English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
نێچیرڤان بارزانی: ئێمە چاوخشاندنەوە بە شێوازماندا دەکەینەوە، وەک پێشتر رەفتار ناکەین
2018-10-04 [03:04 AM]

ZNA - هه‌ولێر


 

سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگەیاند، ئەو هەنگاوە تاکلایەنەی یەکێتی زۆر جێگەی نیگەرانییە و دەستپێکێکی مەترسیدارە، کە ئەو پۆستە لە دەرەوەی ئیدارەی خەڵکی کوردستان دیاریکرا، وتیشی، چوونی ئەوان بۆ بەغدا بۆ ئەوە بوو ھەموو ھەوڵێک بدرێت کە یەکێتی ریزەکانی کورد بپارێزرێت.

نێچیرڤان بارزانی وتیشی، سەرکەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، سەرکەوتنی گەلی کوردستانە و پرۆسەیەکی دیموکراسییە کە گەلی ئێمە چەندین ساڵە بڕیاری لەسەر داوە و ھیوادارین لە داھاتووشدا ھەمیشە ئەم پرۆسەیە بە ئاشتییانە و دیموکراسییانە بەڕێوەبچێت، لەگەڵ ئەوەشدا زۆر گرنگە ئەنجامەکان هەر چۆنێک بێت، ئارامی و سەقامگیری و پشێویی خەڵک تێک نەدرێت و داوا لە ھێزە ئەمنییەکان دەکەم رێگا بە تەقەکردن نەدەن

باسی له‌وه‌ش كرد، لە ھەرێمی کوردستان کەس باسی دوو ئیدارەیی ناکات، ئێمە قەوارەیەکی دەستووریمان ھەیە کە پێی دەڵێن ھەرێمی کوردستان، ھەموو ئەو وێستگانەی کە ئێمە وەکو پارتی دەبووایە بڕیار بدەین، ھەمیشە لەگەڵ یەکێتی بە ھاوبەشی بڕیارمانداوە، لەگەڵ یەکێتی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ٥٠ بە ٥٠ نەبووین، بەڵام قبووڵمان کردووە پەنجا بە پەنجا بین، کورسییەکانیان کەمتر بووە لە پارتی، بەڵام ھەر وەک یەکتر چووین، ئێستا برادەران بەرەو زۆرینە و کەمینە دەچن، ئێ کەواتە پارتیش بەراوردی حیساباتی خۆی دەکات و لەسەر بنەمایەکی نوێ مامەڵە لەگەڵ یەکێتی دەکات.

سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، باسی له‌وه‌ش كرد، برادەرانی یەکێتی خۆیان رێگەکەیان ھەڵبژاردووە، ئێمە لە پەرلەمانی رابردوو ٣٨ کورسیمان ھەبوو و یەکێتی زۆر کەمتری ھەبوو، کەچی وەک یەکتربووین، چونکە یەکێتیمان بە ھێزێکی سەرەکی و ھاوبەش داناوە، بەڵام ئەمڕۆ یەکێتی رێگای دیکەی ھەڵبژارد و بەرەو ئەوە چوو کە بڵێ دەنگم ھەیە و ئیرادەی خۆم فەرز دەکەم، کەواتە دەبێت رێگا بە لایەنەکانی دیکەش بدرێت و دەبێت ئەوانیش لێمانی قوبوڵ بکەن لەسەر بنەمای کورسی مامەڵەیان لەگەڵدا بکەین.

ئه‌وه‌شی خسته‌روو، چاوەڕێی ئەنجامی فەرمیی ھەڵبژاردن دەکەن و ئەوکاتە دەکەونە دانوستاندن بۆ پێکھێنانی حکوومەتی ئایندە.

 

نێچیرڤان بارزانی وتی، بۆچوونی ئێمە وەکو پارتی ئەوە بووە کە پرسی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی كۆمار پێویستە لەنێو کوتلە کوردستانییەکانی نێو پەرلەمانی عێراق یەکلابکرێتەوە، ھۆیەکەیشی ئاسانە لە خولەکانی دیکەش ئەمە کراوە کە کێشە لەنێو برادەرانی یەکێتیش درووست بوو، بەڵام ئەوەی زۆر جێی نیگەرانییە بۆ ئێمە، ئەمە بابەتێکی خەتەرناکە و ئەم پۆستە لەدەرەوەی ئیرادەی خەڵکی کوردستان، خەڵکی دیکە دەنگیان بۆ داوە، ئەگینا ئێمە کەی گرنگی بەو پۆستە دەدەین، بەڵام ئێمە گوتمان با کوتلە کوردستانییەکان دابنیشن خۆیان یەکێک ھەڵبژێرن، ئەمە رێگای دروست بوو.

سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی رایگه‌یاند، دەمەوێ زۆر راشکاوانە بڵێم، ئەگەر داوای پۆستمان بکردایە ھەرچی لایەنی سیاسییە لە عێراق بە وڵاتانیشەوە داوایان دەکرد من خۆم بۆ ئەو پۆستە کاندید بکەم، بەڵام نەمانکردووە، بابەتەکە من نیم و، شێوەی ھەڵبژاردنەکەمان پێ دروست نییە، ئەوا شیعەکان توانییان کاندیدەکەیان یەکلابکەنەوە، پێمان ناشرین بوو بە دوو کاندید ھەڵبژاردن بکرێت. ئێمە لەگەڵ برادەرانی یەکێتی بەردەوام لە قسەکردندا بووین تاوەکو بە یەک کاندید بچین، ھەموو نەرمییەکمان نیشان دا و، ھەرچی ویستیان گوتمان رازین بە مەرجێک بە یەک کاندید بچینە نێو پەرلەمانی عێراق، دواتر خۆیان داوایان لە ئێمە کرد کە ھەندێک لە پۆستەکانی ھەرێمیشیان پێ بدەین، ئێمە بەویش رازی بووین، چونکە بە بۆچوونی ئێمە ئەوە لە بەرژەوەندیی کوردستان و ھەرێم نییە و نیگەرانیمان لێرەوە دەست پێ دەکات. ئەمە بابەتی ئەوە نییە کە پارتی شکستی ھێناوە، ھەموو گەلی کوردستان زەرەری کرد بەم ئیشەی کە تاکڕەوانە ئەنجام درا و پێموایە ئەمە خراپ دەبێت.

نێچیرڤان بارزانی باسی له‌وه‌ كرد، كاری سه‌ره‌كی ئێمە ئەوە بوو کە بە یەک کاندید بچینە نێو پەرلەمان، نەک لەبەردەم پەرلەمانتارەکان شەڕی یەکتر بکەین. ئێمە پێمانگوتن دەتوانن جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزارەتێکی سیادی وەربگرن، ١٢ ساڵە ئەو پۆستە لەدەست یەکێتییە، با ئەو ٤ ساڵە لەدەست پارتی بێت، لەئەنجامدا ئەوان لەسەر پێشنیازێک ھاتن گوتیان ئەگەر قبووڵ بکەن لە ھەرێمی کوردستان زیاتر نەرمیمان ھەبێت لە بابەتی پۆست، ئێمە گوتمان لەسەر ئەوەش رازین، پێشمان راگەیاندن کە ئامادەین و واژووش دەکەین، پێمانگوتن یەکڕیزیی کورد لە پۆست و پایە گرنگترە و یەکێتی ھێزێکی ئەساسییە و دەمانەوێت مامەڵەی لەگەڵدا بکەین.

نێچیرڤان بارزانی وتی، با جارێ ئەنجامی ھەڵبژاردن بە فەرمی رابگەیەندرێت، دواتر بە دڵنیاییەوە بەپێی چوارچێوەی یاسایی بەو جۆرەیە کە، ھێزی براوەی یەکەم بۆ پێکھێنانی حکوومەت رادەسپێردرێت، ئێمەش لەسەر پێشھاتەکانی ئێستا کار دەکەین، بەڵام ئەوەی روویدا بە دڵنیاییەوە کار لەسەر ھەرێمی کوردستان دەکات، ئێمە چاوخشاندنەوە بە شێوازماندا دەکەینەوە و، وەک پێشتر رەفتار ناکەین، بەڵام با جارێ ئەنجامەکان رابگەیەندرێت، ھەموومان دەزانین کاک بەرھەم کە گەڕایەوە نێو یەکێتی ھەر بۆ ئەوە بوو کاندیدبکرێت بۆ ئەو پۆستە، ئەگینا ھەر لەو حزبە بوو و، حزبێکی دیکەیشی دروستکرد، وەفاداری نە بۆ یەکێتی و نە بۆ ھاوپەیمانیش نەبوو، ھیوادارین بۆ کوردستانی ھەبێت.

لەبارەی راسپاردنی عادل عەبدولمەهدی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێڕاق، نێچیرڤان بارزانی وتی، ئێمە وەکو پارتی و بە شێوەیەکی فەرمیش پیرۆزباییمان لێی کردووە، بە دڵنیاییەوە دکتۆر عادل عەبدولمەھدی شایستەی ئەو پۆستەیە و لێرەشەوە پیرۆزبایی لێ دەکەین و زۆر دڵخۆشین و، مێژووێکی درێژمان پێکەوە ھەیە، ئەو شایستەی ئەوەیە کە ھەموو لایەنە سیاسییەکان لە عێراق پشتیوانی لێ بکەن تاوەکو لە ئەرکەکەی ئێستای سەرکەوتووبێت.

سەبارەت بە بەڵێنەکانی بەغدا بە هەرێمی کوردستان و چۆنییەتی میکانیزمی جێبەجێکردن، نێچیرڤان بارزانی وتی، ھیچ گەرەنتییەک نییە بۆ ھیچ شتێک، ئەم وڵاتە وایە، بەڵام دەبێت ھەوڵی خۆت بدەیت، ئەم ماوەیە دەرفەتێکی باشە بەغدا و کوردستان کە پێداچوونەوە بە شتەکانی خۆیان بکەن، ئەمڕۆ ھەلێک بۆ ھەردوولا ھاتووەتە پێشەوە کە لەسەر بنەمایەکی نوێ و بەدوور لەوەی کێ بەھێزە و کێ لاوازە، بەڵکو لەسەر بنەمای دەستووری عێراق کار بکەین و ئەزموون لەو ھەڵانە وەربگرین کە پێشتر کراون و ھەردوو لامان بەرەو ئایندەیەکی گەشتر ھەم بۆ عێراق و کوردستان ھەنگاو بنێین.





ئەم هەواڵە 2692جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند دیمەنێک لە لافاوەکە فەرەنسا
ڤیدیۆیی .. شەقامی خۆت و چانسی خۆت
ڤیدیۆیی .. ساتی کوشتنی تارا فارس
ھەڵۆیەک ھەوڵی رفاندنی منداڵێک دەدات
چەند دیمەنێکی سامناکی زریان و گەردەلوولەکەی ئەمریکا
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad