English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
حکومەتی هەرێم: دەستگیر کردنی کردنی تیرۆریستان بەپێی رێوشوێنی یاسایی بووە
2018-10-04 [12:40 PM]

ZNA - هه‌ولێر


 

رۆژی 27/9/2018 رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ راپۆرتێکی بڵاوکردەوە بە ناوی (دەستگیرکردنی نهێنی بەبێ رێوشوێنی پێویست، هەڵمەتێکی دەستگیرکردنی زۆرەملێ)، لەم راپۆرتەدا باس لە چەند هەڵمەتێکی دەستگیر کردنی زۆرەملێ دەکات کە لە چەندین ناوچەی عێراق، روویانداوە بەتایبەتی دوای رووداوەکانی ئازادکردنی موسڵ.

 

لەم بارەوە د.دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە جۆرە هەماهەنگییەک لەنێوان حکومەتی هەرێم و رێکخراوی ناوبراوە و بە میکانیزمێک کە بەر لە بڵاوکردنەوەی راپۆرتەکانیان ئاگادارمان دەکەنەوە بە چەند پرسیار و تێبینییەک و دوای ئەوەی بەدواداچوونی لەو سەرنج وتێبینیانەی کە ئاراستەمان کراون، لە دوایین راپۆرتی خۆیاندا رێکخراوەکە ئاماژەی بە روونکردنەوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە سەبارەت بەم بابەتە ئەمەش نیشانەی هەماهەنگی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پابەندبوونییەتی بە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ.

 

سەبارەت بە دەستگیرکراوەکان لە هەرێمی کوردستان، زێباری وتی: لە هەرێمی کوردستان هیچ کەسێک بەبێ بەڵگە بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیر نەکراوە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم بەپێی چەند رێوشوێنێک کەسانی تۆمەتباریان دەستگیر کردووە کە ئامارەکانیشیان بەم شێوەیە بووە: تا رۆژی 22/8/2017 بەپێى یاساى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر و بەپێی ئامارەکانی دادگاى تێهەڵچوونەوەى ناوچەى هەولێر (675) کەس بە گومانی تیرۆر دەستگیر کراون لەوانە (56) کەس بێتاوان دەرچوون لە دوای لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ئازادکراون، (619) کەس حوکمیان بۆ دەرچووە و سزاکانیشیان لە نێوان (سێ) ساڵ بەندکردن تاوەکو سزاى لە سێدارەدان بووە، هەرچەندە لە سێدارەدان لە هەرێمی کوردستان راگیراوە. گشت دەستگیرکراوەکانیش. لە دهۆکیش (1594) کەس بە تۆمەتى تیرۆر دەستگیرکراون، لەوانە(616) کەس بێتاوان دەرچوون و ئازادکراون،  (522) لە ژێر لێکۆڵینەوەدان، (456) کەس حوکمی دادگایان بۆ دەرچووە و سزاکانیشیان لە نێوان بەندکردن و لە سێدارەداندایە.

 

سەبارەت بە پارێزگاکانی سلێمانی و کەرکوک زێباری وتی: ساڵى (2014) بەپێی دادگاى تێهەڵچوونەوەى ناوچەى سلێمانى  راگیراوانى شەڕى تیرۆر تەنها (سێ) کەس بوون و لە ساڵى (2015) تەنیا (23) کەس بوون لەوانە (18) کەسیان ئازادکراون، (پێنج) کەسیان رەوانەى بەڕێوەبەرایەتى ئاسایشى پارێزگاى سلێمانى کراون . لە  ساڵى (2016) تەنها پێنج راگیراو هەبووە، لە شەش مانگى یەکەمى ساڵى (2017) تەنیا (چوار) کەس بوون کە دوانیان ئازاد کران دوای بێتاوان دەرچوونیان و دوانی دیکە پەڕاوەکانیان رەوانە دادگا کراوە. هەروەها لە ماوەی نێوان ساڵانی 2014 تا 2017 لە سەرۆکایەتى دادگاى نەوجەوانانى سلێمانى (22) کەس دادگایی کراون، لە دادگاى تێهەڵچوونەوەى ناوچەى کەرکوک لە نێوان ساڵانی 2014 تا 2017 دەستگیر کراون ژمارەیان گەیشتە  (٣٩٩) کەس لەوانە ( 137) لەژێر لێکۆڵینەوەدان و (٣٥)یان سزایان بۆ دەرچوو، هەروەها لە شەش مانگی یەکەمی ٢٠١٧ لەو گیراوانە (36) کەس سزاکانیان تەمیز کراوەتەوە.

 

دیندار زێباری تیشکی خستە سەر ئەو گیراوانەی لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانى دەستگیرکرا بوون وتی: (10) کەس رەوانەى دادگاکانى دیکە کراون بە پێى تایبەتمەندى و (106) کەس ئازادکراون و (26) کەس لەژێر لێکۆڵینەوەدان، بەڵام هیچ کەسێک بەپێی بڕیاری دادگا سزاکانیان (استئناف) نەکراوە. بەپێى یاساو رێنماییەکانى مافى مرۆڤ مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.

 

سەبارەت بە مامەڵە کردن لەگەڵ دەستگیرکراوان زێباری وتی: هەر کەسێک دەستگیر دەکرێت نەوجەوان بێت یان تەمەنى تەواو بێت بە بڕیارى دادوەر رادەگیرێت بەپێى ماددەى یاسایى تایبەت بە تاوانى خۆى و بە هیچ شێوەیەک ئەشکەنجە نادرێت یان مامەڵەى نامرۆڤانەى لەگەڵدا ناکرێت وەک گشت زیندانییەک مافى خۆى هەیە، چونکە بەپێی یاسا ئەشکەنجەدانی تۆمەتبار و سزادراوان بەشێوەیەکی گشتی بۆ وەرگرتنی دانپێدانان و زانیاری بە تاوان دادەنرێت، رێگا نادرێت کە ئەفسەر و کارمەندانی پۆلیس راگیراوان ئەشکەنجە بدەن بەپێی ماددەی (333) لە یاساى سزادانى عێراقى ژمارە (١١١)ی ساڵی ١٩٦٩ی هەموارکراو، هەر تۆمەتبارێک لەکاتى لێکۆڵینەوە ئەشکەنجە درابێت لەرووی  یاساییەوە مافى هەیە سکاڵا تۆمار بکات دژى ئەو کەسەى ئەشکەنجەى داوە.

 

زێباری ئاماژەی بە مافەکانی دەستگیرکراوان کرد و لەم بارەوە وتی: هەموو بەندکراوێک دەتوانێت هەر داواکاریيەکى هەبێت لە رێگاى کارگێڕیی بەندیخانە یان داواکارى گشتى یان لە رێگاى کەسوکارى کاتێک سەردانى دەکەن یان لە رێگاى رێکخراوەکانى تایبەت بە مافى زیندانیان بەرزيبکاتەوە. هەروەها لە هەموو گرتوخانە چاکسازییەکاندا (٢٤) کاتژمێر بنکەی تەندروستی وتیمی پزیشکی هەیە، هەروەها تاقیگە و دەرمان هەیە و هەر بەندکراوێک لە سەرەتای هاتنی بۆ گرتوخانەکانی گرتن و گواستنەوە، پشکنینی تایبەتی پەیوەنداری پێویستی بۆ دەکرێت و فایلی تەندروستی تایبەت بە خۆی دەبێت، هەروەها  پشکنین بۆ نەخۆشییە گوازراوەکانی وەک (هەوکردنی جگەر و ئایدز و سیل) و نەخۆشیە درێژخایەنەکانی وەک (شەکرە و فشاری خوێن) و نەخوشیەکانی دیکە بۆ ئەنجام دەدرێت.

 

لە کۆتاییدا د.دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە رێوشوێنەکانی دەستگیر کردنی گومانلێکراوان وتی: دوای ئەوەی لایەنە ئەمنییەکان زانیاری تەواو لەسەر گومانلێکراوان دەدەن بە دادوەر، دادوەر رەزامەندی دەدات بە دەستگیرکردنی گومانلێکراوان، فەرمانی دەستگیر کردنیان بۆ دەردەچێت بەم پێیەش رێگا بە هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس دەدرێت بە گرتن و پشکنین و بەدواداچوونی گومانلێکراوان و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لەگەڵیان، لەم قۆناغەدا بۆ ماوەی (٢٤) کاتژمێر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەمێننەوە بە مەبەستی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی سەرەتایی لەگەڵیاندا.

دوای دەستگیرکردنی گومانلێکراوان پەرِاوی تایبەتیان بۆ دەکرێتەوە و دەنێردرێن بۆ دادگاکانی لێکۆڵینەوە کە بەشێوەیەکی گشتی بۆ ماوەی (٧٢) کاتژمێر کە لەژێر لێکۆڵینەوەدا دەبن، بەڵام هەموو مافێکی یاساییان پارێزراو دەبێت وەک دابینکردنی پارێزەری تایبەت بە بەرگری، ئەگەر لەو ماوەیەدا سەلمێندرا کە لە کاری تیرۆریسیتيدا نەگلاوە و بێتاوانە ئەوا بە بڕیاری دادوەري لێکۆڵینەوە ئازاد دەکرێت، بەڵام بە پێچەوانەوە رێوشوێنی یاسایی بەرامبەردا دەگیرێتە بەر وەک ئەوەی ناردنی پەرِاوی لێکۆڵینەوەکان بۆ دادگای تاوان.

 

 





ئەم هەواڵە 865جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند دیمەنێک لە لافاوەکە فەرەنسا
ڤیدیۆیی .. شەقامی خۆت و چانسی خۆت
ڤیدیۆیی .. ساتی کوشتنی تارا فارس
ھەڵۆیەک ھەوڵی رفاندنی منداڵێک دەدات
چەند دیمەنێکی سامناکی زریان و گەردەلوولەکەی ئەمریکا
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad