English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
کۆبیش: لە ئەوروپا و لە ڕۆژئاوادا بە چاوێکی بەرز سەیری پێگە و مێژوو و خەباتی سەرۆک بارزانی و خانەوادەی بارزانی دەکرێت
2018-12-04 [09:53 AM]

ZNA- ھەولێر



ڕۆژی سێشەممە ٤ـی ١١ـی ٢٠١٨ لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە یان کۆبیچ نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد.

لەو دیدارەدا کە نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەبۆنەی کۆتایھاتنی ئەرکەکانی لە عێراق و ماڵئاواییکردن، سەردانی سەرۆک بارزانیی کردبوو سوپاسی سەرۆک بارزانی و حکوومەتی ھەرێمی کرد کە لەماوەی کارکردنیدا پشتیوان و ھاوکاری بوونە و ھەروەھا پێزانینی بۆ ڕۆڵ و پێگەی سەرۆک بارزانی ھەبوو و ڕایگەیاند کە لە ئەوروپا و لە ڕۆژئاوادا بە چاوێکی بەرز سەیری پێگە و مێژوو و خەباتی سەرۆک بارزانی و خانەوادەی بارزانی دەکرێت.

لە بەشێکی تری ئەو دیدارەدا نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆشنایی خستەسەر پڕۆسەی سیاسیی عێراق و سەردانی سەرۆک بارزانیی بۆ بەغدا بە گرنگ و ئیجابی وەسف کرد و ئاماژەیشی بەوەدا کە ئەو سەردانە لە لایەن عێراقییەکانەوە بە وەرچەرخانێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و مایەی ئومێد لە قەڵەم دراوە و بە پێویستیشی زانی ئەو دەرفەتەی کە لەدوای سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا ھاتووەتە ئارا بقۆزرێتەوە و بەغدایش وەڵام و ھەنگاوی ئیجابی بھاوێژێت لەبارەی سنوور و نەوت و کێشەکانی تری نێوان ھەرێم و بەغدا. ھەروەھا پیرۆزبایی بڕیارەکەی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد لە دیاریکردنی کاندید بۆ پۆستی سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکوومەتی داھاتووی کوردستان و دووپاتیشی کردەوە کە حکوومەتی ئایندەی کوردستان حکوومەتێکی کارا و بەھێز دەبێت.

لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی سوپاسی ئەرک و ماندووبوونەکانی نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد و ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواست. لەبارەی پەیوەندییەکانی ھەرێم و بەغدا و سەردانەکەی بۆ بەغدا، سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە لە گشت قۆناغەکاندا پەیامی ئێمە پەیامی ئاشتی و دیالۆگ و لێکتێگەییشتن بووە بۆ چارەسەری کێشەکان و لەدوای ھەڵبژاردنەکانی عێراق و پێکھاتنی حکوومەتی تازە کەشوھەوایەکی تازە و ئومێدێکی نوێ دروست بووە و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیش پێویستە قەناعەت بە دیالۆگ و زمانی ئاشتی ھەبێت و لە ھەمانکاتیشدا نیازپاکی بۆ چارەسەر ھەبێت. دیالۆگ و ئاشتیخوازیی ئێمەیەش نابێ لەسەر حسابی پڕەنسیپ و بابەتە ستراتیژییەکانی ئێمە بێت.

سەرۆک بارزانی لە درێژەی وتەکانیدا پاڵپشتیی خۆی بۆ حکوومەتی عادل عەبدولمەھدی دووپات کردەوە و ھیوای ئەوەی خواست کە ئەو حکوومەتە بتوانی کێشەکان چارەسەر بکات و خزمەتگوزاری پێشکەشی خەڵک بکات. لەبارەی حکوومەتی ئایندەی ھەرێمیش سەرۆک بارزانی ئەوەی دووپات کردەوە کە دروشمی ئێمە کوردستانێکی بەھێزە و لەوە دڵنیاین کە حکوومەتی ئایندە حکوومەتێکی بەھێز دەبێ و لە خزمەتی خەڵک دەبێت و خەڵکی کوردستانیش پێشوازی لە بڕیارەکانی پارتی کردووە بۆ دیاریکردنی ھەردوو کاندیدی سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکوومەت.





ئەم هەواڵە 4477جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
بەدڵنایی دوو جار سەیری دەکەیەوە ، منداڵێکی زۆر قشە
چەند دیمەنێکی لافاوی شاری شیراز لە ئێران
لە رووداوێکی ھاتووچۆ ئۆتۆمبێلێک دەفڕێت
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
ڤیدیۆیی .... بە ئاگر و شمشێر قژی ئافرەتان رێکدەخات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad