English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
دوایین راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی بەرز نرخاندووە
2018-11-18 [12:31 PM]

ZNA - هه‌ولێر


وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ساڵانە راپۆرتی تایبەتی خۆی لەسەر رەوشی پێکهاتە ئایینیە جیاوازەکان لە جیهان لەوانەش عێراق بڵاو دەکاتەوە، لە مانگی تەمموزی ئەم ساڵیش راپۆرتێکی خۆی لەو بوارەوە بڵاوکردەوە کە هەرێمی کوردستان و عێراقیش دەگرێتەوە. لەم راپۆرتەدا بە شێوەیەکی زۆر ئەرێنی باس لە رۆڵ و چالاکیەکانی حکومەتی هەرێم کراوە لە هاوکاری کردنی کەمایەتییە ئاینیەکان، پارێزگاری کردن لە ئاسایشیان لە کاتی بۆنە ئاینییەکانیاندا، درووستکردنی قوتابخانەی تایبەت بە کەمایەتییەکان، دروستکردنی کڵێسا و مەزارگەی تایبەت پێیان و .... هتد. لە تەواوی راپۆرتەکەدا زۆر بە وردی هەموو ئەو کارانەی حکومەتی هەرێم بۆ کریستیانەکان، ئێزیدیەکان و کەمایەتییە ئاینیەکانی دیکەی کردووە خراوەتە روو کە ئەمە رۆڵێکی ئەرێنی دەبێت لەسەرپێگەی حکومەتی هەرێم لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا.

د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا رایگەیاند: حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی جددی داوە بۆ پاراستنی مافە پێکهاتە ئایینی و مەزهەبی و نەتەوەییەکانی کوردستان و ئەم هەوڵەشی لە رەشنووسی دەستووری هەرێمی کوردستان بە روونی رەنگی داوەتەوە وەک لە مادده‌ى (٦)ى ڕه‌شنوسى ده‌ستورى هه‌رێمى كوردستان هاتووه‌، هەروەها لە ساڵی ٢٠٠٧  بە بڕیاری ژمارە (١١)ی پەرلەمانی کوردستان ناوی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئیسلامیی گۆڕا بۆ وەزارەتی ئەقاف و کاروباری ئایینی.

د. دیندار زێباری لە بەیاننامەکەیدا ئەوەشی خستۆتە روو کە پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 2015 یاسای ژمارە (٥)ی دەرکرد کە بە یاسای (پاراستنی پێکهاتەکان) ناسراوە بۆ پاراستنی پێکهاتەکان لە کوردستان، هەروەها لە رێکەوتی 9/7/2017 لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بەڕێوەبەرایەتی پێکەوەژیانی ئایینەکان دامەزراوە سەرەڕای بوونی بەڕێوەبەرایەتی پێکهاتەکان کە هەشت ئایین لە خۆ دەگرێت.

زێباری باسی لەوەش کرد کە حکومەتی هەرێمی کوردستان مامەڵەیەکی یەکسان لەگەڵ پێکهاتەکان دەکات لە گشت بوارەکاندا و وەکو پێویست هاوکاری کردوون وەک بوارەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا، تەندروستی. ئەم لێدوانەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە وەڵامی دوایین راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ساڵی 2017 لەسەر رەوشی  ئازادی ئایینی لە عێراقدا کە باس لە پێشێلکارییەکان دەکات بەتایبەتی لەلایەن گروپە چەکدارەکان لە هەمان کاتیشدا ستایشی رۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات لە حەواندنەوە، پاراستن و پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە نێوان پێکهاتە ئاینییەکان بە گشتی لە هەرێمدا. ئەمەی خوارەوەش دەقی لێدوانەکەیە:

ماوەیەکە چەند دەزگایەکی راگەیاندن و کەسایەتییەک بە ناوی کریستیانەکان لێدوان و بەیاننامەی جیاجیا  دەردەکەن گوایە کریستیانەکان لە کوردستان رووبەڕووی جیاوازی دەبنەوە و مافەکانیان پێشێل دەکرێت، لەم بارەوە د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان  رایگەیاند : کوردستان هەمیشە شوێنی حەوانەوە و نیشتەجێ بوونی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان و نموونەی پێکەوەژیانی نێوان ئەم پێکهاتانە بووە و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی جددی داوە بۆ پاراستنی گشت پێکهاتەکانی کوردستان بەبێ جیاوازی لەسەر بنەمای ئایین یان نەتەوە یان رەگەز، سەبارەت بە دەنگۆی پێشێلکردنی مافی پێکهاتەکان حکومەتی هەرێمی کوردستان بە شانازییەوە پێشوازی لە نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارەی دەشتی موسڵ کە بەشی هەرەزۆریان لە پێکهاتەی ئێزیدی و کریستیان بوون و سەرەڕای نالەباری دۆخی ئابووری و دارایی بەپێی توانا گشت پێداویستییەکانی بۆ دابین کردن،  چونکە پاراستنی پێکهاتەکان لە کارە بنەڕەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە .

زێباری ئاماژەی بە رەشنووسی دەستووری هەرێمی کوردستان کرد کە بە روونی مافی پێکهاتەکانی تێدا پارێزراوە و لەم بارەوە وتی: لە رەشنووسی دەستووری هەرێمدا مافی پێکهاتەکان بە روونی رەنگی داوەتەوە وەک لە ماددەی (٦)ى ڕه‌شنوسى ده‌ستورى هه‌رێمى كوردستان هاتووه‌، گه‌لى هه‌رێمى كوردستان پێكهاتووه‌ له‌ كورد، توركمان، عه‌ره‌ب، كلدان، سریان، ئاشورى، ئه‌رمه‌ن و هاوڵاتیانى دیكه‌ى هه‌رێمى كوردستان، واتە پەیڕەوانی ئایینەکانی دیکە، وەک کەمایەتی سەیر نەکراون، بەڵکو بە پێکهاتەی کۆمەڵگای کوردستانی دانراون، هەروەها لە ماددەی (٧)ی رەشنووسەکەدا هاتووە: ئەم دەستوورە دووپات دەکاتەوە کە ئیسلام ناسنامەی راستەقینەی  زۆرینەی گەلی کوردستانە و پرەنسیپەکانی شەریعەتی ئیسلام یەکێکن لە سەرچاوە سەرەکییەکانی بڕیاردان، هەروەها گشتی مافی ئایینیی کریستیان و ئێزیدییەکان و ئەوانی تر زامن دەکات لە ئازادی بیروباوەڕ و ئەنجامدانی چالاکییە ئایینییەکان .

سەبارەت بە بەشداری سیاسیی پێکهاتەکان زێباری وتی: لە ساڵی 1992 و دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان، ئەنجومەنی نیشتمانی کوردستان –پەرلەمان- دامەزرا کە لە (١٠٠) کورسی سەرەکی و پێنج کورسی (کۆتا) بۆ کریستیانەکان پێکهاتبوو، بەڵام دواتر لە سالێ 2005 ژمارەی کورسییەکانی کۆتا زیاد کرا بۆ (١١) کورسی کە پێنجیان بۆ تورکمان و پێنجیان بۆ کلدان و ئاشووری و یەک کورسیش بۆ پێکهاتەی ئەرمەن تەرخان کراون، ئێستا ئەم پێکهاتانە بەپێی ئەم دابەشبوونە کورسیان لە پەرلەمانی کوردستان هەیە.

د. دیندار زێباری  ئاماژەی بە ھەوڵە بەردەوامەکانی حکومەتی ھەرێم بۆ نەھێشتنی ھیچ جۆرە رەگەزپەرستییەک لە نێوان پێکھاتەکانی کوردستان و وتی: بۆ رێزگرتن لە پەیڕەوانی ئایینەکانی تر لە ساڵی ٢٠٠٧  بە بڕیاری ژمارە (١١)ی پەرلەمانی کوردستان ناوی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئیسلامیی گۆڕا بۆ وەزارەتی ئەقاف و کاروباری ئایینی ئەمەش بە ھۆی بوونی پێرەوانی ئایینەکانی دیکە لە کوردستان  جگە لە موسڵمانان و ئاماژەیەکە روونە بۆ ئەوەی وەزارەتی ئەوقاف تەنیا تایبەت نییە بە ئایینی زۆرینەی خەڵکی کوردستان، بەڵکو پێکھاتە ئایینی و مەزھەبی و نەتەوەییەکانی دیکەشی لەبەرچاو گرتووە. پێشتر لە وەزارەت تەنیا لە سێ بەش پێکھاتبوو کە موسڵمان،کریستیان و ئێزیدی کە بەڕێوەبەرایەتی گشتییان ھەبوو، بەڵام ئێستا (٨) ئایین و ئایینزا نوێنەرایەتییان هەیە لە وەزارەتی ئەوقاف و بە پاڵپشتی و هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەبێ جیاوازی ئەرکەکانیان جێبەجێ دەکەن و پێڕەوانی ئەم ئایینانە بە ئازادی سرووتە ئایینییەکان لە پەرستگاکانی تایبەت بە خۆیان ئەنجام دەدەن و لایەنە پەیوەندیدارەکان پارێزگارییان دەکەن.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر یاسای پاراستنی پێکھاتەکان لە ھەرێمی کوردستان و وتی: بۆ پاراستنی پێکھاتەکانی ھەرێمی کوردستان و زامن کردنی مافەکانیان لە گشت روویەکەوە پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی  ٢٠١٥ یاسای پاراستنی پێکھاتەکانی پەسەند کرد کە بە یاسای ژماری  (٥) ناسراوە و تێیدا مافی پێکھاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی (تورکمان، کلدوئاشوری، سریانی و ئەرمەن) و پێکھاتە ئایینییەکانی وەک (کریستیان، ئێزیدی، سابیئەی مەندائی، کاکەیی و زەردەشتی)ییەکانی تێدا پارێزراوە، ئەم یاسایە کە گشت ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان دەنگیان بۆ دا داوای نەھێشتنی ھەموو جۆرە بانگەوازێکی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ دەکات کە لەلایەن کەسێک یان کۆمەڵە کەسێکەوە دەدرێت و  هانی رق و توندوتیژی و پەراوێزخستن دەدات لەسەر بنەمای نەتەوە، ئیتن، ئایین و زمان، هەروها بە یەکێک لە دەستکەوتە گرنگەکانی هەرێم دادەنرێت بۆ پاراستنی پێکهاتەکان لە هەرێم . لەلایەکی دیکەوە لە رێکەوتی 9/7/2017 وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بە بڕیاری وەزاری ژمارە (1910) بڕیاریدا بە دامەزراندنی (بەڕێوەبەرایەتی پێکەوەژیانی ئایینەکان) کە ئەرکی سەرەکیی پاراستن و پتەوکردنی گیانی پێکەوەژیانی نێوانه پێکهاتە ئایینییەکانی هەرێمی کوردستانە .

د. دیندار زێباری لەبارەی گرنگیدانی حکومەتی هەرێم بە لایەنی کەلتوری و پەروەردەیی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیی و مەزهەبیەکان گوتی:  پێکهاتە ئاینییەکانی کوردستان بە ئازادی یادی جەژن و بۆنەکانیان دەکەن  و یادەکانیان بە جەژنی رسمی و پشوو دادەنرێت لە هەرێم وەک جەژنی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح و جەژنی چوارشەممەی سووری ئێزیدییەکان و چەندین جەژن و بۆنەی دیکە، هەروها به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتی رۆشنبیرى بۆ توركمان و سریانى لە وەزارەتی رۆشنبیری هەیە باره‌گاى ئه‌م دوو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ گشتییه‌ له‌ هه‌ولێره‌ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى سریانی له‌ دهۆك هه‌یە، هەروەها بە دەیان قوتابخانە هەیە خوێندن تێیدا به‌ زمانى سریانییە به‌تایبه‌تى له‌و شوێنانه‌ى كه‌ کریستیانی زۆرە‌ وه‌ك (هه‌ولێر/ عەنكاوه‌، شه‌قڵاوه‌، كۆیه‌، دیانا، هاودیان و هه‌رمۆته‌ له‌كۆیه‌ هه‌روه‌ها له‌ ناوچه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم وه‌ك حه‌مدانییه‌، به‌رتلە‌، تلكێف، قەرەقۆش، كرملیس، ئه‌لقۆش، لەلایەکی دیکەوە ده‌ستەیە‌كى تایبه‌ت له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى په‌روه‌رده‌ى دهۆك سه‌رپه‌رشتى خوێندنى ئایینى ئێزیدى ده‌كات كه‌ زۆربه‌یان له‌ سنوورى شارى دهۆك و زیاتریش له‌ شارى موسڵه.

زێباری هەروەها وتی: سەبارەت بە بە لایەنی کەلتوور یش ئەوان حکومەتی ھەرێمی پاڵپشتی دارایی ژمارەیەک ناوەندی ڕۆشنبیری، تیپی ھونەری تورکمانی، کلدانی، ئاشووری، ئێزیدی، لە لایەن وەزارەتەوە کراوە، لە ڕێگای ھاریکاری کردنیان و گرنگیدان بە دابونەریت و کەلەپووری دێرینیان وەک دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتی مۆزەخانەی سریانی و چاپکردنی سەدان کتێب بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی، سریانی، تورکمانی.

 سەبارەت بە کێشەی زەوی برا کریستیانیەکان زێباری وتی:  لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم بەردەوام پشتگیری لە جوتیاری بەرهەمهێن دەکات بەبێ رەچاو کردنی جیاوازی چینایەتی و ئایینی و نەتەوەییەوە ئەمەش لە روانگەی پێشخستنی بەرهەمی کشتوکاڵ و لەم بارەیەوە ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە ئەرکی خۆیان هەڵساون لە وەڵامدانەوەی داخوازییەکانی برا کریستیانیەکان و چارەسەرکردنی هەرکێشەیەک رووبەروویان ببێتەوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە روانگەی رێزگرتن لە ئایین و نەتەوەکانی دیکە بەتایبەتی برا کریستیانەکان کە لە دێرزەمانەوە لەم خاکەدا ژیاون وەک هەر هاووڵاتییەکی تر، بۆیە لیژنەیەک بۆ داواکاری ئەم برا کریستیانانە پێکهێنرا و ئێستا لیژنەکە گەیشتۆتە دوایین قۆناغی کارەکانی و پێشنیاریان پێشکەش کردووە کە وەک حاڵەتێکی (استثناء) زەوی ئەم برا کریستیانانەی لە ناوچەکە بۆیان بگەڕێتەوە و داوا لە ئیدارەی پارێزگای دهۆک کراوە کە جێبەجێی بکات، بەڵام بەپێی ئەم پێشنیارە ژماریەک جوتیاری دیکە لە کریستیان و موسڵمانەکان زەرەرمەند دەبن لەبەر ئەوەی لە ساڵی ١٩٩٦ زەوییەکانیان وەرگرتووە و ماوەی (٢٠) ساڵە لەبەردەستیاندایە و بەکاری دەهێنن، دیارە هەر مافێک بە یاسا بدرێت و دوای ئەو ماوە زۆرە ئینجا دووبارە لێی وەربگیرێتەوە پێویستی بە کات و رێوشوێنی ئیداری تایبەت هەیە، بەڵام حکومەتی هەرێم لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ چارەسەر کردنی کێشەی ئەم زەویانە.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی راگەیاند کە  حكومه‌تی هه‌رێم لێژنه‌یه‌كی دامه‌زراندووه‌ كه‌پێكهاتووه‌ له‌ نوێنه‌رانی وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوه‌كان، كارو كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی، فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ و نوێنه‌ری یاساناسی ئێزیدییه‌كان پێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند لایه‌نێكی تر. ئه‌ركی سه‌ره‌كی ئه‌م لێژنه‌یه‌ كۆكردنه‌وه‌ی زۆرترین به‌ڵگه‌ و دوكیۆمنته‌ له‌سه‌ر تاوانه‌كانی داعش و تا ئێستا به‌ هه‌زاران به‌ڵگه‌ له‌سه‌ر ئه‌م تاوانه‌ كۆكراونه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها چه‌ندین لێژنه‌ی لاوه‌كی دامه‌زراوه‌ له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی كاریگه‌ریی زۆریان هه‌بێت له‌ ناساندنی ئه‌م كه‌یسه‌ وه‌ك جینۆساید. هه‌روه‌ها چه‌ند لێژنه‌یه‌كی تری لاوه‌كی دامه‌زراون له‌ ئه‌مریكا، فه‌ره‌نسا، ئه‌ڵمانیا، ئیتاڵیا، هۆڵه‌ندا، یه‌كێتی ئه‌وروپا و ده‌ستیان به‌ كاره‌كانیان كردووه‌. به‌م میكانیزمه‌وه‌ حكومه‌تی هه‌رێم له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌ رێكاره‌ یاساییه‌كان بگرێته‌ به‌ر بۆ تۆماركردنی ئه‌م داواكارییه‌ و پێشكه‌ش كردنی به‌ڵگه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بۆ دادگای باڵای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ لاهای.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی: لە رووداوەکانی دوای هێرشی داعش بۆ سەر کوردستان کرد و گوتی: دوای کۆنتڕۆڵکردنی شاری موسڵ و چەند ناوچەیەکی کوردستان لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە بە سەدان هەزار ئێزیدی، کریستیان، کاکەیی و پێکهاتەکانی دیکە ئاوارە بوون و روویان لە هەرێمی کوردستان کرد، هەروەها ژمارەیەکی زۆری کوردانی ئێزیدی لەلایەن تیرۆریستانەوە رفێندران، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رۆژی 25/11/2014 لێژنەیەكی دامەزراند بۆ كۆكردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون لە كەیسی ئێزیدییە رفێندراوەكان و بودجەیەكی تایبەتی تەرخان كردووە بۆ رزگارکردنیان، دوای گەڕانەوەشیان حكومەت هەموو ئامادەكارییەك دەكات بۆ حەواندنەوەیان ودووبارە گەڕاندنەوەیان بۆ نێو كۆمەڵگا. لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەی حکومەتی هەرێم توانراوە ژمارەیەکی زۆر لە رفێندراوەکان ئازاد بکرێن.

شایەنی باسە بەپێی دوایین ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری ئێزیدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ژمارەی ئافرەتە رفێنردراوەکان تا رێکەوتی 10/10/2018  ئاماری رزگار کراوەکان بەم شێوەیە بووە: بەر لە هاتنی داعش ژمارەی ئێزیدییەکان لە عێراق نزیکەی (550000) پێنج سەد و پەنجا هەزار کەس بووە، لە ئەنجامی داگیرکردنی ناوچەکانیان لە لایەن داعشەوە نزیکەی ( 360000) سێ سەد و شەست هەزاریان ئاوارە بوون و (1293)یان شەهید بوون، (6417) هاووڵاتی کوردی ئێزیدی رفێندراون لەوانە ( 3547)یان ئافرەت و (2870)یان پیاو بوون.بە هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەت ژمارەی ئێزیدییە رزگارکراوەکان (3331) بووە لەوانە (1159) ئافرەت و (337) پیاو و (960) کچ و (875) کوڕ رزگار کراون، ئەوانەی تا ئێستا رزگار نەکراون ژمارەیان (3325) کەسە لەوانە (1597) ئافرەت و (1728) پیاون کە لە دەست داعشدا ماون.





ئەم هەواڵە 2086جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
فرۆکەوانێک بەم شێوەیە رێز لە مامۆستاکەی دەگرێت
کچێک بە موعجیزە رزگاری دەبێت
لە عێراق بەم شێوەیە ئاوی باران لادەدەن ، بە دڵنیایی دوو جار سەیری دەکەیەوە
چەند دیمەنێک لە لافاوەکە فەرەنسا
ڤیدیۆیی .. شەقامی خۆت و چانسی خۆت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad