English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
حكومه‌تی هه‌رێم بەشداری کۆنفڕانسی تایبەت به‌پێکھاتە ئاینییەکان لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست كرد
2018-12-12 [01:41 AM]

ZNA - هه‌ولێر


لەسەر بانگهێشتی فەرمی (ڤالێری پێکریس) سەرۆکی هەرێمی (پاریسیان)، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پێکھاتبوون لە دیندار زێباری (رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم)، عەلی دۆڵەمەری (نوێنەری حکومەتی ھەرێم لە فەڕەنسا)، خالید ئەلبێر تالیا (بەڕێوەبەری کاروباری کریستیانەکان لە وەزارەتی ئەوقاف) و ژمارەیەک لە ئەندامانی نوسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان بەشداری کۆنفڕانسی تایبەت بە رەوشی کریستیانەکان و پێکھاتە ئاینییەکان لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بوون

ئامانجی سەرەکی لە بەشداری کردن لەم کۆنفڕانسە باسکردن بوو لە رەوشی کریستیانەکان و پێکهاتە ئاینییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و خستنە رووی هەوڵ و کۆششەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە خزمەتکردنی کەمایەتییە ئاینییەکان بە گشتی و کریستیانەکان بە تایبەتی بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی. ئەم کۆنفڕانسە بە بەشداری جێگری وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، ژمارەیەک کەسایەتی سیاسی وڵاتان، باڵیۆز، پەرلەمانتار و پیاوانی ئاییینی کە لە عێراق، سوریا، لوبنان، میسڕ، فەڕانسا ...ھتد ھاتبوون بەڕێوەچوو..

لە سەرەتای کۆنفڕانسەکەدا (ڤالێری پێکریس) سەرۆکی هەرێمی (پاریسیان)، پێشوازی لە بەشداربووان کرد و ئامانجی سەرەکی بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسەکەی روون کردەوە کە ھەوڵدان بوو بۆ گەیشتن بە ئەنجامێک بۆ بەرەوپێشبردنی ئاستی پێکەوەژیان، رێزگرتن لە بیر و باوەڕ و ئاینی یەکتر و ھەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری بۆ کەمایەتییەکان لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست.

لە پانێلێکی کۆنفڕانسەکەدا د.دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم وتاری خۆی پێشکەش بە کۆنفڕانسەکە کرد. زێباری لە کۆنفڕانسەکەدا جەختی خستە سەر رەوشی پێکهاتە ئاینییەکان لە هەرێمی کوردستان و رایگەیاند " هه‌موو چه‌شنه‌ جیاكاریه‌ك لەسەر‌ بناغه‌ى نه‌ژاد، ڕه‌نگ‌، ڕه‌گه‌ز، زمان، پێگه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى، وڵاتنامه‌، بنه‌چه‌، ئایین، بیروباوه‌ڕ، هزر، ته‌مه‌ن، بارى ئابوورى، كۆمه‌ڵایه‌تى، سیاسى، یان كه‌م ئه‌ندامى قه‌ده‌غه‌یە. حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌بێ جیاوازى هه‌موو ده‌رگاكانی هه‌رێمی بەڕووی پێکهاتە جیاوازەکاندا واڵا كردووه‌ و تائێستا به‌ده‌یان هه‌زار خێزانی مه‌سیحی، ئێزدی، توركمان و عه‌ره‌ب له‌ناوچه‌كانی باشوور و ناوه‌راستی عێراق بۆ پاراستنی گیانی خۆیان رویان له‌ شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ و حكومه‌تی هه‌رێمیش به‌پێی توانا هه‌موو ئاسانكاریه‌كی بۆ ئه‌نجامداون‌ و ئێستاش وه‌كو هه‌موو هاوڵاتیه‌كی دیکەی كوردستان ژیانی رۆژانه‌ى خۆیان به‌بێ هیچ فشارێك ده‌به‌نه‌سه‌ر".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەحکومەتی هەرێم جەختی خستە سەر ئەوەی کە‌ ناوچه‌ كوردستانیه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌ر ناوچه‌یه‌كى دیكه‌ى عێراق زیاتر ناوچه‌گه‌لێكى فره‌ نه‌ته‌وه‌ و فره‌ ئایینین. ئه‌گه‌رچى له‌ ڕووى مێژوییه‌وه‌ ئه‌م ناوچانه‌ كوردستانین، به‌ڵام له‌لایه‌ن ڕژێمى پێشوى عێراقه‌وه‌ گۆڕانكارى دیموگرافیان به‌سه‌ردا هێنراوه‌ و هه‌ر یه‌كێكیان به‌ ناوچه‌یه‌كى ناكوردستانییه‌وه‌ لكێنراون.

زێباری بۆ بەشداربووانی کۆنفڕانسەکەی روون کردەوە کە حکومەتی ھەرێم هەوڵی جددی داوە بۆ نەھێشتنی ھیچ جۆرە رەگەز پەرستییەک لە نێوان پێکھاتەکانی کوردستان و بۆ رێزگرتن لە پەیڕەوانی ئایینەکانی دیکە. لە ساڵی ٢٠٠٧  بە بڕیاری ژمارە (١١)ی پەرلەمانی کوردستان ناوی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئیسلامی گۆڕا بۆ وەزارەتی ئەقاف و کاروباری ئایینی ئەمەش بە ھۆی بوونی پێرەوانی ئایینەکانی دیکە لە کوردستان جگە لە موسڵمانان و ئاماژەیەکی روونە بۆ ئەوەی وەزارەتی ئەوقاف تەنیا تایبەت نییە بە ئایینی زۆرینەی خەڵکی کوردستان، بەڵکو پێکھاتە ئایینی و مەزھەبی و نەتەوەییەکانی دیکەشی لەبەرچاو گرتووە. پێشتر لە وەزارەت تەنیا لە سێ بەش پێکھاتبوو کە موسڵمان، کریستیان و ئێزیدی کە بەڕێوەبەرایەتی گشتییان ھەبوو، بەڵام ئێستا (٨) ئایین و ئایینزا نوێنەرایەتییان هەیە لە وەزارەتی ئەوقاف و بە پاڵپشتی و هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەبێ جیاوازی ئەرکەکانیان جێبەجێ دەکەن و پێڕەوانی ئەم ئایینانە بە ئازادی سرووتە ئایینییەکان لە پەرستگاکانی تایبەت بە خۆیان ئەنجام دەدەن و لایەنە پەیوەندیدارەکان پارێزگارییان دەکەن.

لە کۆتایی کۆنفڕانسەکەدا پیاوانی ئایینی بەشدار لە کۆنفڕانسەکە کە پیاوانی ئاینی موسڵمان و کریستیان بوون بەیانێکیان واژۆ کرد لەژێر ناوی بەیانی پاریس و تێیدا لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتن و لە ناویاندا: دەبێت ھەموو ئەو کەمایەتییانەی بەھۆی خراپی دۆخیانەوە ئاوارە بوونە بگەرێندرێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و ھاوکاری بکرێن بۆ باشتر کردنی ژیانیان، پێویستە یەکسانی لەنێوان ئەو کەسانە ھەبێت کە ئاینی جیاواز پەیڕەو دەکەن، دەبێت ژن و پیاو یەکسان بن و ھیچ جیاوازییەک لە نێوانیان نەکرێت، واز بھێندرێت لەوەی کە بەھۆی ھەندێک گرووپی توندرەوەوە سیمای ئیسلام ناشیرین بکرێت، دەبێت واز بھێندرێت لە وتاری توندڕەوانە کە ئاژاوە دەنێتەوە و دەبێتە ھۆکارێک بۆ تەشەنە سەندنی رق و کینە لە نێوان ئاینە جیاوازەکان، ھەرواھا کۆمەڵێک خاڵی دیکەش پەسەند کە ھەمووان لە بەرژەوەندی کەمایەتییە ئاینییەکان و بەرەوپێش بردنی ژیانیانه.





ئەم هەواڵە 3883جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لە رووداوێکی ھاتووچۆ ئۆتۆمبێلێک دەفڕێت
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
ڤیدیۆیی .... بە ئاگر و شمشێر قژی ئافرەتان رێکدەخات
فرۆکەوانێک بەم شێوەیە رێز لە مامۆستاکەی دەگرێت
کچێک بە موعجیزە رزگاری دەبێت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad