English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
نەتەوە یەکگرتووەکان: له‌ دوای داعشه‌وه‌ زیاتر لە ٢٠٠ گۆڕی به‌كۆمه‌ڵ لە عیراقدا هەیە
2018-11-07 [01:38 AM]

ZNA - هه‌ولێر


 

بەگوێرەی راپۆرتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان کە ڕۆژی سێشەممە دەرچوو، زیاتر له‌ ٢٠٠ گۆڕی به‌كۆمه‌ڵ دۆزراوەتەوە لەو ناوچانەی پێشتر لە ژێر دەسەڵاتی داعشدا بوون لە عیراق ، ئەم گۆڕانە لاشەی هەزاران قوربانی تێدایە. ڕاپۆرتەکە تیشک دەخاتە سەر هەڵمەتەکانی تیرۆر و توندوتیژی داعش و‌ پشتگیری له‌ داواكانی خانه‌واده‌ی قوربانیان ده‌كات لە ئاشکراکردنی ڕاستییەکان و دادپەروه‌ری.

نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عیراق (یونامی) و نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافی مرۆڤ هەڵساون بە دۆکومێنتکردنی شوێنی ٢٠٢ گۆڕی بەکۆمەڵ لە پارێزگاکانی نەینەوا و سەڵاحەددین و ئەنبار لە باکور و خۆرهەڵاتی وڵاتدا، بەڵام هێشتا لەوانەیە گۆڕی زیاتریش هەبن. ئەگەرچی ئەستەمە بزانرێت ژمارەی قوربانیان لەو گۆڕانەدا چەندە، بچووکرتین گۆڕی بەکۆمەڵ لە خۆرهەڵاتی شاری موسڵ هەشت لاشەی تێدابووە و گەورەترین گۆڕی بەکۆمەڵیش واباوەڕدەکرێت کە کونی خەسفە بێت لە باشوری شاری موسڵدا، کە لەوانەیە هەزاران لاشەی تێدابێت.

به‌گوێره‌ی راپۆرته‌كه‌ش، "لەوانەیە بەلگەی گرنگی پزیشکیی دادوەرییی له‌م گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵانه‌دا هه‌بن كه‌ نه‌ك هه‌ر یارمه‌تی ناسینه‌وه‌ی قوربانیه‌كان ده‌ده‌ن به‌ڵكو ده‌بنه‌ مایه‌ی تێگه‌یشتنیش له‌ قه‌باره‌ی تاوانه‌كان .

هه‌روه‌ها راپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات "ئه‌و به‌ڵگانه‌ی كه‌ له‌م شوێنانه‌دا‌ كۆكراونه‌تەوە  ده‌بنه‌ بنه‌ما بۆ  لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ڕاست و دروست و دادگاییكردن و تاوانباركردن به‌گوێره‌ی پێوه‌ره‌ جیهانییه‌كان. له‌لایه‌كی تره‌وه‌، گەیشتن بە ڕاستی و دادپەروەری لە رێگەی پاراستنی شوێنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و هەڵدانەوەیان و دەستنیشانکردنی لاشەی قوربانیان و گەڕاندنەوەیان دەبێت بۆ خانەوادەکانیان." 

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە لە حوزەیرانی ٢٠١٤ ەوە تا کانونی یەکەمی ٢٠١٧ داعش ناوچەیەکی بەرفراوانی لە عیراقدا داگیرکردبوو و دەستی کردبوو بە کەمپینی بەربڵاوی توندوتیژی بە پلان لە دژی مافەکانی نێودەوڵەتی مرۆڤ و یاسای مرۆیی، ئەو کردەوانەشیان لەوانەیە تەشەنەبکات بۆ تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی و لەوانەیە بە جینۆسایدیش دابنرێن."

مه‌به‌ست له‌ راپۆرته‌كه‌ش پشتگیریكردنه‌ له‌ حكومه‌تی عیراق له‌ پاراستن و هه‌ڵدانه‌وه‌ی ئه‌م گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵانه‌ له‌رێگه‌ی "به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كان" و هاوبه‌شكارانی نێودەوڵەتییەوە‌.

له‌مباره‌وه‌ بەڕێز یان کوبیش، نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق وتی "شوێنی گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان، كه‌ له‌ راپۆرته‌كه‌ی ئێمه‌دا ده‌ستینشان كراون، به‌ڵگه‌ی كۆژانی زۆر و سته‌مكاریی ناخهه‌ژێنن. دەستنیشانکردنی بارودۆخی دوای ئەم زیانە گەورەیە هەنگاوێکی گرنگ دەبێت لە دڵنەوایی خانەوادەکان و هەوڵەکانیان بۆ ئاشکراکردنی ڕاستییەکان و گەیشتن بە دادپەروەری."

هه‌روه‌ك له‌ راپۆرته‌كه‌شدا باسكراوه‌، خانه‌واده‌ی بێسه‌روشوێنان له‌ زانینی چاره‌نوسی خۆشه‌ویستانیان روبه‌رووی گرفتێكی زۆر بوونه‌ته‌وه‌ چونكه‌ ئه‌وان له‌ ئێستادا ده‌بێ راپۆرت بده‌نه‌ پێنج ده‌زگای جیاوازی وڵات كه‌ ئه‌مه‌ش هه‌م كاتبه‌ره‌ و هه‌میش ده‌بێته‌ مایه‌ی بێهێواكردنی ئه‌و خانه‌وادانه‌ی كه‌ به‌هۆی له‌ده‌ستدانی كه‌سوكاریانه‌وه‌ تووشی ئازاری زۆری دوای كاره‌سات بوونه‌ته‌وه‌. ڕاپۆرتەکە داوای کردنەوەی تۆمارێکی گشتی ناوەندی و نوسینگەیەکی فیدڕاڵی بۆ کەسە ونبووەکان دەکات."

خاتو میشێل باچێلێت له‌ كۆمیساریای باڵای مافه‌كانی مرۆڤی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان  وتی: "تاوانە کارەساتبارەکانی داعش لە عیراقدا بوونە سەردێری هەواڵەکان بەڵام تاسانی خانەوادەکانی قوربانیان بەردەوامە بە لەدەستدانی هەزاران ئافرەت و پیاو و منداڵ کە هێشتا چارەنووسیان دیارنیە. ئەم گۆڕانە ئەوانە لە خۆ دەگرێت کە بەهۆی نەچوونە ژێر باری بیروباوەڕ و یاسا قێزەوەنەکانی داعش بوونە قوربانی.  خانه‌واده‌ی قوربانیانی له‌ژماره‌نه‌هاتووی ده‌ستی داعش مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ بزانن كه‌ چی به‌سه‌ر خۆشه‌ویستانیان هاتووه له‌گه‌ڵ زانینی پرۆسه‌ی دادگاییكردن و راستییه‌كانیش وه‌ك به‌شێك له‌ دادپەروه‌ری." ‌

بەرێز کوبیش وتی مەبەست لە ڕاپۆرتەکە یارمەتیدانی حکومەتی عیراقە لە پاراستن و هەڵدانەوەی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گۆرە بەکۆمەڵەکان لە عیراق و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانیانەوە. بەڕێز کوبیش و خاتوو باچێلێت پشتگیریی خۆیان بۆ حكومه‌تی عیراق له‌م ئه‌ركه‌ گرنگه‌یدا دوپات ده‌كاته‌وه‌.

لە راسپارده‌کانی راپۆرته‌كەدا داوا دەکرێت هەوڵی هەمەلایەنە هەبێت بۆ هەڵدانەوەی گۆڕەکان بە بەشداری پسپۆڕانی شارەزا و پسپۆڕانی هەڵگرتنەوەی تەقەمەنی و لێکۆڵەرەوانی شوێنی تاوان. هەروەها به‌ چه‌قكردنی قوربانی بكرێته‌ كاری سه‌رلیست له‌گه‌ڵ دروستكردنی پرۆسه‌ی دادوه‌ریی راگوزه‌ری گشتگر به‌ ڕاوێژ و په‌سندكردنی عیراقییه‌كان به‌تایبه‌تیش به‌ركه‌وته‌كانی ناو كۆمه‌ڵگاكان.

ڕاپۆرتەکە بە هەمان شێوە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات بۆ دابینکردنی سەرچاوە و یارمەتی تەکنیکی بۆ هەوڵەکانی پەیوەست بە هەڵدانەوە و کۆکردنەوە و گواستنەوە و پاراستن و گەڕاندنەوەی پاشماوەی قوربانییان بۆ خانەوادەکانیان هەروەها دەستنیشانکردنی ناسنامەیان لە ڕێگەی بەهێزکردنی بەڕێوەبەرایەتی گۆڕە بەکۆمەڵەکان.





ئەم هەواڵە 1108جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند دیمەنێک لە لافاوەکە فەرەنسا
ڤیدیۆیی .. شەقامی خۆت و چانسی خۆت
ڤیدیۆیی .. ساتی کوشتنی تارا فارس
ھەڵۆیەک ھەوڵی رفاندنی منداڵێک دەدات
چەند دیمەنێکی سامناکی زریان و گەردەلوولەکەی ئەمریکا
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad