English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
حکومەتی ھەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی نوێ دەردەکات 
2018-10-16 [03:03 AM]

ZNA – ھەولێر 




ئەمڕۆ ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٨، ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، چەند بڕیارێکی لەبارەی ھاوردەکردن و بازرگانیکردن بە دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان دەرکرد.


نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان چەند بڕیارێک لەبارەی مامەڵکردن بە دەرمانەوە دەردەکات و رایدەگەیێنێت، پێویستە سەرجەم ئەوانی مۆڵەتی کڕین و فرۆشتنی دەرمانیان ھەیە دووبارە مۆڵەت وەربگرنەوە و وەزارەتی تەندروستیش تاکە لایەنە کە مافی تۆمارکردن و پێدانی مۆڵەتی ھەیە، ھەر کەسێکیش بە قاچاخ مامەڵە بە دەرمان و کەرەستەی پزیشکییەوە بکات سزادەدرێت.
ئەو بڕیارانە ڕێگە نادرێت دەرمانساز ببێتە خاوەنی زیاتر لە یەک مۆڵەتی دەرمانخانە و کۆگای دەرمان، و پێویستە خاوەنی مۆڵەت خۆی بەڕێوەبەری ئەو شوێنانە بێت، ھەر لە بریارەکان ھاتووە: دەرمانساز بۆی نییە ھیچ دەرمانێک سەرف بکات بە بێ راچێتەی پزیشکی پسپۆڕ.
ئەمەی خوارەوە بریارەکانە:
١. ڕێگە نادرێت دەرمانساز ببێتە خاوەنی زیاتر لە یەک مۆڵەتی دەرمانخانە و کۆگای دەرمان، و پێویستە خاوەنی مۆڵەت خۆی بەڕێوەبەری ئەو شوێنانە بێت.
٢. جگە لە پزیشکی دەرمانساز، ھیچ کەس و لایەنێکی تر مافی فرۆشتنی دەرمان و ئامادەکردن و پاراستن و تۆمارکردنی لە تۆماری وەسفی پزیشکی نییە.
٣. دەرمانساز بۆی نییە ھیچ دەرمانێک سەرف بکات بە بێ راچێتەی پزیشکی پسپۆڕ، جگە لەو دەرمانانەی کە سەندیکای دەرمانسازانی کوردستان بە ھەماھەنگی وەزارەتی تەندروستی دەستنیشانیان دەکات. ھەر ڕەچەتەیەکیش تەنھا بۆ یەک جار بەکاردێت.
٤. پێویستە لەسەر گشت دەرمانخانەکان تۆماری وەسفی پزیشکییان ھەبێت بەم زانیارییانەی خوارەوە:
ڕ) ھەر دەرمانێک کە لە دەرمانخانەکەدا دابین کرابێت. ب) وەسفی پزیشکی. ج) چۆنیەتی بەکارھێنانی دەرمان. د) ناوی ئەو نەخۆشەی کە دەرمانەکەی بۆ دابینکراوە. ە) نرخی دەرمان. و) ناوی ئەو پزیشکەی وەسفی پزیشکیی دەرمانەکەی کردووە. ز) ڕێکەوتی دابینکردنی دەرمانەکە. ی) ڕێکەوتی نووسینی ڕەچەتەی دەرمانەکە.
٥. پێویستە لەسەر دەرمانخانەکان وێنەیەک لە پسووڵەی کۆمپیوتەریی سەرفکردنی دەرمان بدەن بە کڕیاری بەکاربەری دەرمان.
٦. دابینکردنی گەنجینەی پێویست لە خاڵەکانی سنوور و ناو شارەکان بۆ پاراستنیان بە شێوەیەک لەگەڵ پلەی ترسناکی ئەو ماددانەدا بگونجێت و گشت مەرجە تەندروستی و زانستییەکانیشی تیادابێت لە ڕووی پلەی گەرمی و شێ و ڕووناکی.
٧. ساردکەرەوەی تایبەتییان ھەبێت بەپێی ئەو مواسەفات و مەرجە داواکراوانەی کە وەزارەتی تەندروستی دیاری دەکات بۆ پاراستنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی و ماددە تاقیگەییەکان و ماددە کیمیاوی و بەکتەرەلۆژییەکان و ماددەکانی تایبەت بە بواری پزیشکی ددان و ئەو ماددە و کەلوپەلانەی دیکەش کە لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە دەستنیشان دەکرێن.
٨. پێویستە ئەو دەرمان و مەوادانە بەپێی ستانداردی پلەی گەرمی پارێزراو بن و کەشوھەوای ناو دەرمانخانەکان و کەشوھەوای ناو ساردکەرەوەکان ھەمان ئەو کەشوھەوا بێت کە لە لیفلێت و پاکەتی دەرمان و مەوادەکاندا تۆمارکراون.
٩. دابینکردن و بەکارھێنانی ھۆکار و ئۆتۆمبێلی تایبەت بە گواستنەوەی ئەو دەرمان و مەوادانەی ئاماژەیان پێدراوە لە سەرچاوە و خاڵە سنوورییەکانەوە بۆ ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و لە کاتی گواستنەوەیان لە ناو ھەرێمی کوردستان.
١٠. دابینکردنی کارەبای ھەمیشەیی (٢٤) سەعاتی بۆ دەرمانخانە و کۆگا و ئەو شوێنانەی دیکە کە لەم بڕیارەدا ئاماژەیان پێدراوە، و خاوەنی ئەم شوێنانە بەرپرسیارن لە جێبەجێکردنی ئەم بڕگەیە لەسەر تێچووی خۆیان لە ئەگەری نەبوونی کارەبای نیشتمانی.
١١. چاوخشاندنەوە لەسەر کۆمپانیاکانی دەرمان و پێداویستی پزیشکی و ڕاگرتنی دامەزراندن و تۆمارکردنی کۆمپانیای نوێ.
١٢. قەدەغەکردنی ھەر ڕێککەوتنێک بە ھەر شێواز و لەژێر ھەر پاساوێکدا بێت لە نێوان پزیشک و دەرمانساز و مەندوبی کۆمپانیاکانی بواری دەرمان و پێداویستی پزیشکی کە مەبەست لێی ساغکردنەوەی ئەو بابەتانە بێت لە بەرامبەر مەبەستی بازرگانی و سوودی کەسی.
١٣. پێویستە لەسەر پزیشک و پزیشکی ددان لە کاتی نووسینی ڕەچەتەی پزیشکیی دەرمان بۆ نەخۆش تەنھا ناوی زانستی بنووسن نەوەکو ناوی بازرگانی یان کۆمپانیا و ڕەگەزنامەی کۆمپانیای بەرھەمھێنەر یان دەرمانخانەیەکی دیاریکراو.
١٤. ڕێگە نادرێت بە ڕیکلامکردن و پڕوپاگەندە (الإعلان والدعایە) بۆ ئەو دەرمان و بابەتە دەرمانسازییانەی کە بەکارھێنانیان پێویستی بە ڕەچەتەی پزیشکییە.
١٥. ھەر کەسێک دەرمان یان بەرھەمە پزیشکییەکان یان کەرەستە کیمیاییەکان ساختە، کۆپی (تقلید) بکات، یان خستنەڕوو و کڕین و فرۆشتنی پێ ئەنجام بدات، یان دروستیان بکات، ئەوا پێویستە لەسەر وەزارەتی تەندروستی و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی سەر بەم وەزارەتە سکاڵایان لە دژ تۆمار بکەن لە داگاکانی لێکۆڵینەوەی پەیوەندیدار.
١٦. ھەر کەسێک بە پێچەوانەی یاسا و ڕێنماییە کارپێکراوەکان بە بێ مۆڵەتی لایەنی پەیوەندیدار بە قاچاخ مامەڵە بکات بە دەرمان و پێداویستی پزیشکی ئەوا پێویستە وەزارەتی تەندروستی و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی سەر بەم وەزارەتە سکاڵایان لە دژ تۆمار بکەن لە داگاکانی لێکۆڵینەوەی پەیوەندیدار.
١٧. لیـژنە پەیوەندیدارەکانی قایمقامیەت و ئاسایشی بازرگانی و پۆلیس و ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و کواڵێتی کۆنتڕۆڵ و دەزگا و دامەزراوەکانی تری ھاوشێوە دەستکراوە دەبن لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان لە پشکنین و بەدواداچوون و گرتنی سەرپێچییەکان و دەستنیشانکردنی ناوی ئەو کەس ولایەنانەی دەبنە ڕێگر لە بەرامبەر بەجێھێنانی ئەرکەکانیان و ڕاپۆرتکردنی زانیارییەکان بۆ وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی تر بە مەبەستی تۆمارکردنی سکاڵا بەپێی یاسای سزاکان ژمارە (١١١)ی ساڵی ١٩٦٩ ھەموارکراو و لە کاتی کەمتەرخەمی ناوبراوان لەو ئەرکانەی پێیان سپێردراوە یان ئاسانکاری بۆ سەرپێچیکاران، ئەوا ڕێکاری یاساییان لە بەرامبەردا دەگیرێتەبەر و توندترین سزا دەدرێن.
١٨. سەرۆکایەتی داواکاری گشتی لە وەزارەتی داد جێگری داواکاری گشتی بەپێی پێویست لە سنووری ھەر پارێزگا و قەزایەک دەستنیشان دەکات وەک چاودێر و سەرپەرشتیار بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی ئەم بڕیارە.





ئەم هەواڵە 10435جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند دیمەنێک لە لافاوەکە فەرەنسا
ڤیدیۆیی .. شەقامی خۆت و چانسی خۆت
ڤیدیۆیی .. ساتی کوشتنی تارا فارس
ھەڵۆیەک ھەوڵی رفاندنی منداڵێک دەدات
چەند دیمەنێکی سامناکی زریان و گەردەلوولەکەی ئەمریکا
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad