English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
راگەیندراوێک لە حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە 
2018-12-23 [10:46 AM]

ZNA- ھەولێر 




لەراگەیاندراوێکدا کەوێنەیەکی بۆ ئاژانسی ھەواڵی زاگرۆس نێردراوە ، حکومەتی ھەرێمی کوردستان وەڵامی ھیومان رایتس وۆچ دەداتەوە

لەراگەیاندراوەکەدا ھاتووە ، رۆژی ٢٣/١٢/٢٠١٨ رێکخراوی ھیومان رایتس وۆچ راپۆرتێکی بە ناوی (عێراق \ھەرێمی کوردستان: دووجار سزادان بۆ ئەوانەی پەیوەندییان بە داعشەوە ھەبووە) بڵاوکردەوە و تێیدا باس لەوە دەکات کە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ دووبارە ئەو کەسانە دەدەستگیر دەکاتەوە کە پێشتر لە ھەرێمی کوردستان بە تۆمەتی پەیوەندی کردنیان بە داعشەوە دەستگیرکرا بوون و ئازاد کراون ئەمەش بەھۆی نەبوونی ھەماھەنگی لە نێوان ھەردوو لادا.
لەم بارەوە دکتۆر دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند  ھەنگاوەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەربارەی دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی پەیوەندییان بە داعشەوە ھەیە، روون و ئاشکران و وتی: بە شێوەیەکی گشتی دوای دەستگیر کردنی کەسانی گومانلێکراو یان داواکراو کەسوکاریان لە دەستگیرکردن و تۆمەتەکان ئاگادار دەکرێنەوە و ھەر کەسێک لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا بکرێت بە تۆمەتی تیرۆر دوای ئەوەی بە بەڵگەوە تۆمەتەکەی بەسەردا ساغ دەبێتەوە و دان دەنێت بە پەیوەندی کردنی بە داعش ئینجا دەستگیر دەکرێت واتە لە دەستگیرکردن تەنیا پشت بە دان پێدانانی گومانلێکراوان نابەسترێت، ھەروەھا دوای دەستگیرکردنیان کەسو کاریان ئاگادار دەکرێتەوە لە شوێنی دەستگیرکردنیان و مافی ھەبوونی پارێزەر و سکاڵا تۆمارکردنیشیان ھەیە لە دادگا دژی ھێزە ئەمنییەکان.
دیندار زێباری تیشکی خستی سەر پرۆسەی ئاڵوگۆڕی زانیاری لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵی سەبارەت بە کەیسی گیراوانی داعش و لەم بارەوە وتی: حکومەتی ھەرێم لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ پرۆسەیەکیان دەستپێکردووە بۆ رادەستکردنەوەی ئەو دەستگیرکراوانە و حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئاسانکاری زۆری کردووە بۆ رادەستکردنەوەی ئەم دەستگیرکراوانە و تا ئێستا بەپێی بەرنامەیەک بە ھەماھەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی  فیدراڵی بەتایبەتی وەزارەتی ناوخۆ  زیاتر لە (١٤٠٠) دەستگیرکراوی داعش رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵی کراون کە زوربەیان خەڵکی ناوچەکانی ئەنبار، سەڵاحەددین، دیالا و حەویجە بوون و لەژێر لێکۆڵینەوەدابوون واتە سزایان بۆ دەرنەچووبوو لەلایەن دادگاکانی ھەرێمی کوردستانەوە. لە لایەکی دیکەوە جگە لەو ھەماھەنگییەی ھەیە سەبارەت بە پرسی دەستگیر کراوان، لەسەر ئاستی  دادگاکان لە سەرۆکایەتی دادگای پێداچوونەوە  لیژنەیەکی باڵای ھاوبەش پێکھاتووە لە سێ سەرۆکی دادگای پێداچوونەوە لە نێوان بەغدا و ھەولێر بە مەبەستی ئاڵۆگۆڕی زانیاری لە کاتی پێویستدا.
 لە بارەی ئەو دەستگیرکراوانەی کە لە ھەرێم سزایان بۆ دەردەچێت یان بە بڕیاری دادگا ئازاد دەکرێن زێباری وتی:  ھەر کەسێک بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیر کرابێت و حوکم درابن ئەوا تۆمەت و سزاکەی دەخرێتە نێو پەڕاوەکەی و لە کاتی پێویستدا دەتوانرێت لە رێگای پارێزەرەوە ئەو زانیاریانە دەست بکەوێت، دوای ئازاد کردنیان و بەسەر بردنی ماوەی سزاکەی لە ھەرێمی کوردستان و گەڕانەوەی بۆ ناوچەکەی خۆی بۆ ئەوەی جارێکی دیکە دووچاری دەستگیرکردن نەبێتەوە دەتوانێت وێنەیەکی حوکمی دادگاکەی پێ بێت. بەڵام ئەوانەی تر کە لەژێر لێکۆڵینەوەدان و حوکمیان دەرنەچووە و ئازاد کراون ئەتوانن لە رێگای فەرمانگە و لایەنە فەرمییەکانەوە داوای بەڵگەنامەی دەستگیرکردنیان بکەن. حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەو بارەوە ئاسانکاریی زۆریشیان بۆ دەکات، چونکە لە ھەرێمی کوردستان پرۆسەی لێکۆڵینەوەکان و راگرتنی تۆمەتباران پرسەیەکی شەفافە و لەژێر چاودێری دەزگا فەرمییەکاندایە.  بۆ نموونە کەسێک کە فەرمانبەر بێت لە موسڵ یان ھەر شارێکی دیکە و پێشتر لە ھەرێم بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیرکرا بێت  دواتر ئازاد کرابێت دەتوانێت بە شێوەی فەرمی لە رێگای فەرمانگەکەی خۆیەوە داوای بەڵگەنامەکان بکات، چونکە حکومەت مامەڵە لەگەڵ شوێنی فەرمی دەکات.
 
دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی ھەرێم ئاماژەی بەو خزمەتگوزاری تەندروستی و دەروونیانە کرد کە پێشکەش بە گیراوان دەکرێن وتی: بەندکراوەکان لە کاتی پێویستدا رەوانەی نەخۆشخانەکان دەکرێن و ئەو راگیراوانەش کە نەخۆشی درێژخایەنیان ھەیە لەلایەن بەشەکانی گرتن و گواستنەوە ڕەچاوی باری تەندروستییان کراوە و بۆیان ھەیە خواردنی تایبەت بۆ خۆیان دروست بکەن. ئەم جۆرە بەندکراوانە بەردەوام لەلایەن پزیشکەکانی بنکەکانی تەندروستی لە بەشەکانی گرتن و گواستنەوە چاودێری باری تەندروستیان.
سەبارەت بە دابینکردنی خزمەتگوزارییە پزیشکییە سەرەتاییەکان وەک (پێداویستی چارەسەرکردن و دەرمان و ئەمبۆڵانس و پزیشکی تایبەت) دابینکراون، لە ھەر کاتێک راگیراوان پێویستییان بەنەشتەرگەری ھەبێ یاخود تووشی بارودۆخێکی تەندروستی سەخت ببن ئەوا رەوانەی نەخۆشخانەکان دەکرێن ، ھەروەھا ئەو راگیراوانەی کە نەخۆشی درێژخایەنیان ھەیە لەلایەن بەشەکانی گرتن و گواستنەوە ڕەچاوی باری تەندروستییان کراوە و بۆیان ھەیە خواردنی تایبەت بۆ خۆیان دروست بکەن و بەردەوام لەلایەن پزیشکەکانی بنکەکانی تەندروستی لە بەشەکانی گرتن و گواستنەوە چاودێری باری تەندروستیان دەکرێت.


ی.ا
 





ئەم هەواڵە 5644جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لە رووداوێکی ھاتووچۆ ئۆتۆمبێلێک دەفڕێت
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
ڤیدیۆیی .... بە ئاگر و شمشێر قژی ئافرەتان رێکدەخات
فرۆکەوانێک بەم شێوەیە رێز لە مامۆستاکەی دەگرێت
کچێک بە موعجیزە رزگاری دەبێت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad