English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
کوردستان کراوەتە مەیدانی ھەواڵی خراپ..!!
2016-01-24 [11:30 AM]

نووسینی: غازی حەسەن


لە کوردستاندا، ئەوانەی دەیانەوێت پێشەنگی کاری راگەیاندن و میدیای ئازاد ‌و گەیاندنی زانیاری بە ھاووڵاتیان بن، لەرووی مەعریفی ‌و پابەستبوونیان بە بنەما سەرەکییەکانی دیموکراسی و ئازادی گەیاندن ‌و رێزگرتنی رای پێچەوانە، ناکۆکییەک لە کەسایەتی و بۆچوونەکانیانەوە دەردەکەوێت و، ھەیانە بەکردەوە کەمتوانا و نەشارەزای بابەتەکانن کە قسەیان لەبارەوە دەکەن، یا خۆیان لە ھەموو بابەتێک دەکەنە پسپۆر، لەکاتێکدا ھەژارن لە بواری مەعریفی و زانیارییەوە و قسەکانیان رووکەش و سادەی ورووژێنەر و ھێرشبەری فریودەرە، تەنیا شتێک دەبێتە جێگەی سەرنج و چەپلە بۆ لێدان قسە ورووژێنەرەکانیانە.


کەسانێک ھەن، لە دەرەوەی سیاقی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگا، بانگەشەی رێبەرایەتی میدیایی و گەیاندنی زانیاری دەکەن، بێ ئەوەی رەچاوی ئەوە بکەن، ئەو زانیارییانە ھەندێکجار وەکو چەکی کیمیاوی ھاووڵاتی کۆمەڵکوژ دەکات، ھەندێکجار لە جیاتی بەکارھێنانی دەرمان بۆ کوشتنی مێش ‌و مەگەز، خانەکانی ھوشیاری و بیرکردنەوەی مرۆڤ دەکوژن.


سیستەمی راگەیاندن لە کوردستاندا روونە، ئەوەی لەھەموو کەسێک ئەھلیتر و سەربەخۆترە، سەرچاوە داراییەکەی ئازاد نییە.


راگەیاندن بە پارەی کوردی، لە ژێر سێبەری دەسەڵات ‌و حزبەکانی کوردستان بە ئیسلامی ‌و نەتەوەییەکانییەوە، بە میناڕەو و توندڕەوەکانییەوە، لە ژێر ناوی پیشەیی و ئازادیی بڵاوکردنەوە، ھەرچی زانیاریی لوغمکراوە، لەژێر ناوی (پێوەری راستی) پەخشی دەکەن. ھەواڵیان کردۆتە کۆیلەی زەوق و ئاستی تێگەیشتن و بەرژەوەندیی تاکەکەسی رۆژنامەنووسەکان و ھێزەکانی پشت دەزگاکان.


لەمەش مەترسیدارتر، بەناوی ھوشیارکردنەوەی ھاووڵاتی دەیانەوێت، کۆنترۆلی عەقڵ و سۆز و ویژدانی خەڵک بکەن. بۆیە، ئەگەر دەتەوێت لە ھەڵچوونی دەروونی دوور بکەویتەوە، شاشەی کوردی داخە و ئارام بژی.


لە شاشەکاندا کوردستان کاولستانە، لە شاشەکان حکوومەت کۆتایی پێھاتووە.

لە زاری بێژەرەکاندا تەنیا ھەواڵی خراپ و رووداوی خراپ و پەیوەندیی خراپ و قسەی خراپ ھەیە و بەس.!!


راستە ئەرکی راگەیاندن لەسەردەمی کۆمینکەیشن ‌و ئەنتەرنێتدا، زیادکردنی رێژەی زانیارییە لای ھاووڵاتی، خێرا گەیاندنی ھەواڵە، بەکراوەیی و شەفافانە قسەکردنە، بەڵام ئەمانە ھیچیان وامان لێناکات لە بەرپرسیاریەتی پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و رەچاوکردنی باری دەروونی ھاووڵاتی و خاوکردنەوەی دەماری گرژبووی حزبەکان خۆ بدزینەوە.


کە پێشمەرگە دەبینم مووچەی نییە ‌و بەرگری دەکات، دەزانم کوردستان سەردەکەوێت، کە دەزانم شەقامەکان ئاسایشیان تێدایە، دەزانم کوردستان دەمێنێتەوە و ناڕووخێت. کە جولەی بازرگانی لە شەقامەکان دەبینم، دەزانم ھێشتا زیندووین و بیر لە ژیان ‌و قازانج و وەبەرھێنان و دابینکردنی پێویستییەکانی ژیان درێژەی ھەیە. وەلێ کە راگەیاندن دەبینم، گرژییەکانی سەر شاشەکان دەبینم، ھەست بە رەشبینی لەبارەی چارەسەری کێشەی دارایی دەکرێت، ھەست بەوە دەکرێت بە ھێرشە کیمیاوییەکانی راگەیاندن پەیوەندی ‌و متمانەی ھاووڵاتیان ‌و حکوومەتی ھەرێم ئاڵۆزدەکەن و لەیەکتر دووردەخرێتەوە.


بێگومان ئەمە مانای ئەوەنییە، ھەرێمی کوردستان لە لێواری قەیرانێکی مەترسیدارنییە. باری دارایی تەواو تێکچووە و ھاووڵاتیان مووچەیان نییە. بۆ بەرھەمھێنانەوەی مووچە دەبێت ھاوکاریی خۆمان بکەین.

نەک ھەواڵی خراپ و خراپتر و بەرھەمھێنانی بارێکی دەروونیی خراپ و خراپتر دروستبکەین.


ئەرکی راگەیاندنە سیاسییەکان و حزبەکان و ھاووڵاتیانیش لەم قەیرانە رزگاربکەن، نەک پێچەوانە. ھاووڵاتی ھەواڵی باشی دەوێت، نەک خراپ، ناکرێت بە ھەواڵە خراپەکان ھاووڵاتی کۆیلەبکرێت. چونکە ئەوەی ھاووڵاتی کۆیلە بکات خۆشی کۆیلەکراوە.





ئەم هەواڵە 3439جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
زۆر خراپ دەکەوێتە خوارەوە
لە قافا گیرا
سامسۆنگ گاڵتە بە ئەپڵ دەکات
ژیانی خۆی کردە قوربانی سەرشێتیەک
خراپی لێ قەوما
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad