English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
پیاوێک بەبەرچاوی خێزانەکەی دەکوژرێت 
2018-12-19 [03:12 AM]

ZNA- ھەولێر 



سیروان لەگەڵ ھاوژینەکەی و برازایەکی چووبووە سەر گۆڕی باوکی، لە گەڕانەوەیدا لەلایەن دوو کەسەوە تەقەی لێکرا و بە بەرچاوی ژنەکەی و برازاکەیەوە کوژرا. مامی تۆمەتبارەکان دەڵێت: "برازاکانم تۆڵەی کوشتنی باوکیان کردەوە".


ئەو رووداوە رۆژی ٦/١٢/٢٠١٨ لە گوندی کەڵەکینی سەر بە ناحیەی خەلیفانی قەزای سۆران روویدا. پیاوێکی تەمەن ٣٥ ساڵ بەناوی سیروان ئەحمەد کە باوکی شەش منداڵ بوو، لەلایەن دوو کەسەوە کوژرا.
رائید سەعدوون ھاودیانی، گوتەبێژی پۆلیسی سۆران  گوتی : "دوای ئەوەی پەڕاوی لێکۆڵینەوەمان بۆ رووداوەکە کردەوە، بۆمان دەرکەوت ئەو کەسە بەھۆی کێشەیەکی کۆنی کۆمەڵایەتی کوژراوە. ئەو دوو بنەماڵەیە خزمی یەکدین، ١٥ ساڵ لەمەوبەر باوکی ئەو دوو تۆمەتبارە لە نێو ماڵی ئەو کەسەدا کوژراوە". بە گوتەی پۆلیس تۆمەتبارەکان دوای رووداوەکە ھەڵاتوون و تا ئێستا دەستگیرنەکراون.
ئەسعەد ئەحمەد کە برای سیروانە، باسی پێشینەی ئەو کێشەیە دەکات کە لە نێوان ماڵی ئەوان و تەقەکەرەکاندا ھەبووە. ئەسعەد گوتی: "١٥ ساڵ لەمەوبەر باوکی ئەو دوو کەسە بە میوانی ھاتبووە ماڵی ئێمە، لە ناکاو تەقە لە ماڵمان کرا و ئەو پیاوە کوژرا، ئێستاش نەمانزانی کێ بوو تەقەی لە ماڵی ئێمە کرد".
ئەسعەد دەڵێت دوای رووداوەکە ھەوڵی زۆریان لەگەڵ لایەنی بەرامبەر داوە بۆ ئەوەی کێشەکە لەڕێی "سوڵحی عەشایەری" چارەسەر بکەن، بەڵام بنەماڵەی کوژراوەکە رازی نەبوون :"ئەوان سووربوون لەسەر ئەوەی تۆڵەی خۆیان بکەنەوە، دواجار براکەی منیان کوشت".

بە گوتەی ئەسعەد، ئەو ماڵە دەمێکە بەدوای ئەوەوەن تۆڵەی خۆیان بکەنەوە. لە ھاوینی ئەمساڵ تەقەیان لە خۆی و کوڕەکەی کردووە "لەگەڵ کوڕەکەم دەگەڕاینەوە ماڵەوە، بۆسەیان بۆ دانابووینەوە، تەقەیان لێکردین و ھەردووکمان بریندار بووین، ئەوان وایانزانی گیانمان دەرچووە، ھەڵاتن، بەڵام دواتر کوڕەکەم تەلەفۆنی کرد و خزم و کەسوکار بە ھانامانەوە ھاتن".

دوای ئەوەی چاک دەبێتەوە، ئەسعەد سکاڵا لەسەر دوو کەس تۆمار دەکات کە تەقەیان لێکردووە، بۆیە پۆلیس دەستگیریان دەکات، بەڵام دواتر ئەسعەد سکاڵاکەی دەکشێنێتەوە. ئەسعەد دەڵێت: "بۆیە سکاڵاکەم کشاندەوە بۆ ئەوەی ئەوان لە زیندان بێنە دەرەوە و سوڵح بکەین، بەڵام دیسان پەشیمان بوونەوە و سوڵح نەکرا".

ئەسعەد باسی ئەو رۆژە دەکات کە سیروانی برای تێدا کوژرا و دەڵێت: "باوکم چەند مانگێک دەبێت مردووە، سیروان تەلەفۆنی بۆ کردم و گوتی دەچینە سەر گۆڕی باوکم، تۆ نایەیت؟ گوتم ناتوانم، بەڵام کچە بچووکەکەم حەزی لێیە، ئەو لەگەڵ خۆتان ببەن. 

لەکاتی گەڕانەوەیان بۆ ماڵەوە ئۆتۆمبێلێک پێشیان پێدەگرێ  و بە دەمانچەوە ھێرش دەکەنە سەر سیروان و لە ئۆتۆمبێلەکەی دەریدەھێنن، لە پێش چاوی ژنەکەی و کچە بچووکەکەی من دەیکوژن. ئەسعەد گوتی: "کچەکەم و براژنەکەم لەو رۆژەوە تووشی شۆک بوون، بە تایبەتی کچەکەم یەک قسە ناکات و لە نێو جێگەدا کەوتووە".

ئەسعەد رەتیکردەوە ئەوان باوکی ئەو دوو کەسەیان کوشتبێ و گوتی: "ئێمە خزمی یەکدین. ئەگەر مەبەستمان کوشتنی ئەو بووایە لەماڵی خۆمان نەماندەکوشت".

پانزە ساڵ لەمەوبەر پیاوێکی تەمەن ٤٠ ساڵان بە ناوی دیمۆ ساڵح، دانیشتووی گوندی بەردین لە ناحیەی ھەریر  سەردانی ماڵی باوکی سیروان لە گوندی کەڵەکینی ناحیەی خەلیفان دەکات و لەوێ دەکوژرێ. کەسوکارەکەی ماڵی ئەحمەدیان تۆمەتبار کرد بە کوشتنەکەی.

 عەبدوڵڵا ساڵح کە برای دیمۆیە  گوتی : "براکەم  لەو ماڵە میوان بوو، ئەوان دەڵێن ئێمە نەمانکوشتووە، بەڵام راست ناکەن، ئەوان کوشتیان. ١٥ ساڵ بەسەر ئەو تاوانە تێپەریوە و پۆلیس و دادگا نەیانتوانی تاوانبارەکان دەستگیر بکەن".

سەبارەت بە رەتکردنەوەی سوڵحی عەشایریش کە ماڵی ئەحمەد داوایان کردبوو، عەبدوڵڵا دەڵێت: "ئێمە چاوەڕێمان کرد دادگا مافمان وەربگرێتەوە و بکوژەکانی برام دەستگیر بکات، بەڵام نەیانکرد، ئێمەش نەمانویست سوڵحی عەشایری بکەین، چونکە دڵنیاین ئەوان براکەمیان کوشتووە".

کوڕەکانی دیمۆ دوای ئەوەی گەورە دەبن، چەندینجار ھەوڵدەدەن ئەسعەدی براگەورەی سیروان بکوژن، بەڵام سەرکەوتوو نابن. عەبدوڵڵا گوتی: "چەند مانگێک بەر لە ئێستا برازاکانم ویستیان ئەسعەد بکوژن، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون و کەوتنە زیندان. ماوەیەک لە زیندان بوون، کە ئەسعەد لەوان خۆش بوو ئێمە ھەر رازی نەبووین سوڵح بکەین، چونکە ئەگەر  سوڵحمان کردبایە براکەم لە گۆڕەکەیدا ئاسوودە نەدەبوو." 

عەبدوڵڵا نکۆڵی لەوە نەکرد کە کوڕەکانی دیمۆ سیروانیان کوشتووە و گوتی "تۆڵەی خوێنی باوکیان کردەوە".

ی.ا 
سەرچاوە | رووداو 
 





ئەم هەواڵە 4855جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
ڤیدیۆیی .... بە ئاگر و شمشێر قژی ئافرەتان رێکدەخات
فرۆکەوانێک بەم شێوەیە رێز لە مامۆستاکەی دەگرێت
کچێک بە موعجیزە رزگاری دەبێت
لە عێراق بەم شێوەیە ئاوی باران لادەدەن ، بە دڵنیایی دوو جار سەیری دەکەیەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad