English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ساڵی رابردوو زیاتر له‌ 30 کەس سزای لەسێدارەدانیان بە سەردا سەپێندراوە
2018-10-07 [01:47 AM]

ZNA - هه‌ولێر


 

له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ ئاژانسی هه‌واڵی زاگرۆس نێردراوه‌، تێیدا دیندار زێبارى، رێکخەرى راسپاردە نێودەوڵەتییەکان رایگه‌یاند، ھەبوونی یاسا یەکێکە لە پڕەنسیپە ھەرە سەرەکییەکانی مافی مرۆڤ و جێبەجێکردنیشی دادپەروەری و سەقامگیری بۆ سیستەمی گشتی دابین دەکات.لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش ئەو پەیماننامانەی تایبەتن بە مافی مرۆڤ و بەرھەم ھاتوون خەسڵەتێکی یاساییان وەرگرتووە و خواستی ھەر تاکێکی کۆمەڵگایە لە ژێر ڕۆشنایی ڕێساکانیدا بژیت و دان بە مافەکانی دابنرێت، بەبێ جیاوازی و بە شێوەیەکی یەکسان، پێویستە یاسا ناوخۆییەکانیش بە شێوەیەک دابنرێن لەگەڵ کڕۆکی مافەکانی مرۆڤ و پەیماننامە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان بگونجێن.

سەبارەت بە یاسای لەسێدارەدان لە هەرێمی کوردستان، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند، هەرچەندە عێراق لە رێکەوتننامەکانی تایبەت بە نەهێشتنی سزای لەسێدارەدان ئەندام نییە، بەڵام سەرەڕای ئەمەش لە هەرێمی کوردستان جێبەجێکردنی ئەم سزایە زۆر بەرتەسک کراوەتەوە و رێژەی لەسێدارەدان بە رادەیەک کەمبووەتەوە کە دەتوانرێت کەیسەکان بژمێردرێت، ساڵی ٢٠٠٣ ماددەکانی تایبەت بە تاوانەکانی دژ بە ئەمنی ناوخۆیی و دەرەکی وڵات و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە یاساکانی ھەرێمی کوردستان لەکار خران بە یاسای ژمارە (٢١)ی ساڵی ٢٠٠٣ و یاسای ژمارە (٢٢)ی ساڵی ٢٠٠٣ و دواتر لە ساڵی ٢٠٠٦ بە یاسای ژمارە (٦)ی ساڵی ٢٠٠٦ دەروازەی دووەم لە یاسای (اصول المحاکمات الجزائیە) خراوەتەوە کار کە تایبەتە بە جێبەجێ کردنی سزای لەسێدارەدان.

دیندار زێبارى باسی له‌وه‌ش كرد، لەبەرئەوەی لەسێدارەدان سزایەکی نامرۆڤانەیە و لەگەڵ بنەماکانی مافی مرۆڤ ناگونجێت، لە ماددە (٦) پەیمانی نێودەوڵەتی تایبەت بە مافی شارستانی و سیاسیدا ھاتووە: (دەبێت سزای لەسێدارەدان لە حاڵەتی زۆر تایبەتدا بسەپێنرێت)، بەو مەرجانەی پەیمانەکە فەرزی کردووە، عێراق لە ساڵی ١٩٧١ ئەو پەیمانەی واژوو و پەسەند کردووە، دواتر پرۆتۆکۆلێکی ئیختیاری دەرچوو تایبەت بە سزای لەسێدارەدان، بەڵام عێراق واژووی نەکردووە و پەسەندی نەکردووە، بەپێی ئەو پەیمانەش عێراق سەرپێچی یاسای نێودەوڵەتی نەکردووە.

دیندار زێبارى لەبارەى دوایین ژمارە و ئامارى ئەوکەسانەى کە بە حوکمى لە سێدارەدان سزادراون لە حکومەتى هەرێمى کوردستان گوتى: لە سەرۆکایەتى دادگاى تێهەڵچوونەوەى ناوچەى هەولێر (17) کەس و لە سەرۆکایەتى دادگاى تێهەڵچوونەوەى ناوچەى دهۆک (13) کەس و لە سەرۆکایەتى دادگاى تێهەڵچوونەوەى ناوچەى سلێمانى (4) کەس بڕیارى لەسێدارەدانیان بۆ ساڵى 2017 بۆ دەرچووە بەبێ ئەوەى سزاکە ئەنجام بدرێت.

دیندار زێبارى ئاماژەى کرد: لەکاتێکدا حکومەتى هەرێمى کوردستان یاساى لە سێدارەدانیش جێبەجێ بکات ئەوا سەرپێچى لە یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی(القانون الدولی الانسانی) نەکردووە و پێشێلى ناکات، چونکە تا ئێستا عێراق پرۆتۆکۆلی ئیختیاری دووەمی تایبەت بە سزای لەسێدارەدانی ھاوپێچ بە پەیمانی نێودەوڵەتی تایبەت بە مافی شارستانی و سیاسی پەسەند نەکردووە، ھەر کاتێکیش عیراق ئەو پرۆتۆکۆلەی پەسند کرد ئەوسا ھەرێمی کوردستان ئەگەر سزای لەسێدارەدان جێبەجێ بکات ئەوا دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا زێباری گووتی" لە ساڵی ٢٠١٢ یاسای لێبووردنی گشتی دەرچووە، ئەو تاوانکارانەی سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە سزاکەیان بۆ تا ھەتایی کەم کراوەتەوە، لە ساڵی٢٠١٤ لە ھەرێمی کوردستان ٢٥ حاڵەت ھەبووە کە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە لەسەر تاوانی جیاجیا لەوانە تاوانی (کوشتنی بە ئەنقەست بە ماددەی ٤٠٦ و بردنی مرۆڤ بە ماددەی ٤٢٢ و دەستدرێژی کردنە سەر مەحرەم  (اغتصاب و اللواطة) بە ماددەی٣٩٣ ".

دیندار زێبارى رێکخەرى راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە کۆتاییدا رایگەیاند: ئەو تاوانبارانەی کە سزاى لەسێدارەدانیشیان بۆ دەرچووە بە شێوەیەکى خودکردار (تلقائیا) بڕیارەکانیان پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت لە داواکاری گشتی و دادگای پێداچوونەوە، کە ھاوکات لەگەڵ بنەماکانی پەیمانی نێودەوڵەتی تایبەت بە مافی شارستانی و سیاسی یەکدەگرنەوە بە شێوەیەکی گشتی ھەرێمی کوردستان لە ھەوڵی بەردەوامدایە ئەو سزایە ھەڵبگیرێت".





ئەم هەواڵە 2092جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند دیمەنێک لە لافاوەکە فەرەنسا
ڤیدیۆیی .. شەقامی خۆت و چانسی خۆت
ڤیدیۆیی .. ساتی کوشتنی تارا فارس
ھەڵۆیەک ھەوڵی رفاندنی منداڵێک دەدات
چەند دیمەنێکی سامناکی زریان و گەردەلوولەکەی ئەمریکا
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad