English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
نێچیرڤان بارزانی چه‌ند بڕیارێك بۆ باشتركردنی بواری ته‌ندروستیی هه‌رێمی كوردستان ده‌رده‌كات
2018-10-17 [10:50 AM]

ZNA-هەولێر


له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و  ڕیفۆرم و چاكسازییه‌كانه‌ی كه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ باشتركردن و پاراستنی ژیانی خه‌ڵكی كوردستان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا ئه‌نجامیان ده‌دات، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان چه‌ند بڕیارێكی گرنگی له‌ بواری ته‌ندروستی و كۆنترۆڵكردنی ده‌رمان له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ركرد كه‌ ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قی بڕیاره‌كانن:

                                                                                 (بڕیار)
پشتبەست بە ئەحكامەكانی یاسای پیادەكردنی پیشەی دەرمانسازی ژمارە (40)ی ساڵی 1970 هەمواركراو، و پشتبەست بە بڕگەی (یەكەم) لە ماددەی (حەوتەم) لە یاسای سەندیكای دەرمانسازەكانی هەرێمی كوردستان ژمارە (8)ی ساڵی 1999، و ئاماژە بە بڕگەی (یانزەیەم) لە ماددەی (2) لە یاسای وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان ژمارە (15)ی ساڵی 2007، و لەسەر پێشنیاری وەزارەتی تەندروستی، بڕیاردرا بە:


1. ڕێگە نادرێت دەرمانساز ببێتە خاوەنی زیاتر لە یەك مۆڵەتی دەرمانخانە، كۆگای دەرمان، كارگەی دروستكردنی دەرمان و ئەو شوێنانەی لە ماددەی (یەكەم)ی یاسای ژمارە (40)ی ساڵی 1970 هەمواركراوی ئاماژەپێدراوی سەرەوەدا هاتوون.
2. پێویستە خاوەنی مۆڵەت خۆی بەڕێوەبەری ئەو شوێنانە بێت كە لە بڕگەی (1)ی سەرەوەدا ئاماژەیان پێدراوە و بۆی نییە ئەو مافە بۆ هیچ كەس و لایەنێك بگوێزێتەوە و پێویستە بە ڕێكوپێكی لەو شوێنەدا دەوام بكات.
3. پێویستە ناوی دەرمانخانە و ناوی دەرمانسازی بەڕێوەبەری دەرمانخانە بە شێوەیەكی ئاشكرا و بە پیتی دیار بە هەردوو زمانی كوردی و عەرەبی لە پێشی دەرمانخانەكەدا هەڵبواسرێت.
4. پێویستە لەسەر وەزیری تەندروستی دەرمانسازی فەرمانبەر لەسەر میلاكی وەزیفی كە بەشدارە لە دامەزراوەكانی پەیوەندیدار بە سەرپەرشتی و چاودێری و پشكنین و بەڕێوەبردن و لێپرسینەوەی ئەو شوێنانەی لە بڕگەی (1)ی ئەم بڕیارەدا قەدەغە بكات لە هەبوونی مۆڵەت. لە بەرامبەردا وەزارەتی دارایی و ئابووری دەرماڵەیەكی تایبەت بۆ ئەو دەرمانسازانە تەرخان دەكات. بۆ جێبەجێكردنی ئەم بڕگەیەش، وەزیری تەندروستی دەسەڵاتی دانانی دەرمانسازی بیانی هەیە بۆ مەبەستەكانی هاتوو لەم بڕگەیە بەپێی گرێبەستێك كە مەرجەكانی لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە بە هەماهەنگی وەزارەتی دارایی و ئابووری دەستنیشان دەكرێت.
5. جگە لە پزیشكی دەرمانساز هیچ كەس و لایەنێكی تر مافی فرۆشتنی دەرمان و ئامادەكردن و پاراستن و تۆماركردنی لە تۆماری وەسفی پزیشكی نییە، جگە لە یاریدەدەری دەرمانساز و فەرمانبەری تەندروستی و قوتابیانی كۆلێژی دەرمانسازی كە لەژێر ڕاهێناندان، ئەویش بە مەرجێك لەژێر سەرپەرشتی بەڕێوەبەری شوێنەكە بن و پێشتر وەزارەت و سەندیكای دەرمانسازان لە ناوەكانیان ئاگاداركرابنەوە.
6. دەرمانساز بۆی نییە هیچ دەرمانێك سەرف بكات یان دابین بكات بە بێ راچێتەی پزیشكی پسپۆڕ، جگە لەو دەرمانانەی كە سەندیكای دەرمانسازانی كوردستان بە هەماهەنگی وەزارەتی تەندروستی دەستنیشانیان دەكات. هەر ڕەچەتەیەكیش تەنها بۆ یەك جار بەكاردێت و نابێت لەسەر ڕەچەتەی بەكارهاتوو دەرمان بكڕدرێتەوە جگە لەو دەرمانانەی كە بەپێی ڕەچەتەی پزیشكی بۆ نەخۆشی درێژخایەنن و وەزارەتی تەندروستی دەستنیشانیان دەكات.
7. پێویستە لەسەر گشت دەرمانخانەكان تۆماری وەسفی پزیشكییان هەبێت كە لاپەڕەكانی ژمارە كرابن و مۆری دەسەڵاتی پێوەبێت و ئەم زانیارییانەی خوارەوەی تیادابێت:
أ‌) هەر دەرمانێك كە لە دەرمانخانەكەدا دابین كرابێت.
ب‌) وەسفی پزیشكی.
ج‌) چۆنیەتی بەكارهێنانی دەرمان.
د‌) ناوی ئەو نەخۆشەی كە دەرمانەكەی بۆ دابینكراوە.
ه‌) نرخی دەرمان.
و‌) ناوی ئەو پزیشكەی وەسفی پزیشكیی دەرمانەكەی كردووە.
ز‌) ڕێكەوتی دابینكردنی دەرمانەكە.
ی‌) ڕێكەوتی نووسینی ڕەچەتەی دەرمانەكە.

8. پێویستە لەسەر دەرمانخانەكان وێنەیەك لە پسووڵەی كۆمپیوتەریی سەرفكردنی دەرمان بدەن بە كڕیاری بەكاربەری دەرمان كە ناوی دەرمانخانەكە و خاوەنەكەی و ناونیشان و ژمارەی مۆبایل و ئیمەیل لەخۆبگرێت، سەرەڕای جۆری دەرمانەكان و ناوی زانستی و بازرگانی و بڕ و نرخەكانیان و ناوی ئەو پزیشكەی كە ڕەچەتەی پزیشكی بۆ نەخۆش ڕێكخستووە، و پێویستە ئەم زانیارییانە لە داتابەیسێكی كۆمپیوتەری هەڵبگیرێت، و لە كاتی پێویستدا لیژنە و لایەنە ڕێپێدراوەكان مافی سەیركردن و دەستكەوتنی ئەو زانیارییانەیان دەبێت.
9. پێكهێنانی لیژنەیەك لە وەزارەتی تەندروستی بە ناوی (لیژنەی نرخاندنی دەرمان) لە (5) پێنج ئەندام كە سەرۆكەكەی و (2) دوو ئەندامیان لەلایەن وەزیری تەندروستی دەستنیشان دەكرێن لە فەرمانبەرانی پزیشكی دەرمانساز و (1) یەك نوێنەری سەندیكای دەرمانسازانی كوردستان و (1) نوێنەری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بە مەبەستی دەستنیشانكردنی بنەماكانی دیاریكردنی نرخی دەرمان و بەرهەمە پزیشكییەكان كە هاوردە دەكرێن یان لە ناوخۆدا بەرهەم دەهێنرێن و پێویستە لەسەر هاوردەكار نرخی دەرمان و بەرهەمە پزیشكییەكان بە تاك دەستنیشان بكات بەپێی ئەو ڕێنماییانەی وەزیری تەندروستی دەریان دەكات.
10.  لیـژنە پەیوەندیدارەكانی قایمقامیەت و ئاسایشی بازرگانی و پۆلیس و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ و كواڵێتی كۆنتڕۆڵ و دەزگا و دامەزراوەكانی تری هاوشێوە دەستكراوە دەبن لە جێبەجێكردنی ئەركەكانیان لە پشكنین و بەدواداچوون و گرتنی سەرپێچییەكان و دەستنیشانكردنی ناوی ئەو كەس ولایەنانەی دەبنە ڕێگر لە بەرامبەر بەجێهێنانی ئەركەكانیان و ڕاپۆرتكردنی زانیارییەكان بۆ وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەكانی تر بە مەبەستی تۆماركردنی سكاڵا بەپێی یاسای سزاكان ژمارە (111)ی ساڵی 1969 هەمواركراو و لە كاتی كەمتەرخەمی ناوبراوان لەو ئەركانەی پێیان سپێردراوە یان ئاسانكاری بۆ سەرپێچیكاران، ئەوا ڕێكاری یاساییان لە بەرامبەردا دەگیرێتەبەر و توندترین سزا دەدرێن.
11.  پێویستە لەسەر سەرجەم دەرمانخانە و كۆگا و شوێنی دەرمان و پێداویستی پزیشكی و ماددە تاقیگەییەكان و ماددە كیمیاوی و بەكتەرەلۆژییەكان و ماددەكانی تایبەت بە بواری پزیشكی ددان و ئەو ماددە و كەلوپەلانەی دیكەش كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە دەستنیشان دەكرێن ئەم خاڵانەی خوارەوە جێبەجێ بكەن:
أ‌) دابینكردنی گەنجینەی پێویست لە خاڵەكانی سنوور و ناو شارەكان بۆ پاراستنیان بە شێوەیەك لەگەڵ پلەی ترسناكی ئەو ماددانەدا بگونجێت و گشت مەرجە تەندروستی و زانستییەكانیشی تیادابێت لە ڕووی پلەی گەرمی و شێ و ڕووناكی و هەواخۆشكردن (هەواگۆڕكێ) و ساردكردن و دابینكردنی ئامێركانی ئاگركوژێنەوە و بنكەی تەختە یان ئاسن.
ب‌) ساردكەرەوەی تایبەتییان هەبێت بەپێی ئەو مواسەفات و مەرجە داواكراوانەی كە وەزارەتی تەندروستی دیاری دەكات بۆ پاراستنی دەرمان و پێداویستی پزیشكی و ماددە تاقیگەییەكان و ماددە كیمیاوی و بەكتەرەلۆژییەكان و ماددەكانی تایبەت بە بواری پزیشكی ددان و ئەو ماددە و كەلوپەلانەی دیكەش كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە دەستنیشان دەكرێن.
ج‌) پێویستە ئەو دەرمان و مەوادانە بەپێی ستانداردی پلەی گەرمی پارێزراو بن و كەشوهەوای ناو دەرمانخانەكان و كەشوهەوای ناو ساردكەرەوەكان هەمان ئەو كەشوهەوا بێت كە لە لیفلێت و پاكەتی دەرمان و مەوادەكاندا تۆماركراون.
د‌) دابینكردن و بەكارهێنانی هۆكار و ئۆتۆمبێلی تایبەت بە گواستنەوەی ئەو دەرمان و مەوادانەی ئاماژەیان پێدراوە لە سەرچاوە و خاڵە سنوورییەكانەوە بۆ ناوخۆی هەرێمی كوردستان و لە كاتی گواستنەوەیان لە ناو هەرێمی كوردستان، و بە هەموو جۆرێك قەدەغەیە ئۆتۆمبێلی دیكەی ناتایبەت بەكاربهێنرێت بۆ ئەم مەبەستە و بە پێچەوانەوە لیژنە پەیوەندیدارەكان و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ و پۆلیسی هاتووچۆ دەسەڵاتی دەستبەسەرداگرتنیان هەیە و خاوەنەكەشی ڕێكاری یاسایی لە بەرامبەر دەگیرێتەبەر وەك مامەڵەكار بە دەرمانی بەسەرچوو.
ه‌) دابینكردنی كارەبای هەمیشەیی (24) سەعاتی بۆ دەرمانخانە و كۆگا و ئەو شوێنانەی دیكە كە لەم بڕیارەدا ئاماژەیان پێدراوە، و خاوەنی ئەم شوێنانە بەرپرسیارن لە جێبەجێكردنی ئەم بڕگەیە لەسەر تێچووی خۆیان لە ئەگەری نەبوونی كارەبای نیشتمانی.

12.  ڕێگە نادرێت بە ڕیكلامكردن و پڕوپاگەندە (الإعلان والدعایة) بۆ ئەو دەرمان و بابەتە دەرمانسازییانەی كە بەكارهێنانیان پێویستی بە ڕەچەتەی پزیشكییە. بەڵام ئەو دەرمانانەی دیكە كە پێویستییان بە ڕەچەتە نییە، دەبێت ڕەزامەندی پێشوەختی بە نووسراوی وەزارەتی تەندروستی وەربگرێت بە مەرجێك ئەو كەس و كۆمپانیایەی هەڵدەستێت بە ڕیكلامكردن و پڕوپاگەندە ڕێگەپێدراو بێت و ئەمانەت و دیقەتیش ڕەچاو بكات لە خستنەڕووی زانیارییەكان سەبارەت بەو دەرمان و بابەتە دەرمانسازییانە.
13.  سەرۆكایەتی داواكاری گشتی لە وەزارەتی داد جێگری داواكاری گشتی بەپێی پێویست لە سنووری هەر پارێزگا و قەزایەك دەستنیشان دەكات وەك چاودێر و سەرپەرشتیار بۆ جێبەجێكردنی بڕگەكانی ئەم بڕیارە، و پێویستە بە شێوەیەكی ڕێكوپێك ڕاپۆرتی بەدواداچوون پێشكەش بە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بكات لە ڕێگەی سەرۆكایەتی داواكاری گشتی كە تیایدا بەرەوپێشچوون و ئاستەنگەكانی بەردەم جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە بخاتەڕوو سەرەڕای دەستنیشانكردنی فەرمانبەر و كەس و لایەنی بەرهەڵستكار تاوەكو ڕێكاری قانونی لە بەرامبەردا بگیرێتەبەر.
14.  سەرجەم وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان ئەم بڕیارە جێبەجێ دەكەن لە ڕێكەوتی دەرچوونییەوە و لە ڕۆژنامەی (وەقائیعی كوردستان)دا بڵاودەكرێتەوە.

                                                                                 (بڕیار)
لەسەر پێشنیاری وەزارەتی تەندروستی بە نووسراویان ژمارە (7782) لە 24/7/2018، و لەبەر ڕۆشنایی ماددەی (28) لە یاسای (پیادەكردنی پیشەی دەرمانسازی) ژمارە (40)ی ساڵی 1970، و پشتبەست بە بڕگەی (یەكەم) لە ماددەی (حەوتەم) لە یاسای سەندیكای دەرمانسازەكانی هەرێمی كوردستان ژمارە (8)ی ساڵی 1999، و ئاماژە بە بڕگەی (یانزەیەم) لە ماددەی (2) لە یاسای وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان ژمارە (15)ی ساڵی 2007، بڕیاردرا بە:


1. ڕاگرتنی كاركردن بە فەرمانی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران/ سەرۆكایەتی دیوان ژمارە (1148) لە 17/2/2014، و پێویستە وەزارەتی تەندروستی لەبەر ڕۆشنایی ماددەی ئاماژەپێدراو لە پێشەكی ئەم بڕیارەدا ئەم بابەتە ڕێكبخاتەوە.
2. وەزارەتی تەندروستی تەنها لایەنی پەیوەندیدارە بە تۆماركردن و پێدانی مۆڵەت بە خاوەن پیشە تەندروستییەكان، و پێویستە لەسەر هەموو ئەو خاوەن پیشە تەندروستییانەی لە پێش دەرچوونی ئەم بڕیارە مۆڵەتیان لە لایەنی دیكە وەرگرتووە سەردانی وەزارەتی تەندروستی بكەن بۆ وەرگرتنی مۆڵەت لە وەزارەت بە ڕەچاوكردنی پەیڕەوی پیادەكردنی پیشە تەندروستییەكان ژمارە (11)ی ساڵی 1962 هەمواركراو.
3. لە حاڵەتی سەرپێچیكردندا ئەوا پێویستە وەزارەتی تەندروستی ناوی خاوەن پیشەی تەندروستی لە تۆماری وەزارەت بكوژێنێتەوە و ڕێگەیان پێنادرێت بە پیادەكردنی پیشەكانیان لەبەر ڕۆشنایی پەیڕەوی پیادەكردنی پیشە تەندروستییەكان ژمارە (11)ی ساڵی 1962 هەمواركراو.
4. لیـژنە پەیوەندیدارەكانی قایمقامیەت و ئاسایشی بازرگانی و پۆلیس و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ و كواڵێتی كۆنتڕۆڵ و دەزگا و دامەزراوەكانی تری هاوشێوە دەستكراوە دەبن لە جێبەجێكردنی ئەركەكانیان لە پشكنین و بەدواداچوون و گرتنی سەرپێچییەكان و دەستنیشانكردنی ناوی ئەو كەس ولایەنانەی دەبنە ڕێگر لە بەرامبەر بەجێهێنانی ئەركەكانیان و ڕاپۆرتكردنی زانیارییەكان بۆ وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەكانی تر بە مەبەستی تۆماركردنی سكاڵا بەپێی یاسای سزاكان ژمارە (111)ی ساڵی 1969 هەمواركراو و لە كاتی كەمتەرخەمی ناوبراوان لەو ئەركانەی پێیان سپێردراوە یان ئاسانكاری بۆ سەرپێچیكاران، ئەوا ڕێكاری یاساییان لە بەرامبەردا دەگیرێتەبەر و توندترین سزا دەدرێن.
5. سەرۆكایەتی داواكاری گشتی لە وەزارەتی داد جێگری داواكاری گشتی بەپێی پێویست لە سنووری هەر پارێزگا و قەزایەك دەستنیشان دەكات وەك چاودێر و سەرپەرشتیار بۆ جێبەجێكردنی بڕگەكانی ئەم بڕیارە، و پێویستە بە شێوەیەكی ڕێكوپێك ڕاپۆرتی بەدواداچوون پێشكەش بە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بكات لە ڕێگەی سەرۆكایەتی داواكاری گشتی كە تیایدا بەرەوپێشچوون و ئاستەنگەكانی بەردەم جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە بخاتەڕوو سەرەڕای دەستنیشانكردنی فەرمانبەر و كەس و لایەنی بەرهەڵستكار تاوەكو ڕێكاری قانونی لە بەرامبەردا بگیرێتەبەر.
6. سەرجەم وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان ئەم بڕیارە جێبەجێ دەكەن لە ڕێكەوتی دەرچوونییەوە و لە ڕۆژنامەی (وەقائیعی كوردستان)دا بڵاودەكرێتەوە.

                                                                          (بڕیار)
پشتبەست بە ئەحكامەكانی یاسای پیادەكردنی پیشەی دەرمانسازی ژمارە (40)ی ساڵی 1970 هەمواركراو، و پشتبەست بە بڕگەی (یەكەم) لە ماددەی (حەوتەم) لە یاسای سەندیكای دەرمانسازەكانی هەرێمی كوردستان ژمارە (8)ی ساڵی 1999، و ئاماژە بە بڕگەی (یانزەیەم) لە ماددەی (2) لە یاسای وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان ژمارە (15)ی ساڵی 2007، و لەسەر پێشنیاری وەزارەتی تەندروستی، بڕیاردرا بە:


1. هەر كەسێك دەرمان یان بەرهەمە پزیشكییەكان یان كەرەستە كیمیاییەكان ساختە، كۆپی (تقلید) بكات، یان خستنەڕوو و كڕین و فرۆشتنی پێ ئەنجام بدات، یان دروستیان بكات، ئەوا پێویستە لەسەر وەزارەتی تەندروستی و دامەزراوە پەیوەندیدارەكانی سەر بەم وەزارەتە سكاڵایان لە دژ تۆمار بكەن لە داگاكانی لێكۆڵینەوەی پەیوەندیدار بەپێی یاسای سزاكان ژمارە (111)ی ساڵی 1969 هەمواركراو، سەرەڕای سزا و حوكمە بەرزەفتییەكان كە لە یاسای سەندیكا پیشەییە پەیوەندیدارەكاندا هاتووە.
2. هەر كەسێك بە پێچەوانەی یاسا و ڕێنماییە كارپێكراوەكان بە بێ مۆڵەتی لایەنی پەیوەندیدار بە قاچاخ مامەڵە بكات بە (دەرمان و پێداویستی پزیشكی و پێداویستی تاقیگەیی و ماددە كیمیاوی و بەكتریۆلۆژییەكان و ماددەكانی تایبەت بە بواری پزیشكی ددان و ئامێری پزیشكی و ئامێرەكانی خزمەتگوزاریی پزیشكی و ماددە كارا و ناكارەكان و ماددەكانی پێچانەوە كە لە پیشەسازی و بەرهەمهێنانی دەرمان بەكاردێن و دەرمانی گیایی و تەواوكەری خۆراك) ئەوا پێویستە وەزارەتی تەندروستی و دامەزراوە پەیوەندیدارەكانی سەر بەم وەزارەتە سكاڵایان لە دژ تۆمار بكەن لە داگاكانی لێكۆڵینەوەی پەیوەندیدار بەپێی یاسای سزاكان ژمارە (111)ی ساڵی 1969 هەمواركراو، سەرەڕای سزا و حوكمە بەرزەفتییەكان كە لە یاسای سەندیكا پیشەییە پەیوەندیدارەكاندا هاتووە.
3. لیـژنە پەیوەندیدارەكانی قایمقامیەت و ئاسایشی بازرگانی و پۆلیس و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ و كواڵێتی كۆنتڕۆڵ و دەزگا و دامەزراوەكانی تری هاوشێوە دەستكراوە دەبن لە جێبەجێكردنی ئەركەكانیان لە پشكنین و بەدواداچوون و گرتنی سەرپێچییەكان و دەستنیشانكردنی ناوی ئەو كەس ولایەنانەی دەبنە ڕێگر لە بەرامبەر بەجێهێنانی ئەركەكانیان و ڕاپۆرتكردنی زانیارییەكان بۆ وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەكانی تر بە مەبەستی تۆماركردنی سكاڵا بەپێی یاسای سزاكان ژمارە (111)ی ساڵی 1969 هەمواركراو و لە كاتی كەمتەرخەمی ناوبراوان لەو ئەركانەی پێیان سپێردراوە یان ئاسانكاری بۆ سەرپێچیكاران، ئەوا ڕێكاری یاساییان لە بەرامبەردا دەگیرێتەبەر و توندترین سزا دەدرێن.
4. سەرۆكایەتی داواكاری گشتی لە وەزارەتی داد جێگری داواكاری گشتی بەپێی پێویست لە سنووری هەر پارێزگا و قەزایەك دەستنیشان دەكات وەك چاودێر و سەرپەرشتیار بۆ جێبەجێكردنی بڕگەكانی ئەم بڕیارە، و پێویستە بە شێوەیەكی ڕێكوپێك ڕاپۆرتی بەدواداچوون پێشكەش بە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بكات لە ڕێگەی سەرۆكایەتی داواكاری گشتی كە تیایدا بەرەوپێشچوون و ئاستەنگەكانی بەردەم جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە بخاتەڕوو سەرەڕای دەستنیشانكردنی فەرمانبەر و كەس و لایەنی بەرهەڵستكار تاوەكو ڕێكاری قانونی لە بەرامبەردا بگیرێتەبەر.
5. سەرجەم وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان ئەم بڕیارە جێبەجێ دەكەن لە ڕێكەوتی دەرچوونییەوە و لە ڕۆژنامەی (وەقائیعی كوردستان)دا بڵاودەكرێتەوە.

                                                                      (بڕیار)
ئاماژە بە ئەحكامی ماددەكانی (26) و (27) لە یاسای سەندیكای پزیشكانی هەرێمی كوردستان ژمارە (6)ی ساڵی 2000، و ماددەی (بیست و چوارەم) لە یاسای سەندیكای دەرمانسازەكانی هەرێمی كوردستان ژمارە (8)ی ساڵی 1999، و لەسەر پێشنیاری وەزارەتی تەندروستی، بڕیاردرا بە:


1. قەدەغەكردنی هەر ڕێككەوتنێك بە هەر شێواز و لەژێر هەر پاساوێكدا بێت لە نێوان پزیشك و دەرمانساز و مەندوبی كۆمپانیاكانی بواری (دەرمان و پێداویستی پزیشكی و پێداویستی تاقیگەیی و ماددە كیمیاوی و بەكتریۆلۆژییەكان و ماددەكانی تایبەت بە بواری پزیشكی ددان و ئامێری پزیشكی و ئامێرەكانی خزمەتگوزاریی پزیشكی و ماددە كارا و ناكارەكان و ماددەكانی پێچانەوە كە لە پیشەسازی و بەرهەمهێنانی دەرمان بەكاردێن و دەرمانی گیایی و تەواوكەری خۆراك) كە مەبەست لێی ساغكردنەوەی ئەو بابەتانە بێت لە بەرامبەر مەبەستی بازرگانی و سوودی كەسی لە دەرەوەی چوارچێوەی دیاریكراو بۆ پیشەی پزیشكی وەك حاڵەتە نەخوازراوەكانی پێدانی پاداشت و شیرینی و سەفەر و هەر ئیمتیازاتێكی تر بە پزیشك یان یەكێك لە كەسە نزیكەكانی تا پلەی چوارەم لە بەرامبەر ساغكردنەوەی نادروستی دەرمان و ئەو بابەتانە.
2. پێویستە لەسەر ئەو پزیشكانەی كە لە پێش دەركردنی ئەم بڕیارە ڕێككەوتنی لەو جۆرەیان كە لە بڕگەی (1)ی سەرەوەدا هاتووە لەژێر هەر پاساوێكدا ئەنجامداوە، دەسبەجێ هەڵیبوەشێننەوە. بە پێچەوانەوە ڕێكاری یاسایی لە بەرامبەریان دەگیرێتەبەر لەبەر ڕۆشنایی یاسای سزاكان ژمارە (111)ی ساڵی 1969 هەمواركراو بە حەواڵەكردنی كەیسەكانیان لەلایەن داواكاری گشتییەوە بۆ دادگاكانی لێكۆڵینەوە سەرەڕای سزا و حوكمە بەرزەفتییەكان كە لە بەشی (چوارەم) لە یاسای سەندیكای پزیشكانی هەرێمی كوردستان ژمارە (6)ی ساڵی 2000دا هاتووە.
3. پێویستە لەسەر پزیشك و پزیشكی ددان لە كاتی نووسینی ڕەچەتەی پزیشكیی دەرمان بۆ نەخۆش تەنها ناوی زانستی بنووسن و بە هەموو جۆرێك قەدەغەیە لەژێر هەر بیانوو و پاساوێكدا ئاماژە بدرێت بە ناوی بازرگانی یان كۆمپانیا و ڕەگەزنامەی كۆمپانیای بەرهەمهێنەر یان دەرمانخانەیەكی دیاریكراو، بەڵكو نەخۆش ئازادە لە هەر دەرمانخانەیەك خۆی بیەوێت و لە هەر كۆمپانیا و ناوێكی بازرگانیی ڕێگەپێدراو.
4. لیـژنە پەیوەندیدارەكانی قایمقامیەت و ئاسایشی بازرگانی و پۆلیس و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ و كواڵێتی كۆنتڕۆڵ و دەزگا و دامەزراوەكانی تری هاوشێوە دەستكراوە دەبن لە جێبەجێكردنی ئەركەكانیان لە پشكنین و بەدواداچوون و گرتنی سەرپێچییەكان و دەستنیشانكردنی ناوی ئەو كەس ولایەنانەی دەبنە ڕێگر لە بەرامبەر بەجێهێنانی ئەركەكانیان و ڕاپۆرتكردنی زانیارییەكان بۆ وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەكانی تر بە مەبەستی تۆماركردنی سكاڵا بەپێی یاسای سزاكان ژمارە (111)ی ساڵی 1969 هەمواركراو و لە كاتی كەمتەرخەمی ناوبراوان لەو ئەركانەی پێیان سپێردراوە یان ئاسانكاری بۆ سەرپێچیكاران، ئەوا ڕێكاری یاساییان لە بەرامبەردا دەگیرێتەبەر و توندترین سزا دەدرێن.
5. سەرۆكایەتی داواكاری گشتی لە وەزارەتی داد جێگری داواكاری گشتی بەپێی پێویست لە سنووری هەر پارێزگا و قەزایەك دەستنیشان دەكات وەك چاودێر و سەرپەرشتیار بۆ جێبەجێكردنی بڕگەكانی ئەم بڕیارە، و پێویستە بە شێوەیەكی ڕێكوپێك ڕاپۆرتی بەدواداچوون پێشكەش بە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بكات لە ڕێگەی سەرۆكایەتی داواكاری گشتی كە تیایدا بەرەوپێشچوون و ئاستەنگەكانی بەردەم جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە بخاتەڕوو سەرەڕای دەستنیشانكردنی فەرمانبەر و كەس و لایەنی بەرهەڵستكار تاوەكو ڕێكاری قانونی لە بەرامبەردا بگیرێتەبەر.
6. سەرجەم وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان ئەم بڕیارە جێبەجێ دەكەن لە ڕێكەوتی دەرچوونییەوە و لە ڕۆژنامەی (وەقائیعی كوردستان)دا بڵاودەكرێتەوە.

                                                                    (بڕیار)
لەبەر ڕۆشنایی یاسای كۆمپانیاكان ژمارە (21)ی ساڵی 1997 هەمواركراو و بەركار لە هەرێمی كوردستان بەپێی یاسای پەرلەمانی كوردستان ژمارە (28)ی ساڵی 2007 بە مەبەستی ڕێكخستنەوەی كۆمپانیاكانی بواری دەرمان و پێداویستییە پزیشكییەكان، و لە پاش ڕاوێژ لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی، بڕیاردرا بە:


1. پێویستە لەسەر تۆماركاری كۆمپانیاكان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لە هەرێمی كوردستان كۆتایی بهێنێت بەو كۆمپانیایانەی بواری (دەرمان و پێداویستی پزیشكی و پێداویستی تاقیگەیی و ماددە كیمیاوی و بەكتریۆلۆژییەكان و ماددەكانی تایبەت بە بواری پزیشكی ددان و ئامێری پزیشكی و ئامێرەكانی خزمەتگوزاریی پزیشكی و ماددە كارا و ناكارەكان و ماددەكانی پێچانەوە كە لە پیشەسازی و بەرهەمهێنانی دەرمان بەكاردێن و دەرمانی گیایی و تەواوكەری خۆراك) كە یەكێك لە هۆكارەكانی كۆتایی پێهێنانی كۆمپانیا هاتوو لە یاسای ئاماژەپێدراو تیایاندا هاتۆتەدی.
2. پێویستە لەسەر وەزارەتی تەندروستی بە هەماهەنگی لەگەڵ تۆماركاری كۆمپانیاكان چاوخشاندنەوە ئەنجام بدەن لەسەر كۆمپانیا ئاماژەپێدراوەكانی بڕگەی (1)ی سەرەوە كە بەپێی یاسای كۆمپانیاكان مافی بەردەوامبوونی چالاكییان هەیە بە مەبەستی دڵنیابوون لە ڕەچاوكردنی گشت مەرج و پێداویستی و ڕێكارەكانی هاتوو لە یاسای پیادەكردنی پیشەی دەرمانسازی ژمارە (40)ی ساڵی 1970، و ڕێنمایی وەزارەتی تەندروستی ژمارە (1) بۆ ساڵی 2016 كە بە نووسراوی وەزارەت ژمارە (4575) لە 16/5/2016 كەوتۆتە بواری جێبەجێكردنەوە، و لە كاتی هەبوونی كەموكوڕی لە جێبەجێكردنی ئەم ڕێنماییانە ئەوا پێویستە دەسبەجێ وەزیری تەندروستی و تۆماركاری كۆمپانیاكان ڕێكاری یاسایی پێویست بگرنەبەر لە بەرامبەر سەرپێچیكاران. 
3. ڕاگرتنی دامەزراندن و تۆماركردنی كۆمپانیای نوێ لە بوارەكانی هاتوو لە بڕگەی (1)ی سەرەوە تاوەكو ماوەیەكی تر كە دواتر بڕیاری لەسەر دەدرێت بە مەبەستی پێداچوونەوە و ڕێكخستنەوەی كۆمپانیا تۆماركراوەكانی ئەم بوارە. بۆ ئەم مەبەستەش، لەژێر هیچ بیانوویەكدا كۆمپانیای نوێ بواری تۆماركردن و دامەزراندنی پێ نادرێت.
4. سەرۆكایەتی داواكاری گشتی لە وەزارەتی داد جێگری داواكاری گشتی بەپێی پێویست لە سنووری هەر پارێزگا و قەزایەك دەستنیشان دەكات وەك چاودێر و سەرپەرشتیار بۆ جێبەجێكردنی بڕگەكانی ئەم بڕیارە، و پێویستە بە شێوەیەكی ڕێكوپێك ڕاپۆرتی بەدواداچوون پێشكەش بە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بكات لە ڕێگەی سەرۆكایەتی داواكاری گشتی كە تیایدا بەرەوپێشچوون و ئاستەنگەكانی بەردەم جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە بخاتەڕوو سەرەڕای دەستنیشانكردنی فەرمانبەر و كەس و لایەنی بەرهەڵستكار تاوەكو ڕێكاری قانونی لە بەرامبەردا بگیرێتەبەر.
5. سەرجەم وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان ئەم بڕیارە جێبەجێ دەكەن لە ڕێكەوتی دەرچوونییەوە و لە ڕۆژنامەی (وەقائیعی كوردستان)دا بڵاودەكرێتەوە.

 

                                                                                                                 نێچیرڤان بارزانی
                                                                                                      سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان

 





ئەم هەواڵە 2755جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند دیمەنێک لە لافاوەکە فەرەنسا
ڤیدیۆیی .. شەقامی خۆت و چانسی خۆت
ڤیدیۆیی .. ساتی کوشتنی تارا فارس
ھەڵۆیەک ھەوڵی رفاندنی منداڵێک دەدات
چەند دیمەنێکی سامناکی زریان و گەردەلوولەکەی ئەمریکا
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad