ZNA - ھەولێر دوا بە دوای کشانەوەی ئەمەریکا لە رێککەوتنامەی ئەتۆمی ئێران ، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا چەند خاڵێکی بۆ ئێران دیاریکرد تاکو پێوەی پابەندبێت دەنا رووبەرووی سزا دەبێتەوە ، بەڵام ئێستا کە تەنها چەند کاتژمێرێک ماوە بەسەر سەپاندنی بەشی دووەمی سزاکان، ئێران هیچکام لەم خاڵانەی بە وتەی ئەمەریکا جێبەجێنەکردووە.
ئەو 12 مەرجەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ ئێرانی داناوە ئهمانهن:
1- رێگا بە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بدرێت کە تەواوی زانیارییەکان لەسەر چالاکی سەربازیی پرۆگرامە ئەتۆمییەکانی پێشوو بزانێت و دەبێت ئێران بە تەواوی دەست لەو جۆرە چالاکییانە هەڵبگرێت.
2- واز لە پیتاندن بهێنێت و هەرگیز هەوڵی دووبارە بەکارهێنانی پلوتۆنیۆم نەدات وە تیشکدەرەوە ئاوییەکانی دابخات.
3- رێگا بە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیی بدرێت بچێتە سەرانسەری پێگە ئەتۆمییەکان لە ئێران.
4- کۆتای بە زیاکردنی مووشەکە دوورهاوێژەکانی بهێنێت و گەشەدان بە سیستمی مووشەکی ئەتۆمیی رابگرێت.
5- هەموو هاووڵاتیانی ئەمەریکا و هاوپەیمانانی ئەمەریکا ئازادبکرێن لە زیندان.
6- کۆتای بە پشتگیری گروپە تیرۆرستییەکانی وەک حزبوڵڵا، حەماس و گروپە جیهادییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بهێنێت.
7- هەموو هێزەکانی لە سووریا بکشێنێتەوە.
8- واز لە پشتگیریکردنی تاڵیبان و گروپە تیرۆرستییەکانی ئەفغانستان و ئەلقاعیدە بهێنێت.
9- کۆتای بە هەڕەشەکانی بەرامبەر بە هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا بهێنێت کە وڵاتانی سعودییە، ئیمارات و ئیسرائیلیش دەگرێتەوە، هەروەها هێرش لە رێگای پۆستی گەیاندن و ئینتەرنێت نەکات.
10- رێز لە سەروەری عێراق بگرێت و رێگا بدات میلیشیا شیعەکان هەڵبوەشێندرێنەوە.
11- دەبێت سوپای قودس دەست لە پاڵپشتیکردنی باڵەکانی لە تەواوی جیهان بهێنێت.
12- پشتگیری حوسییە یاخییەکانی یەمەن نەکات و هەوڵی بەرقەرارکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە یەمەن.
سەرچاوە: وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا
ئەم هەواڵە 7831جار خوێندراوەتەوە |