆیە داوا لە ھەمووان دەکەم لە پێناو کوردستانێکی بەھێز، دەنگ بە لیستی ١٨٣ی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەن.

ی.ا
 





ئەم هەواڵە 2569جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند دیمەنێک لە لافاوەکە فەرەنسا
ڤیدیۆیی .. شەقامی خۆت و چانسی خۆت
ڤیدیۆیی .. ساتی کوشتنی تارا فارس
ھەڵۆیەک ھەوڵی رفاندنی منداڵێک دەدات
چەند دیمەنێکی سامناکی زریان و گەردەلوولەکەی ئەمریکا
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad