English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
یه‌كه‌مین گروپی مامۆستایان به‌ره‌و فنلاند به‌ڕێكه‌وتن
2018-10-29 [02:43 AM]

ZNA - هه‌ولێر


 

ئەمرۆ دووشەممە له‌ میانه‌ی سه‌رپه‌رشتیكردنی كۆبونه‌وه‌یه‌كی لەگەڵ ژمارەیەک مامۆستای زانکۆ جیاکانی هەرێم كه‌ لەبواری وانەوتنەوە کار دەکەن و بەشدارن لە پرۆگرامی ڕیفۆرمی شێوازی وانەوتنەوە (پێداگۆجی) لە زانکۆکان ڕایگه‌یاند: وڵاتان خاوه‌ن دید و به‌ها و تێڕوانینی تایبه‌تی خۆیانن بۆ بواری پیداگۆجی، چونكه‌ ئه‌و بواره‌ به‌ردی بناخه‌ی گۆڕانكاری و گه‌شه‌سه‌ندی كۆمه‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌رجه‌م بواره‌كان، له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌بێ هه‌رێمی كوردستانی ببێته‌ خاوه‌ن به‌ها و تێڕوانینی تایبه‌ت بۆ پیداگۆجی.

له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا، كه‌  بەئامادەبوونی د.ئامانج سەعید راوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی به‌ڕێوه‌چو، له‌سه‌ره‌تادا د.یوسف گۆران وتی: له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگادارم كه له‌سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌وه‌ به‌شێوه‌ی (ئۆنلاین) له‌گه‌ڵ مامۆستاكانتان له‌ (فنلاند)‌ ده‌ستتان به‌كۆرسه‌كانتان كردوه‌، وتیشی له‌ به‌دواداچونه‌كانم بۆم ده‌ركه‌وت، كه‌ ئه‌وان تا ئێستا لێتان ڕازین، ڕونیشكرده‌وه‌ هه‌ر ئه‌و هۆكاره‌ كه‌ هانمان ده‌دات هه‌نگاوی دوه‌م ده‌ست پێبكه‌ین، كه‌ ئه‌وه‌ش به‌ڕێكردنتانه‌ به‌ره‌و وڵاتی فنلاند‌.

وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانی ته‌رخانكرد بۆ خستنه‌ڕوی لایه‌نه‌ گرنگه‌كانی گۆڕانكاری له‌ شێوازی وانه‌وتنه‌وه‌ و، بۆ ئه‌وه‌ش وتی: پڕۆسه‌ی خوێندن وه‌ك هه‌ر بوارێكی دیكه‌ی زانست له‌ گه‌شه‌كردنی به‌رده‌وامدایه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ گه‌شه‌ بكه‌ین نابێ له‌ گۆڕانكارییه‌كان داببرێن، ڕاشگه‌یاند: پڕۆسه‌ی وانه‌وتنه‌وه‌ وه‌ك زۆربه‌ی بواره‌‌كانی دیكه‌ تا ئێستا به‌شێوازێكی كلاسیكی وه‌رمان گرتبو، به‌ڵام له‌ دونیای پێشكه‌وتودا شێوه‌ی وانه‌وتنه‌وه‌ و گواستنه‌وه‌ی زانیاری گۆڕانكاری به‌‌سه‌ردا هاتوه‌، ڕونیشیكرده‌وه‌‌ وه‌ك چۆن شێوازی به‌رهه‌مهێنانی مه‌عریفه‌ گۆڕاوه‌، به‌هه‌مان شێواز گواستنه‌وه‌ی زانیارییه‌كان و وانه‌وتنه‌وه‌ گۆڕانكاری به‌سه‌رداهاتوه.

هه‌ر له‌ میانه‌ی قسه‌كانیدا، د.یوسف گۆران باسی له‌و ئاڵنگارییانه‌ كرد، كه‌ ڕوبه‌ڕوی پڕۆژه‌كانی وه‌زاره‌ت بۆته‌وه‌ به‌تایبه‌ت له‌ كاتی جێبه‌جێكردنیاندا، بۆ ئه‌وه‌ش وتی: ‌پرۆسه‌ی وانه‌وتنه‌وه‌ و پێداگۆجی یه‌كێكه‌ له‌و‌ ئاڵنگارییانه‌ی ڕوبه‌ڕوی پڕۆژه‌كانمان بۆته‌وه‌، چونكه‌ زۆربه‌ی پڕۆژه‌كان كه‌ ‌جێبه‌جێ ده‌كرێن، ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ وه‌ری ده‌گرن ده‌بێ ئاماده‌ بن، ئینجا به‌هۆی ئه‌وه‌ی مامۆستا چه‌قی پڕۆژه‌كانی ئێمه‌، بۆیه‌ له‌م پڕۆژه‌یه‌دا مامۆستامان كردۆته‌وه‌ ئامانج، چونكه‌ چه‌قی گۆڕانكارییه‌كانن، ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند: هه‌ر له‌به‌رئه‌وهیه‌ وه‌ك وه‌زاره‌ت‌ بایه‌خێكی ئێجگار گه‌وره‌ به‌م پڕۆژه‌یه‌ ده‌د‌ه‌ین، چونكه‌ وه‌ك پڕۆژه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌ی لێیی ده‌ڕوانینن.

ڕو له‌ مامۆستایانی به‌شداربوی پڕۆژه‌كه‌، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕایگه‌یاند: ئێوه‌ ئه‌بنه‌ سه‌رمه‌شق و سه‌رقافڵه‌ی ئه‌و گۆڕانكاریانهی كه‌ له‌ داهاتودا ڕوده‌ده‌ن‌، وتیشی چاوه‌ڕێی هاتنه‌وه‌ی ئێوه‌ ده‌كه‌ین، بۆیه‌ ماوه‌یه‌كه‌ پڕۆسه‌ی پێدانی نازناوی زانستی و كردنه‌وه‌ی خوله‌كانمان له‌ زانكۆكان ڕاگرتوه‌، وتیشی دوای  گه‌ڕانه‌وه‌تانه‌ ده‌بێ كرۆكلوم دابین، چونكه ئێوه‌‌ ده‌بنه‌ به‌شی سه‌ره‌كی و بنه‌ڕه‌تی گۆڕانكارییه‌كان له‌ نێو مامۆستایان، جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كرده‌وه‌، كه‌ ئه‌ركی ئێوه‌ی مامۆستا قورسه،‌ له‌به‌رئه‌وه ده‌بێی به‌گڕوتینه‌وه‌‌ له‌م كۆرسه‌ گرنگه‌كدا به‌شداری بكه‌ن.

له‌ كۆتایی قسه‌كانیشیدا، د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕایگه‌یاند: چیمان پێ بكرێ بۆ سه‌رخستنی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ ده‌یكه‌ین، چونكه‌ ئه‌م پڕۆژه‌یه‌‌ بۆ په‌روه‌رده‌ و سه‌رجه‌م بواره‌كانی دیكه‌ش گرنگه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ‌ته‌نها پێگه‌یاندنی خویندكار بۆ بواری په‌روه‌رده‌ نیه،‌ به‌ڵكو پێگه‌یاندنیانه‌ بۆ سه‌رجه‌م بواره‌كانی دیكه‌، ئه‌وه‌ش ڕه‌نگدانه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر كۆی كۆمه‌ڵگه‌ ده‌بێ، هیواشی خواست به‌گیانێكی پۆزه‌تیف له‌ كاره‌كان بڕوانن.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌دا، د.ئامانج سه‌عید ڕاوێژكاری وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی به‌گرنگیه‌وه‌ باسی له‌ لایه‌نه‌كانی پڕۆژه‌كه‌ و ئه‌و ئاماده‌كاریانه‌ كرد، كه‌ له‌ ماوه‌ی ڕابردودا له‌ هه‌رێمی كوردستان و، وڵاتی فنلاند بۆ به‌ڕێوه‌چونی كۆرسه‌كه‌ كراوه‌،  وتیشی هه‌مو ئه‌و شتانه‌ی پێویستی به‌ئاماده‌كاری لۆجستی هه‌یه‌ ته‌واو بوه‌ و، ئه‌مرۆ مامۆستایان گه‌شت به‌ره‌و فنلاند ده‌كه‌ن، له‌ فنلاندیش زانكۆكه‌یان و ستافی مامۆستایان و كارگێڕی زانكۆكه‌ به‌گڕوتینه‌وه‌‌ چاوه‌ڕیان ده‌كات.

پرۆسەی ریفۆرمی پێداگۆجی لەگەڵ وڵاتی فنلاند پڕۆژەیەکی گرنگی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییە کەتیایدا (33) مامۆستا، (25 له‌ زانكۆ حكومیه‌كان و 8 لە زانكۆ تایبه‌ت)ه‌كانی هەرێمی کوردستان بەشداری پرۆگرامی ڕیفۆرمی شێوازی وانەوتنەوە دەکەن، کە بەهاوبەشی لەگەڵ زانکۆی (HAMK)ی وڵاتی فنلاند بەڕێوەدەچێت.

ئه‌و كۆرسه‌ ماوه‌ی شەش مانگی ده‌خاێنیت (6) هه‌فته‌ی ئەو کۆرسە لەوڵاتی فنلاند بەڕێوەدەچێت و چوار مانگەکەی دیکەش لەهەرێمی کوردستان به‌چاودێری پسپۆڕانی ئەو وڵاته‌ بەرێوەدەچێت، هه‌روه‌ك دوای تەواوبونی کۆرسه‌کە مامۆستایانی به‌شداربو سەرپەرشتی خولەکانی وانەوتنەوە لە زانکۆکانی هەرێم دەکەن بۆ ئەوەی شێوازی وانەوتنەوە لەزانکۆکان گۆڕانکاری ڕیشەیی بە ئاڕاستەی شێوازێکی مۆدێرن و سەردەمی زانستی هەنگاوبنێت.





ئەم هەواڵە 1870جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند دیمەنێک لە لافاوەکە فەرەنسا
ڤیدیۆیی .. شەقامی خۆت و چانسی خۆت
ڤیدیۆیی .. ساتی کوشتنی تارا فارس
ھەڵۆیەک ھەوڵی رفاندنی منداڵێک دەدات
چەند دیمەنێکی سامناکی زریان و گەردەلوولەکەی ئەمریکا
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad