English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
١٦ هەزار کورسى خوێندن بۆ ئەو خوێندکارانەى کە لە هیچ شوێنێک وەرنەگیراوون تەرخاندەکرێت
2018-10-16 [05:40 AM]

ZNA-هەولێر


وتەبێژى خوێندنى باڵا: پلانى وەرگرتنى دەرچووان لە زانکۆکان بەڕێژەى ١٠% بۆ بەشە ئەندازیارییەکان و 20% بۆ بەشکانى دیکە زيادكرا

لەدواى ئەنجامدانى ئامادەکارییەکان و بۆ رەخساندنى دەرفەت و هەلى زیاتر بۆ دەرچووان، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕیاريدا بەزیادکردنى پلانى وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەكان، كە بەپێى پلانى زیادکراو و ئەو کورسیانەى بە بەتاڵى مابوونەوە، (16) هەزار کورسى خوێندن بۆ ئەو خوێندکارانەى کە لە هیچ شوێنێک وەرنەگیراوون تەرخاندەکرێت.

عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەلێدوانێکدا رایگەیاند ئەنجامى وەرگرتنى خوێندکاران و قوتابیان لە زانکۆ حکومييەكانى هەرێمى کوردستان پرۆسەیەکى تەواو تەکنیکیە، کە بەپێى رێنمایەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و بەشێوازێکى تەواو پرۆفیشناڵانەو  زانستیانە جێبەجێ کراوە.

بۆیە هەر جۆرە تەفسیریێكى ناڕوون و نازانستیانە بۆ ئەم پرۆسەیە بۆ بکرێت زیاتر قوتابیان توشى دڵەڕاوکێ دەکات و بەهیچ شێوەیەک خزمەت بە پرۆسەکە ناکات، بۆیە نیگەرانیشین كاتێک دەبینین نيگەرانییەکانى خوێندکاران ئیستیغلال دەکرێت بۆ مەرامى سیاسى و حزبى کە ئەمەش کارێکى نەشیاو و نا تەندروستە، بۆیە وەک وەزارەت بەرچاومان روونەو پلانمان هەيە بۆ چارەسەرکردنى سەرجەم گرفتەکان.

عەباس ئەکرەم وتیشى لەدواى راگەیاندنى ناوى دەرچووان لە زانکۆ و پەیمانگەکان، لەئێستادا (12020) دوانزە هەزارو بیست کورسى لە پلانى وەرگرتنى ئەمساڵ بە بەتاڵى ماوەتەوە، ئەمەش لەئەنجامى ئەوەى کە دەرچووان خۆیان کەمتر داواکاریان بۆ بەشەکان پێشکەش کردووەو بەمەش بە بەتاڵى ماوەتەوە.

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى راشیگەیاند بۆ رەخساندنى دەرفەت و هەلى زیاتر بۆ دەرچووانى پۆلى دوانزەى ئامادەیى، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕیاريدا بەزیادکردنى پلانى وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانى هەرێمى کوردستان بەڕێژەى ١٠% بۆ بەشە ئەندازیارییەکان و 20% بۆ بەشکانى دیکە.

هەروەک وتیشى دواى جێبەجێ کردنى ئەم بڕیارانەى وەزارەت ژمارەى کورسی بەردەست بۆ ئەو قوتابى و خوێندکارانەى کە لە هیچ شوێنێک وەرنەگیراوون دەگاتە (16) هەزار کورسى خوێندن.

عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دوپاتیکردەوە ئەم کورسیانەى لە ئەنجامى زیادکردنى پلان بەردەستە، لەڕێگەى هەمان سیستمى ئەلیکترۆنیەوە دەخرێتەوە بەردەستى ئەو ئەو قوتابى و خوێندکارانەى کە لەهيچ شوێنێک وەرنەگیراوون، بەمەش کۆى ئەو خوێندکارانەى کە وەرنەگیراون گرفتەکانیان چارەسەر دەبێـت و لەدوو رۆژى داهاتووشدا لەڕێگەى بەرنامەى تەلەفزیۆنى و چاوپێکەوتنەوە تەواوى وردەکارییەکان بۆ دەرچووانى پۆلى دوانزەى ئامادەیى رووندەکەینەوە.

لە کۆتایشدا وتەبێژەکەى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى جەختیکردەوە کە هەردەم وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى خۆى بە خەمخۆر و بەرپرسى هەموو توێژی خوێندکاران دەزانێت و هەمووان دڵنیادەکەینەوە هەر دەرچوێک مافى وەرگرتنى هەبێت مافەکەى بۆ دەستەبەردەکرێت و مافى نافەوتێت.





ئەم هەواڵە 3517جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند دیمەنێک لە لافاوەکە فەرەنسا
ڤیدیۆیی .. شەقامی خۆت و چانسی خۆت
ڤیدیۆیی .. ساتی کوشتنی تارا فارس
ھەڵۆیەک ھەوڵی رفاندنی منداڵێک دەدات
چەند دیمەنێکی سامناکی زریان و گەردەلوولەکەی ئەمریکا
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad