English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
د.یوسف گۆران: حكومه‌تی هه‌رێم هێشتا سه‌رجه‌م قۆناخه‌كانی ڕزگاری نیشتیمانی ته‌واو نه‌كردوه‌‌
2018-10-25 [12:44 PM]

ZNA - هه‌ولێر


 

بۆ تاوتوێکردنى پێكهێنانی ئاینده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌چاودێری و ئاماده‌بونی د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی، (سێنته‌ری لێكۆلێنه‌وه‌ی ئاینده‌یی) و (كۆلێژی زانسته‌ ڕامیارییه‌كانی زانكۆی سلێمانی)، ئەمڕۆ پێنچ شەممە ڕێکەوتى (25/10/2018) له‌ هۆڵی كۆبونه‌وه‌كانی هۆتێل شیراتۆن له‌ شاری هه‌ولێر، دیدارێكیان به‌ناونیشانی (ئاینده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان – ئاسته‌نگ و بژارده‌كان) به‌ڕێوه‌برد.

 

له‌و دیداره‌دا، كه‌ ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ ئه‌كادیمست و توێژه‌ر و، كه‌سایه‌تی سیاسی وحكومی ئه‌ماده‌یبون، له‌سه‌ره‌تادا، د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی سوپاسی سێنته‌ری لێكۆلێنه‌وه‌ی ئاینده‌ی كرد، كه‌ له‌م كاته‌ گرنگه‌دا توانیویه‌تی ئه‌كادیمیستان و پسپۆڕان كۆبكه‌نه‌وه‌ تا له‌ بواری بڕیاره‌ سیاسیه‌كان بتوانن ڕۆڵی باشتر ببینن بۆ چاره‌سه‌ركردنی كیشه‌كان به‌ده‌ر له‌ بیروبۆچونه‌ حزبیه‌كان، د.یوسف گۆران وتیشی بۆ ئه‌وه‌ی قسه‌ له‌سه‌ر داهاتوی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ین، گرنگه‌ لێره‌دا چوارچێوه‌یه‌ك بۆ قسه‌كانمان دابنێین و، قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكه‌ین كه‌ حكومه‌تی هاوچه‌رخ‌ له‌ دنیا چۆنه‌ و دیدیان چۆن؟.

 

بۆ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ش، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕایگه‌یاند: بونی حكومه‌ت له‌ شوێنێكه‌وه‌ بۆ شوێنێك و له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌وه‌ بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیكه‌ ئه‌رك و كاره‌كانیان جیاوه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌‌ ناگه‌ێنیی كه‌ نیشانه‌ی هاوبه‌ش‌ بۆ حكومه‌تی باش نیه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا حكومه‌ته‌كان ‌ خه‌سڵه‌تی تایبه‌تیان‌ به‌پێی جوگرافیا و نه‌ته‌وه‌ ده‌بێ، كه‌ ئه‌م سێ خاڵه‌ گرنگترینیانه‌:

 

1.  حكومه‌تێكی چالاك: حكومه‌تی چالاك واتا چالاك چ وه‌ك دامه‌زراوه‌ چ وه‌ك كه‌سایه‌تیه‌كان چ وه‌ك بونیادی ده‌ستوری و یاسایی.

 

2.  حكومه‌تی كراوه‌: ده‌بێ حكومه‌ت، حكومه‌تێكی كراوه بێ‌ به‌سه‌ر بیروچۆنی تازه‌ و ئه‌و گوڕانكاریانه‌ی له‌ دنیا ڕوده‌ده‌ن، بۆیه‌ ده‌بێ حكومه‌ت له‌ هه‌مو سێكته‌ره‌كان كراوه‌ بێت، چونكه‌ ناكرێ له‌سه‌رده‌می كڵۆباڵدا كراوه‌ نه‌بێ.

 

3.  خه‌ڵك باوه‌ڕیی پێبێ: حكومه‌تده‌بێ جێگه‌ی باوه‌ڕی خه‌ڵك بێت و، خه‌ڵك متمانه‌ی پێبێ، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر هه‌رچه‌نده‌ حكومه‌ت چالاك و كراوه‌ بێ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر جێیی باوه‌ری خه‌ڵك نه‌بێ، ناتوانێ سه‌ركه‌وتوو بێ.

 

د. یوسف گۆران له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا باسی حكزمه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد و وتی: له‌ ڕوی نه‌ته‌وه‌یه‌وه‌ هه‌ر حكومه‌تێك تایبه‌تمه‌نی خۆی هه‌یه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ ئێستا بپرسین حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ چ جۆرێكه‌؟ بۆ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ش وتی: هه‌رێمی كوردستان كه‌ نوێنه‌رایه‌تی قه‌واری كوردی ده‌كات و، ئه‌ركه‌ نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌یه‌كانی له‌ بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی گه‌لی كورده‌وه‌ ده‌ستی پێكردوه، ئایا ئێستا‌ ته‌واو بوه‌ یان ته‌واو نه‌بوه‌، یاخود له‌ قۆناخێكی نوێداین، بۆ ئه‌وه‌ش وتی:‌ ئه‌گه‌ر پێناسه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ین، كه‌ ده‌سه‌ڵات و سنور و شێوه‌ی ده‌سه‌ڵات و په‌یوه‌ندییه‌كانی سه‌قامگیر نه‌بوه‌،‌ جیاوازه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و حكومه‌ته‌ی كه‌ ئه‌ركێكی نیشتیمانی ماوه‌ و كۆمه‌لێك كێشه‌ی هه‌ڵپه‌سێردراو ماوه‌ و هێشتا چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌، بۆ ئه‌وه‌ش وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕایگه‌یاند: ئێمه‌ هێشتا سنوری حكومه‌ته‌كه‌مان دیار نه‌كراوه‌،‌ تا ئێستا ده‌سه‌ڵاته‌كانمان یه‌كلایی نه‌كراوه‌ته‌وه‌،‌ چونكه‌ هه‌ندێ ده‌سه‌ڵات هه‌یه‌ له‌ ده‌ستوری هه‌میشه‌ی ئێراق باسكراوه‌، به‌ڵام هێشتا یه‌كلای نه‌كراوه‌ته‌وه، كاتێك كه‌ یه‌كلای كرایه‌وه‌، ئه‌وكات‌ ده‌توانرێ باشتر كاروباره‌كانی ڕایی بكرێ، بۆ نمونه‌ له‌ بواری دارایی و پێشمه‌رگه‌ و ‌په‌یوه‌ندییه‌كان، له‌به‌رئه‌وه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاته‌كان یه‌كلای نه‌كراوه‌ته‌وه‌‌ و جێگیر نیه‌‌ و،‌ تا ئێستاش سنور و ده‌سه‌ڵات له‌ حكومه‌ت سه‌قامگیر نه‌بێ‌، بۆیه‌ جیاوازه‌ له‌ حكومه‌تێكی سه‌قامگیر.

 

هه‌ر له‌ میانه‌ی قسه‌كانیدا، د.یوسف گۆران باسی له‌ ئاینده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد و بۆ ئه‌وه‌ش وتی: كاتێك باس له‌ ئاینده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین ده‌بێ باس له‌ به‌رنامه‌ی حكومه‌ت بكه‌ین، وه‌ك بابه‌ته‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان، یان ستراكچه‌ری حكومه‌ت، بۆ ئه‌وه‌ش ده‌بێ بپرسین ئایه‌ حكومه‌ت توانای خۆبه‌ڕێوه‌بردنی هه‌یه؟‌ و، له‌گه‌ل ئه‌م سه‌رده‌می به‌ڕێوه‌بردنه‌ ئه‌گونجی؟، ئایا حزبه‌كان نوێنه‌رایه‌تی كێ له‌ به‌ڕێوه‌بردن ده‌كه‌ن؟ بۆ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌، د.یوسف گۆران ئه‌م خاڵانه‌ی خسته‌ڕ و وتی:

 

1.    حكومه‌تی ئاینده‌ ده‌بێ نوێنه‌رایه‌تی ڕاسته‌قینه‌ بكات بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ گه‌وره‌كان، وه‌ك لایه‌نی خزمه‌تگوزاری هاوڵاتیان و كێشه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كان، بۆیه‌ ده‌بێ حكومه‌تی داهاتو نوێنه‌رایه‌تی هه‌ردوو ئه‌و بابه‌ته‌ بكات و، به‌رنامه‌ڕێژیان بۆ بكات، وتیشی هه‌ر هێز و لایه‌نێك ببێته‌ به‌شێكی سه‌ره‌كی له‌ حكومه‌ت ده‌بێ توانای ئه‌وه‌ی هه‌بێ‌ له‌و دوو كایه‌دا كارا بێ و كار بكات.

 

2.    ده‌بێ حكومه‌تی داهاتو لایه‌نی ئابوری له‌ تاك ئابوریه‌وه‌ به‌رو فره‌ ئابوری به‌رێ، چونكه‌ تاك سه‌رچاوه‌ی ئابوری هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ له‌سه‌ر قه‌واره‌كه‌مان.

 

3.    ده‌ستنیشانكردنی فۆرمی به‌ڕێوه‌بردنی تازه‌، ئه‌م جۆره‌ واقیعه‌ی كه‌ هه‌مان كه‌ ئێشتا له‌ قۆناخی ڕزگاری نیشتمیانیدایه‌ هێشتا فۆرمه‌ كارگیڕیه‌كه‌ی ته‌واو نه‌بوه،‌ بۆیه‌ ده‌بێ قسه‌ له‌سه‌ر ستراكچه‌ر و جۆری حكومه‌ته‌كه‌ بكه‌ین.

 

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی پانیڵه‌كه‌دا، فرسه‌ت سۆفی ئه‌ندامی پاڕله‌مانی كوردستان باسی له‌ كێشه‌ و ئاسته‌نگه‌كان كرد و به‌چه‌ند خاڵێك بابه‌ته‌كانی خسته‌ڕو و له‌سه‌ره‌تادا باسی له‌ ئاسته‌نگه‌كان كرد وتی:

 

1.    دابه‌شكاری سیاسی: یه‌كێك له‌ كێشه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، كه‌‌ تا ئێستا بونی ماوه و چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌، دابه‌شكاری سیاسیه‌، بۆیه‌‌ تا چاره‌سه‌ری ئه‌و كیشه‌یه‌ نه‌كه‌ین و به‌رده‌وام بێ، له‌ كاتی سه‌رهه‌ڵدانی هه‌ر قه‌یرانێك، یان هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك، ئه‌و دابه‌شكارییه‌ سیاسیه‌ زیندو ده‌بێته‌وه‌، له‌ ڕابردوشدا بینیمان چۆن دوباره‌ بۆته‌وه‌، بۆیه‌ ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و واقیعه‌ سیاسیه‌ی كه‌ هه‌یه و‌ نه‌مانتوانیوه‌ چاره‌سه‌ری بكه‌ین، به‌سود وه‌رگرتن له‌ ئه‌زمونی وڵاتانی دنیا چوارچێوه‌یه‌كی یاسایی بۆ بدۆزینه‌وه‌ و چاره‌سه‌ری بكه‌ین، ئه‌وه‌ش به‌وه‌ ده‌كرێ حكومه‌ت سه‌رپه‌رشتی مه‌له‌فه‌كانی (دارایی، نه‌وت، به‌رگری و په‌یوه‌ندییه‌كان) بكات و، بواره‌كانی دیكه‌ی خزمه‌تگوزاری بدریته‌ پاریزگاكان، ئه‌و كات هه‌موان هه‌ست به‌ئه‌رك و به‌رپرسیارێتی ده‌كه‌ن، وتیشی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كیشه‌یه‌ی له‌ ده‌ستوری هه‌رێمی كوردستان به‌پێویست زانی و وتیشی ده‌بێ هه‌ر ببینه‌ خاوه‌ن ده‌ستور.

 

2.    هه‌موان هاوڕان كه‌ ئه‌م هه‌رێمه‌‌ حكومڕانیه‌كی باشی تیدا نه‌كراوه، بۆیه‌ ده‌بێ به‌جدی حوكمڕانیه‌كی باش و سه‌ركه‌وتو پێشكه‌ش بكه‌ین، وتیشی پێشنیازی من ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بێ ئۆپۆزسیۆنێكی كارا و حكومه‌تێكی بچوك هه‌بێ بۆ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی گه‌نده‌لیه‌كان و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری باشتر، ئه‌وه‌ش به‌سود وه‌رگرتن له‌ هه‌ڵه ‌و كه‌موكوڕییه‌كانی ڕابردو.

 

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی پانیڵه‌كه‌دا، د.ئومێد ڕه‌فیق سه‌رۆكی سێنته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی ئاینده‌یی، به‌هه‌مان شێوه‌ باسی له‌ هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسیه‌كانی سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد و وتی: ئایا هه‌ڕه‌شه‌ی دوو ئیداره‌یه‌ی هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه‌یه‌ یان ته‌نها بۆ ترساندنه؟‌، ئایا دروشمه‌كانی (بونیادنانی كوردستانێكی به‌هێزی پارتی) و (ئارامی یه‌كێیتی) چۆن له‌گه‌ڵ هه‌ڕه‌شه‌ی دوو ئیداره‌ی یه‌ك ده‌گرێته‌وه‌؟ بۆ ئه‌وه‌ش وتی: بینیمان هه‌وڵه‌‌كان كه‌ پیشتر درابون بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ی دوو ئیداره‌ی، بینمیان له‌ دوای رێفراندۆم ئه‌و هه‌وڵانه‌ هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ش وتی: ئایا چۆن ده‌توانین كوردستانێكی به‌هێز و ئارام دروست بكه‌ین، له‌كاتێكدا هێزه‌كان له‌به‌رده‌ستی ئه‌واندا بن؟ بۆ مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌كان به‌رده‌وامن؟ بۆ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ش وتی: ئه‌م دوو هێزه‌‌ نایانه‌وه‌ێ یه‌كگرتنه‌وه‌ ڕوبدات، چونكه‌ ئه‌گه‌ر نیه‌ت هه‌بوایه‌ ده‌بوایه‌ بكرایه‌، هه‌ربۆیه‌ ده‌بینین ژماره‌ی ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی له‌ ئه‌ركدان زۆر كه‌متره‌ له‌و ژماره‌یه‌ی كه‌ ناویان هه‌یه‌. بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه‌ش د.ئومێد ڕه‌فیق وتی: ئه‌بێ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بایه‌خی زۆرتر به‌ پیشه‌یبونی هێزه‌كانی پیشمه‌رگه‌ بدات و، بۆ پاراستنی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان په‌روه‌رده‌یان بكات و به‌هێزیان بكات، به‌وه‌ش ده‌توانین هه‌ڕه‌شه‌ی دوئیداری بنه‌بڕ بكه‌ین.

 

له‌ كۆتایی پانیڵه‌كه‌شدا د.عبدالحكیم خه‌سرۆ مامۆستای زانسته‌ سیاسیه‌كان باسی له‌ كێشه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد و وتی: له‌سه‌رده‌می پاداشایه‌تی تا ئه‌مڕۆ (113) هه‌زار كه‌س موچه‌ی خانه‌نشینی وه‌رده‌گرن و، به‌ڵام (133) هه‌زار پیشمه‌گه‌ری موچه‌ی خانه‌نیشینی وه‌رده‌گرن، ئایا ئه‌و ژماره‌یه‌ له‌ كوێ هات؟

 

د.عبدالحكیم خسه‌رۆ باسی له‌ تێڕوانینی حزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان بۆ حكومه‌ت كرد و، ئه‌وه‌شی به‌كیشه‌یه‌كی گه‌وره‌ زانی و وتی: پێناسه‌ی حكومه‌ت له‌لای حزبه‌ سیاسیه‌كان جیاوازه‌، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی سێ تێگه‌یشتن‌ بۆ حكومه‌ت هه‌یه، ئه‌وه‌ش ئه‌مانه‌ن:‌

 

1.    حكومه‌تی لۆكاڵی: حكومه‌تی هه‌رێم حكومه‌تێكی لۆكاڵیه‌ و كاروباری ڕۆژانه‌ی خه‌ڵك به‌ڕێوده‌بات له‌ چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی ئێراقی فیدراڵ، بۆیه‌ هه‌ر كه‌موكوڕیه‌ك هه‌بێ په‌نا ده‌بنه‌ به‌ر حكومه‌تی ئێراق بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، وتیشی ئه‌م بۆچونه‌ له‌لای حزبه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان هه‌یه‌ و له‌ ماوه‌ی ڕابردوشدا بینیمان.

 

2.    حكومه‌تی دیفاكتۆ: به‌شێكی نوخبه‌ی پارتی و یه‌كێتیی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان حكومه‌تێكی دیفاكتۆیه و،‌ وه‌ك نه‌واتێكی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆیه‌ لێی ده‌ڕوانن، بۆیه ده‌ڵێن‌ ده‌بێ سیاسه‌ته‌كانی جیاواز بێ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ئێراق و، له‌ بواری په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌یته‌كانیش جیاواز بێ له‌ ئێراق، به‌ڵام پێویسته‌  چوارچێوه‌یه‌كی یاسای بۆ بدۆزنه‌وه‌.

 

3.    حكومه‌تی بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی: وتی به‌شێكی دیكه‌ پێم وایه‌ له‌ناو سه‌ركرده‌كانی پارتی و هه‌ندێ له‌ یه‌كێتیش هه‌یه‌ پێیان وایه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئامرازێكه‌ له‌ ئامرازه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد و،‌ ده‌بێ هه‌مویان له‌ خزمه‌ت ئه‌و ئامانجه‌ بن كه‌ پێیی ده‌وترێت بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی گه‌لی كورد.

 

له‌ كۆتای قسه‌كانیدا ئه‌و مامۆستایه‌ی زانسته‌ سیاسیه‌كان وتی: ئه‌م بۆچونه‌ جیاوازانه‌ و كۆكردنه‌وه‌یان و داڕشتنه‌وه‌یان له‌ سیاسه‌تێكی هاوبه‌ش له‌ حكومه‌تێكدا زه‌حمه‌ت و له‌ ماوه‌ی ڕابردودا بینیمان كه‌ سه‌ركه‌توو نه‌بوه‌، بۆیه بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌یه‌‌ له‌سه‌ره‌تادا ده‌بێ بگه‌ینه‌ پێناسه‌یه‌كی هاوبه‌ش بۆ تێگه‌یشتن له‌ حكومه‌ت.

 

له‌ كۆتایی پانیڵه‌كه‌شدا، چه‌ندین پرسیاری له‌لایه‌ن ئاماده‌بوانه‌وه‌ ئاراسته‌ی پانێڵسته‌كان كراو و، ئه‌وانیش وه‌ڵامی پرسیار و سه‌ره‌نج و بۆچونه‌كانیان دایه‌وه‌





ئەم هەواڵە 2152جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند دیمەنێک لە لافاوەکە فەرەنسا
ڤیدیۆیی .. شەقامی خۆت و چانسی خۆت
ڤیدیۆیی .. ساتی کوشتنی تارا فارس
ھەڵۆیەک ھەوڵی رفاندنی منداڵێک دەدات
چەند دیمەنێکی سامناکی زریان و گەردەلوولەکەی ئەمریکا
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad