ZNA-ههولێر
مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، پێیوایە ئازادکردنی قەشە ئەمەرکیییەکە (ئەندرۆ برانسۆن) لەلایەن تورکیاوە، دەبێتە ھەنگاوێکی باش و راست و ھاوکاریی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و ئەنقەرە دەکات".
پۆمپیۆ لە ئێوارە خوانێکی ساڵانەی پەیمانگای یەھوودی بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا لە واشنتن، ئێوارەی رۆژی چوارشەممە ١٠/١٠/٢٠١٨ گووتی: "ئەوە کارێکی راستە و پێویستە بیکەن و کارێکی مرۆییە و دەبێت تورکیا ئەنجامی بدات، ھیوایەکی زۆرم ھەیە ئەندرۆ و ھاوژینەکەی بەم زووانە بگەڕێنەوە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا".
پۆمپیۆ، ئازادکردنی قەشەکەی بە ھەنگاوێکی گرنگ لە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمەریکا ناوبردووە.
دەستبەسەرکردنی قەشە ئەندرۆ برانسۆن، یەکێکە لە کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان ئەنقەرە و واشنتن و بەو ھۆیەشەوە ئەمەریکا سزا و باجی گومرگی بەسەر تورکیادا سەپاند، بەڵام ھێشتا دەسەڵاتدارانی تورکیا بە پاساوی بوونی پەیوەندی بە کودەتا شکستخواردووەکەی مانگی تەمووزی ٢٠١٦ ئامادەنین ئازادی بکەن.

ئەم هەواڵە 6184جار خوێندراوەتەوە |