English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
کۆتاییھێنان بە گەندەڵیی سیاسی فاکتەرێکی گرنگە بۆ راستکردنەوەی پرۆسەی حوکمڕانی
2018-10-21 [03:36 AM]

نووسینی: فەرھاد محەمەد


فەوزای سیاسی یەکێکە لە دەرھاویشتە خراپەکانی گەندەڵیی سیاسی، زۆنی بەپیتیش بۆ گەشەکردنی گەندەڵیی سیاسی ئەو گۆڕەپانەیە کە حزبە سیاسییەکان بەشێوەیەکی نابەرپرسیارانە ململانێی یەکتری دەکەن، سرووشتی حزبی سیاسی لە ئامرازەوە دەگۆڕن بۆ ئامانج، ئەمەش بەو مانای حزبی سیاسی ئامرازێک بۆ نوێنەرایەتی و داکۆکیکردن لە خواستەکانی خەڵک، دەگۆڕێت بۆ ئامانجێک کە ھەموو شتێک دەخاتە خزمەتی بەرژەوەندیی حزبەکەی خۆیەوە.
ئەو ژینگەیەی گەندەڵیی سیاسی دروستی دەکات، ئەرکی سەرەکیی حزبی سیاسی وەک دامەزراوەیەکی مەدەنی دەگۆڕێت بۆ ئەرکێکی دیکە کە ئەویش تێکدانی پرۆسە سیاسییەکەیە، کە پرۆسە سیاسییەکەش نەیتوانی بە شێوەیەکی تەندروست کاری خۆی بکات، ئەوا حزبی باش و خراپ لێک جیاناکرێتەوە و نازانرێت کام حزب ھۆکاری سەرەکییە بۆ تێکدانی پرۆسەکەو کام حزب ھەوڵدەدات پرۆسە سیاسییەکە راست بکاتەوە، ھەر بۆیە کە ژینگەی گەندەڵیی سیاسی دروست دەبێت بە ئاسانی ئەم گەندەڵییە ریشەکێش ناکرێت، ھەتا دەرھاویشتە خراپەکانی ئەم پەتایە نەتەوە دوچاری کارەساتێکی گەورە دەکات، بۆیە لەم حاڵەتەدا نەتەوە بیر لەوە دەکاتەوە بە رێگەی سندوقەکانی دەنگدان سنوورێک بۆ ململانێی حزبی نابەرپرسیار دابنێت و متمانە بداتەوە بەو حزبە سیاسییەی کە لە قۆناخە سەختەکاندا و لە پێناوی بەرژەوەندیی گشتی خۆی لە تەواوی حزبە سیاسییەکان جیاکردۆتەوە، ئەم متمانەدانەی خەڵک بەو حزبە، ئەوا ئەو حزبە دەخاتە بەردەم قوناخێکی ئەزموونی بۆ ئەوەی بەجۆرێک پرۆسەی حوکمڕانی راست بکاتەوە کە کۆتایی بە نەھامەتییەکانی نەتەوە بھێنێت.
لە تورکیادا ھیچ حزبێکی سیاسی نییە کە پاشگری ئیسلامی پێوە بێت، بەڵام لە ناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی رابردووە دەنگدەری تورکی زیاتر دەنگیان بە حزبە ئیسلامییەکان دەدا و لە حزبە عەلمانییەکان و نەتەوەپەرستەکانی تورکیا دوور دەکەوتنەوە، بەڵام ئەم متمانەپێدانە ھەتا ھەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٢ کە تیایدا ئاکپارتی سەرکەوتنی گەورەی بەدەستھێنا یەکلا نەبووەوە، دوای ئەوەی ئاکپارتی بووە حزبی حاکم، گۆڕانکارییەکی ریشەیی لە کۆی پرۆسەی سیاسیی تورکیادا دروست بوو، ئەم گۆڕانکارییە بەرھەمی فیکری ئەحمەد داود ئۆغلۆ بوو کە توانی لە چوارچێوەی ستراتیژیەتی (سفر) کێشە پرۆسەی حوکمڕانی لە تورکیا راست بکاتەوە و تورکیا لە دەوڵەتێکی فەوزای سیاسی و ناسەقامگیری حوکمڕانییەوە بگۆڕێ بۆ ھەنگاوھەڵگرتن بەرەو دەوڵەتێکی دەوڵەمەندی ھاوچەرخ.
لەگەڵ قۆناخی سەقامگیریی حوکمڕانی و گەشەسەندنی ئابووری لە سایەی حوکمڕانیی ئاک پارتیدا (کە تا ئێستاش ھەر حزبی حاکمە) تەنیا ١٠ساڵی یەکەمی دەکرێت وەک حوکمڕانییەکی سەرکەوتوو و باش لە قەڵەم بدرێت، ھەر بۆیە لە ھەڵبژاردنەکانی ٢٠١٥ دەنگدەری تورکی سزای ئاکپارتی دا و دەنگەکانی ھاتنەخوارەوە، بەمەش ئاکپارتی جارێکی دیکە پێویستی بەوە بوو کە حکومەتێکی ھاوپەیمانی دروست بکات، بەڵام نەیتوانی حکومەت پێکبھێنێت و خەریکە تەنیا لە ماوەی دوومانگدا تورکیا بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی فەوزای سیاسی و ناسەقامگیری حوکمڕانی، بۆیە کاتێک بڕیار لەسەر ھەڵبژاردنی پێشوەختە درایەوە، دەنگدەری تورکی جارێکی دیکە دەنگەکانی دایەوە بە ئاکپارتی و نەیانھێشت پرۆسەی سیاسیی تورکیا بگەڕێتەوە نێو ململانێی نابەرپرسیارانەی حزبە سیاسییەکان، ھەتا ئەوکاتەشی کە لە تەموزی ٢٠١٥ ھەوڵی کودەتا درا بەسەر حکومەتەکەی ئاکپارتیدا، خەڵکی تورکیا خۆیان رژانە سەر شەقامەکان و رێگەیان نەدا کودەتاچییەکان سەرکەوتوو بن. ئەم پشتگیرییەی خەڵکی تورکیا بۆ ئاکپارتی بەو مانایە نییە کە ٥٠+١ی خەڵکی تورکیا دەنگیان بە ئاکپارتی داوە، بێگومان بەوجۆرە نییە، بەڵام خەڵکی تورکیا بە رێژەیەکی بەرزتر دەنگیان داوە بە ئاکپارتی لەچاو حزبەکانی دیکەدا، پاشان بەدابەشکردنەوەی دەنگی ئەو حزبانەی ئاستەنگی ١٠% تێناپەڕێنن، رێژەی کورسییەکانی ئاکپارتی لە پەرلەماندا دەچێتە سەرووی ٥٠+١.
پەتای گەندەڵیی سیاسی و کاریگەری لەسەر کۆی دامەزراوەکانی دەوڵەت و ئاشتیی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگە، پەیوەندی بە کۆمەڵگەی پێشکەوتوو و دواکەوتووەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە رەفتاری نابەرپرسیارانەی حزبە سیاسییەکانەوە ھەیە، لەمبارەوە ئەگەر سەیری قەیرانی گەورەی ئابووریی یۆنان بکەین، دەبین یۆنان تەنیا دەوڵەتە لە زۆنی یۆرۆدا دوچاری ئەم قەیرانە گەورەیە بۆتەوە و ھۆکاری سەرەکیی ئەم قەیرانەش ھیچ پەیوەندیەکی بەو ھەڵاوسانە ئابوورییە گەورەیەوە نییە کە ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپای گرتۆتەوە، بەڵکو ھۆکاری سەرەکیی قەیرانی ئابووریی یۆنان، پەیوەندی بە شێوازی مامەڵەی ھاوپەیمانیی چەپەکان و ھاوپەیمانیی راستەکانەوە ھەیە کە لە دوای ساڵی ١٩٧٥ـەوە نەیانتوانیوە بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە ململانێی حزبیی خۆیان بکەن و گەندەڵییەکی گەورەی سیاسییان لەو وڵاتە دروست کردووە.
ئەم پەتایە لەدوای ساڵی ٢٠٠٥ـەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای گرتەوە، لەبەر ئەوەی ھەردوو حزبی (کۆماری و دیموکراتی) بەشێوەیەکی نابەرپرسیارانە ململانێی یەکتریان دەکرد، ئەوەش بووە ھۆکاری ئەوەی گەندەڵییەکی گەورەی سیاسی لە ئەمریکا دروست بێت و، ئەمریکا کە خۆی بە سۆپەرپاوەری جیھان دادەنا، بەرنامەی بۆ حوکمڕانیی گلۆباڵی دادەڕشت، گەیشتە ئەو ئاستەی کە تەنیا یەک کێشەی جیھانی پێ چارەسەر نەکرێت و لەسەر ئاستی ناوخۆش نەتوانێت داھاتی ساڵانەی تاک گۆڕانکاری بەسەردا بێنێت، ھەر بۆیە دەنگدەری ئەمریکا لە ھەڵبژاردنی ٢٠١٦ بە جۆرێک لە سیاسەتی ھەردوو حزبەکە نائومێد بوون و دەنگیان بە دۆناڵد ترەمپ دا، راستە ترەمپ کاندیدی کۆمارییەکان بوو، بەڵام ترەمپ سیاسەتی ھەردوو حزب کۆماری و دیموکراتی رەتکردەوە.
ئەوجا ئەگەر لێرەوە بگەڕێینەوە بۆ سەر ئاکامی ھەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی کوردستان، دەبینین دەنگدەری کوردستان لە تەواوی ئەو حزبە سیاسییانەی کوردستان نائومێد بووە کە بوونە ھۆکاری ئەو فەوزا سیاسییەی کە لە کوردستاندا بوونی ھەیە، لەبەرامبەردا متمانەیەکی گەورەیان بە پارتی دیموکراتی کوردستان داوە کە دروشمی سەرەکیی لەم ھەڵبژاردنەدا «کوردستانێکی بەھێز و کۆتاییھێنان بە فەوزای سیاسی» بووە، رێژەی ئەو دەنگانەشی کە بە پارتی دراون، لەو ئاستەدان کە بتوانرێت سنوورێک بۆ فەوزای سیاسی، یان ناسەقامگیریی سیاسی لە کوردستاندا دابنرێت.
پرۆسەی حوکمڕانیی کوردستان لەدوای یەکەمین ھەڵبژاردنی ساڵی ١٩٩٢، بە ھۆی ململانێی سیاسی نێوان پارتی و یەکێتی، مۆدێلی (٥٠-٥٠)ی ھێنایەئاراوە، ئەم مۆدێلە خراپە ھەر لەسەرەتاوە ئاراستەی حوکمڕانی لە کوردستاندا بەرەو ئاقارێکی خراپ برد و کاتێک ھەوڵدرا بە رێگەی سندوقەکانی دەنگدان ئەم پرۆسەیە راست بکرێتەوە، بارودۆخەکە خراپتر بوو، شەڕی ناوخۆی لە ساڵی ١٩٩٤ بەدوای خۆیدا ھێنا، بۆیە حوکمڕانیی خراپی (٥٠ بە ٥٠) تا ھەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی ٣٠ی ئەیلوولی رابردوو، دەرفەتێکی ئەوتۆی دروست نەکرد کە پارتی بتوانێت ھەنگاوی جددی بۆ راستکردنەوەی حوکمڕانی ھەڵبگرێت.
ئەگەر بۆ ئێستای سیاسەت و ستراتیژیەتی پارتی بۆ شێوازی حوکمڕانی لە عێراقدا، رایەڵەیەک بدۆزینەوە بۆ ئەوەی سیاسەت و ستراتیژیەتی پارتی بۆ حوکمڕانیی کوردستانی پێ بخوێنینەوە، دیارە وەک خەڵکانی شارەزا و نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە ئاماژەی پێدەکەن، شەخسی بارزانی و مەکتەبی سیاسیی پارتیش ھێندەی جەخت لە بەرنامەی حکومەتی داھاتووی عێراق و رێزگرتنی لە دەستوور و دانانی سەقفی زەمەنی بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەکەی دەکەنەوە، ھێندە جەخت لەسەر ئەوە ناکەنەوە پارتی چەند پۆستی وەزارەت لە بەغدا وەردەگرێت.
ئەمەش مانای ئەوەیە ئەگەر تێڕوانین و ستراتیژیەتی پارتی بۆ حوکمڕانیی عێراق، جەختکردنەوە بێت لەسەر راستکردنەوە و گۆڕینی ئەقڵییەتی حوکمڕانی لە عێراقدا، ئەوا لە کوردستانیشدا ئەم تێڕوانین و ستراتیژە زیاتر جەختی لەسەر دەکرێتەوە و ئەوەی لای پارتی گرنگ دەبێت، ئەوەیە کە چۆن پرۆسەی حوکمڕانی راستدەکرێتەوە و حکومەت بە چ میکانیزمێک بەرنامەکەی خۆی جێبەجێ دەکات و سەقفی زەمەنی بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەکەی چۆن دەبێت، ئەوجا ھەر لایەنێکی سیاسی بەشێک بێت لە ھاوپەیمانی بۆ پێکھێنانی حکومەت، یان ھەر لایەنێک ئۆپۆزیسیۆنێکی تەندروست ھەڵبژیرێت، پێکەوە کار بۆ سەرخستنی ئەو بەرنامەیە دەکەن و گەندەڵی و فەوزای سیاسی کۆتایی دێت و قۆناخی حوکمڕانییەکی باش دەست پێدەکات، کە گەلی کوردستان دەمێکە شایستەی ئەو حوکمڕانییە باشەیە، بەڵام فەوزا و گەندەڵیی سیاسی رێگری لە بونیادنانی کردووە.





ئەم هەواڵە 604جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند دیمەنێک لە لافاوەکە فەرەنسا
ڤیدیۆیی .. شەقامی خۆت و چانسی خۆت
ڤیدیۆیی .. ساتی کوشتنی تارا فارس
ھەڵۆیەک ھەوڵی رفاندنی منداڵێک دەدات
چەند دیمەنێکی سامناکی زریان و گەردەلوولەکەی ئەمریکا
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad