English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
حكومه‌تی هه‌رێم پێشوازی له‌ پێشنیاری نێوده‌وڵه‌تی بۆ جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140 ده‌كات
2018-12-20 [01:55 AM]

ZNA - هه‌ولێر


دیندار زێباری لە وەڵامی راپۆرتی گروپی قەیرانی نێودەوڵەتی رایگه‌یاند، پێشوازی لە هەر پێشنیار و راپۆرتێکی نێودەوڵەتی بۆ جێبەجێکردنی ماددەی (١٤٠)ی دەستووری هەمیشەیی عێراق دەکەین.

رۆژی 16/12/2018 گروپی قەیرانی نێودەوڵەتی راپۆرتێکی بڵاوکردۆتەوە بە ناوی (زیندوو کردنەوەی میانگیری UN دەربارەی سنوورە ناوخۆییە کێشە لەسەرەکان لە عێراق) لەو راپۆرتەیدا گروپی ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات کە پێویستە رێکەوتن بکرێت سەبارەت بە سنوورە ناوخۆییە کێشە لەسەرەکان لە عێراق و نەتەوەیەکگرتووەکانیش رۆڵی بەرچاوی هەبێت، چونکە کەشوهەوای سیاسی و پەیوەندییەکانی نێوان و بەغدا لە ئێستادا یارمەتیدەرن، باس لەوەش دەکات کە پێویستە نەتەوەیەکگرتووەکان دەستپێشخەرییەکی تازەی هەبێت سەبارەت بە ناوچە کێشە لەسەرەکان بەتایبەتی کەرکوک، هەروەها ئەوە دەخاتە روو کە لەسەر نەتەوەیەکگرتوەکان پێویستە گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەم دوولایەنە هێور بکاتەوە کە دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم دروستبووە. هەرچەندە هەندێک لەم کێشانە چارەسەر کراون، بەڵام پێویستە یوئێن رۆڵێکی جددیتر بگێڕیت بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا ئەنجامێکی سەرکەوتووی هەبێت.

لەم بارەوە د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا رایگەیاند کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لایەنێکی سەرەکییە لە جێبەجێکردنی ماددەی140 و لە دوای ساڵی 2003 تاکو 2014 هەماهەنگی هەبووە لە نێوان حکومەتی هەرێم و بەغدا بۆ ئیدارەکردنی ئەو ناوچانە. لە 31/12/2007 پێویست بوو ماددەی (١٤٠) جێبەجێ بکرێت، بەڵام جێبەجێ نەکرا بۆیە حکومەتی هەرێم و حکومەتی بەغدا داوای میانگیریی نەتەوەیەکگرتووەکانی کرد و سەرەڕای راپۆرتیان (ستیڤان دیمیستۆرا) لە دوای ساڵی 2009ەوە هیچ هەنگاوێکی عەمەلی نەنرا.

زێباری باسی لەوەش کرد کە لە دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 بەشێکی زۆری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم رووبەڕووبوونەوە درووست بوو لە نێوان عێراق و هێزی پێشمەرگەی کوردستان و لە ئەنجامدا خەڵکی سڤیل بوونە قوربانی و ئاوارە بوون، بەداخەوە سەرەڕای ئەوەی یۆنامی لیژنەی لێکۆڵینەوەی بۆ ئەو ناوچانە پێکهێنا، بەڵام وەک پێویست نەیتوانی رۆڵی خۆی بگێڕێت و قوربانیانیش قەرەبوو نەکرانەوە.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەش دەخاتە روو حکومەتی هەرێمی کوردستان بە باشی دەزانێت خەڵکی ئەوناوچانەش لایەنێکی دیکە بن لە چارەسەر کردنی ئەم کێشەیە و مافی بڕیاردان لەسەر چارەنووسی خۆیانیان هەیە. ئەوانیش داوای هاوبەشکردنی دەسەڵات وهاوبەشکردنی رێکخستن لەو ناوچانە دەکەن بۆ ئەوەی هیچ جیاوازی و دووبەرەکییەک لەنێوان خەڵکەکە دروست نەبێت.ئەمەش دەقی لێدوانەکەیە:

د. دیندار زێباری لە بارەی ڕۆڵی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە میانەی وەڵامی راپۆرتی گروپی قەیرانی نێودەوڵەتی کە لە 14/12/2018 بڵاوی کردۆتەوە تیشکی خستە چەند بابەتێک کە لە راپۆرتەکەدا هاتووە بەتایبەتی چارەسەرکردنی مەسەلەی ناوچە كێشە لەسەرەكان وتی: هەرێمی کوردستان پێشوازی لە هەر هەوڵێک دەکات لە پێناو جێبەجێکردنی ماددەی (١٤٠)ی دەستوور و ئاسایی کردنەوەی بارودۆخی ئەو ناوچانە، چونکە لایەنێکی سەرەکییە لە جێبەجێکردنی ئەم ماددەیە کە پێویست بوو لە 31/12/2007 پێویست بوو جێبەجێ بکرێت، بەڵام جێبەجێ نەکرا بۆیە حکومەتی هەرێم و حکومەتی بەغدا داوای میانگیریی نەتەوەیەکگرتووەکانی کرد بۆیە UN راپۆرتێکی سەبارەت بە چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشەکە خستەروو، لە دوای ساڵی 2009ەوە هیچ هەنگاوێکی عەمەلی نەنرا، چونکە رۆڵی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق زیاتر راوێژکاری بوو.

زێباری لەبارەی  هەوڵەکانی جێبەجێ کردنی ماددەی (١٤٠)ی دەستوور وتی:  رژێمی بەعس هەوڵیداوە لەرووی دیموگرافییەوە گۆڕانكاری بنەرەتی بەسەر ئەو ناوچانەدا بێنێت ئەویش بە راگواستنی خەڵكی رەسەنی ناوچەكە كە زۆربەیان كوردن و نیشتەجێكردنی خەڵكی خواروو و ناوەڕاستی عێراق لەم ناوچانە، پاش ساڵی 2003 حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆڵێكی كارای هەبووە لە بونیادنانەوەی عێراقی نوێ بەتایبەتی لە نووسینەوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق. حکومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام داوای لە حكومەتی فیدراڵ كردووە پەلە بكەن لە جێبەجێكردنی ماددەی (140) و لەم رووە زۆر نەرمی نواندووە و ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ  هەموو جۆرە هاوکاری و هەماهەنگییەک، هەروەها بەر لە هێرشی داعش داوای لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی كردووە كە  پێویستە ئەم کێشەیە بەپێی دەستوور چارەسەر بکرێت.

ئاماژەی بەوەش کرد لە دوای ساڵی 2003 تاکو ٢٠١٧ هەماهەنگی هەبووە لە نێوان حکومەتی هەرێم و بەغدا بۆ ئیدارەکردنی ئەو ناوچانە لە سەرەتای درووستبوونییەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان هەردەم هەوڵیداوە بۆ پاراستنی بنەماكانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ و رێزگرتن لە پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكانی عێراق بۆ شادبوونیان بە مافەكانیان لە پێناو هێنانەدی سەقامگیری لە وڵات، بۆ ئەم مەبەستەش لە گفتوگۆدا بووە لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی بۆ نەهێشتنی ئەو ئاستەنگ و كێشانەی كە لەسەردەمی رژێمی بەعسەوە مابوونەوە بە پشت بەستن بە دەستوور كە گەلی عێراق دەنگیان بۆی دا، گرنگترین ئەو كێشانەش كە بێ چارەسەر مابوونەوە ماددەی (140) ی دەستوورر و میكانیزمی جێبەجێكردنی ئەو ماددە دەستووریەیە.

لە بارەی بوونی هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە دیندار زێباری وتی: لە دوای ساڵی 2003 هێزی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان رۆڵێكی بەرچاویان هەبووە لە پاراستنی ئاسایشی ئەم ناوچانە، بەتایبەت لە دوای هاتنی گرووپی تیرۆریستی داعش و داگیرکردنی موسڵ و ناوچەكانی دیكە  ، هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە زۆربەی ناوچە كێشە لەسەرەكانی پارێزگاكانی كەركوك و موسڵ و دیالا و سەڵاحەددین رووبەرووی تیرۆریستان بوونەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی بەرگری عێراق و هێزی هاوپەیمانان بۆ ئەم مەبەستەش چەندین لیژنەی هاوبەش بۆ ئەم مەبەستە دامەزراوە بۆ نموونە: دانانی لیژنەی هاوبەشی نێوان وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری عێراقی فیدڕاڵ و وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی كاروباری پێشمەرگەی هەرێم و نوێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا، دامەزراندنی سەنتەری هاوبەشی هەرێمی لە دیالا، كەركوك، نەینەوا، پێكهێنانی هێزی هاوبەشی زێڕین لە نێوان حكومەتی فیدڕاڵ و حكومەتی هەرێم، دانانی مەفرەزەی هاوبەشی پرۆسە سەربازییەكان لە نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگەی كوردستان لەو ناوچانە، دانانی خاڵی پشكنینی هاوبەش لە دیالا و كەركوك و نەینەوا. هەروەها دوای تیرۆریستانی داعش هێزی پێشمەرگەی کوردستان رۆڵێکی سەرەکیی هەبوو لە رزگاکردنی ئەم ناوچانە و قوربانییەکی زۆری دا لە پێناو رزگارکردنیان وەک کەرکوک، مەخمور، خانەقین، دوزخورماتو، زوممار، رەبیعە و شنگال و پاراستنی گشت پێکهاتەکانەی ئەم ناوچانە بەبێ جیاوازی.

لە بەشێکی راپۆرتەکە گروپی قەیرانی نێودەوڵەتی باس لە دەستگیرکردنی هاووڵاتیانی عەرەب دەکات لە پارێزگای کەرکوک و لەم بارەوە  رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم وتی:  لە پارێزگای کەرکوک لیژنەیەکی ئەمنی هەبوو کە لەمانەی خوارەوە پێکهاتووە (پارێزگار کە سەرۆکی لیژنەی ئەمنییە، جێگری پارێزگار (عەرەبی سوننەیە)، بەڕێوەبەری پۆلیس (کوردە)، هەردوو ئاسایشی پارتی و یەکێتی، بەڕێوەبەری هەواڵگری (تورکمانی شیعەیە)، بەڕێوەبەری پۆلیسی ناوشار (تورکمانە)، بەڕێوەبەری موخابەرات (عەرەبی سوننەیە)، نوێنەری ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک).  ئەرکی ئەم لیژنەیە پاراستنی ئەمنییەتی پارێزگاری کەرکوک هەموو بڕیارەکان بە هاوبەشی لە نێوان ئەندامانی ئەم لیژنەیە دەردەچوو لەوانەش ئەو بڕیارانەی  پەیوەندییان بە دەستگیر کردنی گومانلێکراوانەوە هەیە.

ئەوەشی روونکردەوە کە دوای ئەوەی لایەنە ئەمنییەکان زانیاری تەواویان لەسەر گومانلێکراوان دەدا بە دادوەر، دادوەر رەزامەندی دەدات بە دەستگیرکردنی گومانلێکراوان، فەرمانی دەستگیر کردنیان بۆ دەردەچوو بەم پێیەش رێگا بە هێزە دەدرا بە گرتن و پشکنین و بەدواداچوونی گومانلێکراوان. دوای دەستگیرکردنی گومانلێکراوان بۆ ماوەی (٧٢) لەژێر لێکۆڵینەوەدا دەبوون و دوای ئەوەی دانیان بە تاوانەکەیان بەپێی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرا و مافی هەبوونی پارێزەر و سکاڵا تۆمارکردنیشیان هەبوو لە دادگا دژی هێزە ئەمنییەکان و هەموو ئەو کەسانەی دەستگیر دەکران یاخود سزا دەدران لەسەر بنەمای یاسایی بووە.

لە بارەی رووداوەکانی دوزخورماتو و ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری 2017  زێباری وتی: لە ئەنجامی رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری 2017 بەداخەوە پێکدادان و رووبەڕووبونەوە لەو ناوچانە درووست بوو ئەمەش بووە هۆی ئەوەی خەڵکی ئەو ناوچانە دیسان ببنەوە قوربانیی ئەو رووداوانە و گیان لە دەستدانی ژمارەیەکی زۆر و سووتاندن و رووخاندنی ماڵی دەیان هاووڵاتی ئەو ناوچانە و بۆ ماوەیەک پرۆسەی خوێندنی لە بەشێکی زۆری ئەو ناوچانە پەکخرا  و زۆربەی ناوەندەکانی خوێندن داخران، هەروەها بە دەیان هەزاریشیان ئاوارە بوون و ناوچەکانی خۆیان جێهێشت، ئەم رووداوانە بوونە هۆی ئەوەی کە رەوشی ناوچەکە ئاڵۆزتر بێت و لایەنە نێودەوڵەتییەکان وەک یۆنامی و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش لیژنەی تایبەتیان پێکهێنا بۆ بەدواداچوون لە راستییەکان لەم ناوچانە.

دیندار زێباری لە بارەی پێکهێنانی لیژنەی بەدواداچوونی راستییەکان لەلایەن یۆنامییەوە وتی: راستەوخۆ دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری 2017 داوامان لە لایەنە نێودەوڵەتییەکان بەتایبەتی یۆنامی کرد  کە پێویستە لێکۆڵینەوەیەکی بێلایەنانە ئەنجام بدەن لەسەر رووداوەکان بەتایبەتی لە توزخورماتوو، چونکە هاووڵاتیانی ناوچە جێناکۆکەکان دووچاری نەهامەتییەکی زۆر و ئاوارەیی و سووتانی ماڵ و خانوو و شوێنە بازرگانییەکانیان بوونەوە و دەیان هەزاریان لە شارەکانی کوردستان ئاوارە و دەربەدەر بوون، بۆیە پێویستە هەرچی زووە بەهانای خەڵکی ئەم ناوچانەوە بێن ولێکۆڵینەوەی ورد لە رووداوەکان بکەن، لەلایەن خۆیانەوە نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عیراق (یونامی) لیژنەیەکی بەدواداچوونی ر استییەکانی پێکهێنا و لە رۆژانی ٧ و ١٤ی کانوونی یەکەم سەردانی توزخورماتوی کرد. رۆژی 23/12/2017 یۆنامی راپۆرتی خۆی سەبارەت بە سەردانی تیمەکانیان بڵاوکردەوە، لە راپۆرتەکەدا باس لە ئاوارەبوونی ژمارەیەک لە هاووڵاتیانی خورماتو دەکات کە روویان لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی کردووە بە پشت بەستن بە ئامارەکانی رێکخراوی  جیهانی کۆچ، بەڵام ئەو ژمارەیەی کە باس کرابوو کەمتر بوو لەوەی کە لە واقیعدا هەیە و ئامارەکانیان رەنگدانەوەی درووستی رووداوەکان، چونکە خورماتوو زیانێکی زۆری بەرکەوتووە و زیاتر لە (٣١,٠٠٠) خێزان کە دەکاتە (١٠٠,٠٠٠) سەد هەزار کەس ئاوارە بوون و شوێنەکانی خۆیان جێهێشتووە و زیاتر لە ١٥٠ خانوو تێکدراون، هەروەها (١٩) کارگە و چێشتخانەی هاووڵاتیان و بە سەدان مۆڵ و دوکانی هاووڵاتیان تاڵان کراوە و سووتێندراوە، بەشێوەیەکی گشتی ئەو زیانانەی بەو شارە کەوتووە بە ملیۆنان دۆلار دەخەمڵێندرێت.

دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بارەی چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە کێشە لەسەرەکان وتی: حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو ناوچانەی ماددەی (١٤٠)ی دەستووری هەمیشەیی عێراق دەیانگرێتەوە کە خۆی لە سێ قۆناغدا دەبینێتەوە ئەوانیش بریتین لە ئاسایی کردنەوە، سەرژمێری و ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ ئەوەی خەڵکی ئەو ناوچانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن، بۆ ئەم مەبەستەش پێشوازی لە هەر پێشنیار و دەستپێشخەرییەکی لایەنە نێودەوڵەتییەکان و نەتەوەیەکگرتووەکان دەکەین بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە. لە ئێستادا تا راددەیەک کەشوهەوا لە بارە بۆ ئەوەی هەوڵەکان بەگەڕ بخرێنەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەو ماددە دەستوورییە کە لە بەرژەوەندی گەلانی عێراق بە گشتی و  بەتایبەتی خەڵکی ئەم ناوچانەدایە کە لە پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیی جیاجیاکان پێکهاتوون

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی: پێشتر لە چەند قۆناغێکدا بەتایبەتی لە دوای ساڵی 2003 لە چەندین رووەوە  هاوکاری و هەماهەنگی لەنێوان عێراق و هەرێمی کوردستان بوونی هەبووە و تا راددەیەک سەرکەوتوو بوون ئەمەش ئەوە دەگەیەنیت کە ئەم کێشەیە چارەسەر کردنی ئەستەم نییە و دەتواندرێت چارەسەر بکرێت.





ئەم هەواڵە 3595جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لە رووداوێکی ھاتووچۆ ئۆتۆمبێلێک دەفڕێت
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
ڤیدیۆیی .... بە ئاگر و شمشێر قژی ئافرەتان رێکدەخات
فرۆکەوانێک بەم شێوەیە رێز لە مامۆستاکەی دەگرێت
کچێک بە موعجیزە رزگاری دەبێت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad