English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
روونکردنەوە لەبارەی پشووی رۆژانی شەممە دەدرێت
2018-10-02 [06:14 AM]

ZNA-هەولێر


وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، لە ساڵی نوێی خوێندندا ١٢٠ هەزار قوتابیی نوێ دەچنە پۆلی یەکەمی سەرەتایی و ڕوونکردنەوەی پێویستی لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی پشووی ڕۆژانی شەممە دا.

پشتیوان سادق، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوای لێدانی یەکەمین زەنگی خوێندن، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، پێشبینی دەکرێ ١٢٠ هەزار قوتابیی نوێ ئەمساڵ بچنە پۆلی یەکەمی سەرەتایی و وەزارەت ئەوەی لە توانایدا هەبێ بۆ ئامادەسازی، کاری خۆی دەکا، بەڵام پرۆسەی پەروەردە درێژخایەنە و پێویستی بە پاڵپشتی هەیە.

ئەوەی نەشاردەوە کە هەموو ئومێدێک ئەوەیە ئەمساڵ گرفتە داراییەکان نەمێنن و بەو هۆیەشەوە گرفتەکانی دیکە بەرەو چارەسەرکردن دەچن.

لەبارەی دامەزراندنیشەوە پشتیوان سادق ڕوونی کردەوە: "دامەزراندن بەهۆی قەیرانی دارایی وەستاوە، پێشتر ٥ هەزار مامۆستامان بە گرێبەست داناوە، ئەمساڵ پشت بە وانەبێژ دەبەستین. ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە تایبەتمەندییان پسپۆڕیی پەروەردەیە".

هەرچی پەیوەندی بە باڵاخانەی قوتابخانەکانەوە هەیە، پشتیوان سادق رای گەیاند کە ساڵانی ڕابردوو نزیکەی ٢ هەزار باڵاخانەی قوتابخانەکانیان نۆژەنکردووەتەوە و ئێستاش هەوڵێکی جددی هەیە بۆ تەواوکردنی ئەو نزیکەی ٣٠٠ قوتابخانەیەی کە نۆژەنکردنەوەیان وەستابوو. گوتیشی: "ئێستا پێویستیمان بە نزیکەی ٤٠٠ باڵاخانەی قوتابخانە هەیە لە هەرێمی کوردستان کە ئەگەر ٣٠٠ قوتابخانەکە نۆژەن بکرێنەوە، ١٠٠ باڵاخانەی دیکەمان پێویستە".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وەزیری پەروەردە ڕوونکردنەوەی لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی پشووی ڕۆژانی شەممە دا و ئاشکرای کرد: "لەبەر ئەوەی زۆر لە قوتابخانەکانمان دوو دەوامن، ناکرێ ڕۆژانی شەممە پشوو بێت. ساڵی ڕابردوو بۆ یەک ساڵ ڕۆژی شەممە کرا بە پشوو، بەڵام ئەمساڵ ڕۆژانی شەممەش دەوام دەکرێت و ئەمەش کار لە وانەکان دەکرێن. ئەگەر کێشەی بینامان نەما و دەوام بۆ دەوروبەری کاتژمێر ٢ درێژ کرایەوە، دەکرێ رۆژانی شەممە پشوو بێت".





ئەم هەواڵە 17065جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
فرۆکەوانێک بەم شێوەیە رێز لە مامۆستاکەی دەگرێت
کچێک بە موعجیزە رزگاری دەبێت
لە عێراق بەم شێوەیە ئاوی باران لادەدەن ، بە دڵنیایی دوو جار سەیری دەکەیەوە
چەند دیمەنێک لە لافاوەکە فەرەنسا
ڤیدیۆیی .. شەقامی خۆت و چانسی خۆت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad