English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
به‌داوه‌تی فه‌رمی شاندێکی هەرێم سەردانی فەڕه‌نسا دەکەن
2018-12-06 [10:46 AM]

ZNA - هه‌ولێر


لەسەر داوەتی فەرمی (ڤالێری پێکریس) سەرۆکی هەرێمی (پاریسیان)، ئەو هەرێمەی کە شاری پاریس لەخۆ دەگرێت و بەشێکە لە هەژدە هەرێمە ئیداریەکان لە فەرانسا شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرەشتی د. دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم سەردانی وڵاتی فەڕانسا دەکەن. ئامانجی سەرەکی لەم سەردانە بەشداری کردنە لە کۆنفرانسی تایبەت بە رەوشی کریستیانەکان و پێکهاتە ئاینییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەم کۆنفڕانسە لە رۆژانی ١١ و ١٢ی کانوونی یەکەم لە شاری پاریس بەرێوەدەچێت و ئامانجی سەرەکی بەرێوەچوونی ئەم کۆنفڕانسە ئیدانەکردن و خستنەرووی تاوانەکانی گرووپە تیرۆریستییەکانەدژی کەمایەتییە ئاینیەکان بەگشتی و کریستیانەکان بەتایبەتیلە رۆژهەڵاتی ناوەراست و عێراق. بابەتێکی دیکەی سەرەکی ئەم کۆنفڕانسە پاراستنی ژیانی کریستیانەکانە لەرووی ئەمنی و داهاتوویان لە عێراق. ئەم کۆنفڕانسە بە پشتگیری و چاودێری هەریەکە لە لیژنەی کەمایەتییە ئاینییەکان لەوانە کریستیانەکان لە پەرلەمانی فەرانسا، مجلسی سێناتی فەڕانسی، سەرۆکی بەشی کارووباری کریستیانەکان لە مەجلس کە ئەم گرووپە بە تایبەت لە سێنات وپەرلەمان چاودێری رەوشی کریستیانەکان دەکەن لە عێراق بەتایبەت ناوچەکانی سنووری هەرێمی کوردستان. هەروەها ژمارەیەک دیپلۆماتی عەرەب لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست بەشداری ئەم کۆنفڕانسە دەبن.

 شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پانێلەکانی کۆنفرانسەکەدا وتاریان دەبێت. وتاری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان تایبەت دەبێت بە رەوشی کەمایەتییە ئاینییەکان بەگشتی و کریستیانەکان بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان. لە راپۆرتێکی تێر و تەسەلدا کە پێشکەشی ئەندامانی بەشداربووی کۆنفرانسەکە دەکرێت هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم بۆ پاراستنی ژیانی کەمایەتییە ئاینییەکان بە گشتی و کریستیانەکان بەتایبەتی دەخرێتە روو. لەم راپۆرتەدا بە وردی باس لە هەموو ئەو هەنگاو و رێکارانە کراوە کە حکومەتی هەرێم بۆ خزمەتکردنی کریستیانەکان گرتوویەتییە بەر بۆ ئەوەی بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بسەلمێندرێت کەهەرێمی کوردستان خاکی ئاشتی و پێکەوەژیانی هەموو کلتوور و ئایینە جیاوازەکانە و هەمووان بەبێ جیاوازی دەتوانن لەسەر ئەم خاکە بژین.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە لێدوانێکیدا سەبارەت بە بەشداری کردن لەم کۆنفڕانسە رایگەیاند "رەشنووسی دەستووری هەرێمی کوردستان بە روونی مافی پێکهاتەکانی تێدا پارێزراوە. لە رەشنووسی دەستووری هەرێمدا مافی پێکهاتەکان بە روونی رەنگی داوەتەوە وەک لە ماددەی (٦)ى ڕه‌شنوسى ده‌ستورى هه‌رێمى كوردستان هاتووه‌، گه‌لى هه‌رێمى كوردستان پێكهاتووه‌ له‌ كورد، توركمان، عه‌ره‌ب، كلدان، سریان، ئاشورى، ئه‌رمه‌ن و هاوڵاتیانى دیكه‌ى هه‌رێمى كوردستان، واتە پەیڕەوانی ئایینەکانی دیکە، وەک کەمایەتی سەیر نەکراون، بەڵکو بە پێکهاتەی کۆمەڵگای کوردستانی دانراون و ئەم راستییانە پێگەی حکومەتی هەرێم لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەهێز دەکات".

دیندار زێباری راشیگەیاند "ماوەیەکە چەند دەزگایەکی راگەیاندن و چەند کەسایەتییەک بە ناوی کریستیانەکان لێدوان و بەیاننامەی جیاجیا  دەردەکەن گوایە کریستیانەکان لە کوردستان رووبەڕووی جیاوازی دەبنەوە و مافەکانیان پێشێل دەکرێت، بەڵام لە راستییەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان مامەڵەیەکی یەکسان لەگەڵ پێکهاتەکان دەکات لە گشت بوارەکاندا و وەکو پێویست هاوکاری کردوون وەک بوارەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا، تەندروستی. هەروەها، کوردستان هەمیشە شوێنی حەوانەوە و نیشتەجێ بوونی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان و نموونەی پێکەوەژیانی نێوان ئەم پێکهاتانە بووە. حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی جددی داوە بۆ پاراستنی گشت پێکهاتەکانی کوردستان بەبێ جیاوازی لەسەر بنەمای ئایین یان نەتەوە یان رەگەز، سەبارەت بە دەنگۆی پێشێلکردنی مافی پێکهاتەکان حکومەتی هەرێمی کوردستان بە شانازییەوە پێشوازی لە نزیکەی يەک ملیۆن ئاوارەی دەشتی موسڵ کە بەشی هەرەزۆریان لە پێکهاتەی ئێزیدی و کریستیان بوون و سەرەڕای نالەباری دۆخی ئابووری و دارایی بەپێی توانا گشت پێداویستییەکانی بۆ دابین کردن،  چونکە پاراستنی پێکهاتەکان لە کارە بنەڕەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.

 

لە درێژەی لێدوانەکەیدا رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم رایگەیاند "لە هەرێمى کوردستان هەموو کەسێک بەبێ رەچاوکردنی جیاوازی ئایینی، نەتەوەیی و مەزهەبی ئازادە بۆ هەرشوێنێک هاتوچۆ بکات، هەروەها ئازادن لە پەیڕەوکردنى سرووتە ئاینیەکانى خۆیان و پەرستگاى لالەشیش باشترین نموونە و بەڵگەیە بۆ ئەمە،  هەروەها مامەڵەى خراپ لەگەڵ پێکهاتە  ئاینیەکان نەکراوە بە پێچەوانەوە لەلایەن حکومەتى هەرێمى کوردستان و رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى زۆر هاریکاریان پێشکەشکردووە. هەر لەم رووەوە و لە بەر بوونی کەمایەتی ئایینی و مەزهەبی لە کوردستان حکومەتى هەرێم پشتیوانى لە ئاین و مەزهەبە جیاوازەکان دەکات ئەویش بە کردنەوەى بەڕێوەبەرایەتی گشتی و بەڕێوەبەرایەتی لە وەزارەتى کاروبارى ئاینى بۆ هەر ئایینێک".

 

لەکۆتایی لێدوانەکەیدا د.دیندار زێباری رایگەیاند "ژمارەیەکی زۆر لە رێکخراو و لایەنە نێودەوڵەتییەکان بەردەوام تۆمەتی ئەوە دەدەنە پاڵ حکومەتی هەرێم گوایە ئەو کەسانەی موسڵمان نەبن و لە کەمایەتییە ئاینییەکان بن بەبێ هۆکار دەستگیر دەکرێت، بەڵام دەبێت و هەمووان بزانين کە هیچ هاووڵاتییەک لە هەرێمى کوردستان لەسەر بیروباوەڕى ئایینى و مەزهەبى دەستگیرنەکراوە بۆ نموونە لە شەنگال بۆچوونى زۆر جیاواز هەنە تاوەکو گەیشتۆتە راددەى سنوور بەزاندنیش، بەڵام هیچ کەس دەستگیر نەکراوە لەسەر ئەم بابەتە و دادگاکانى هەرێم بەشێوەیەکى یەکسان سەیرى هەموو هاووڵاتیان دەکات. یاسا سەروەرە و هیچ جیاوازییەک بەرامبەر پێکهاتەکان نەکراوە لەلایەن حکومەت و هاووڵاتیان بەڵکو حکومەت وەک ئەرک و هاووڵاتیانیش هاریکاریان پێشکەشکردووە، چونکە دادگاکانى هەرێمى کوردستان کاریگەرى هیچ لایەنێکى سیاسیان بەسەرەوە نییە".





ئەم هەواڵە 850جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
فرۆکەوانێک بەم شێوەیە رێز لە مامۆستاکەی دەگرێت
کچێک بە موعجیزە رزگاری دەبێت
لە عێراق بەم شێوەیە ئاوی باران لادەدەن ، بە دڵنیایی دوو جار سەیری دەکەیەوە
چەند دیمەنێک لە لافاوەکە فەرەنسا
ڤیدیۆیی .. شەقامی خۆت و چانسی خۆت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad