English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
دایکی سێ منداڵە سووتاوەکەی چەمچەماڵ  راستیەکان دەدرکێنێت
2018-12-23 [01:09 AM]

ZNA- ھەولێر


دایکی سێ منداڵەکەی چەمچەماڵ بۆ یەکەمجار قسە دەکات و  دەڵێت، ھاوژینەکەی ئەوەی بەسەرھێناون. داواش لە حکومەت دەکات بینێرنەوە دەرەوە بۆ چارەسەر و دەڵێت "لەم ئازارە رزگارمبکەن".

سێوان قادر، دایکی ئەو سێ منداڵەیە کە ھەفتەی رابردوو لەکاتی ئاگرکەوتنەوە لە ماڵەکەیان سووتان و سێ منداڵەکەی گیانیانلەدەستدا، خۆیشی لە ٩٠%ی جەستەی سووتا. ئەو ئێستا لە نەخۆشخانەی سووتاوییە لە سلێمانی.

ھەرچەندە ھێشتا پۆلیس لێکۆڵینەوە لە چۆنێتی رووداوەکە دەکات و دۆسیەکە یەکلانەبووەتەوە، بەڵام سێوان کە بە ئاسانی ناتوانێ قسەبکات  گوتی:  ئەوەی روویدا "خۆم نەبووم، مێردەکەم بوو، ئێمە شەڕمان کرد".

سێوان قادر ھاوژینەکەی بە تۆمەتبار دەزانێ و گوتی "ئەم کەیسە دانەخرێ، بەسزای خۆی بگەیەنن، قەت لێی خۆشنابم. لە ھیچ کەسێک خۆشنابم کە دەستی تێیدایە". 

سێوان دایکی سێ منداڵ بوو کە تەمەنیان لەنێوان ١ بۆ ٥ ساڵدا بوو، بەڵام تاوەکو ئێستاش نازانێت منداڵەکانی مردوون. ئەو دەڵێت "رزگارمبکەن لەم ئازارە. لێرە دەرمبکەن".

پۆلیسی چەمچەماڵ چەند کاژێرێک دوای رووداوەکە باوکی منداڵەکانی دەستگیرکرد و رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لە ھۆکاری سەرەکی ئاگرکەوتنەوەکە، گیانلەدەستدانی منداڵەکان و سووتانی دایکیان دەکەن.

 بەھۆی بوونی کامێرای چاودێری بەرامبەر ماڵی سێوە دەرکەوتووە ھاوژینەکەی دەبەیەک نەوت دەباتە ژورەوە و غازی ماڵەکەش دەکاتەوە. دواتر ھاوژینەکەی دەڕوات و ماڵەکە گڕدەگرێت و سێوە بەئاگرەوە بەرەو حەوشە دەچێت، دراوسێکان دەیکوژێننەوە.

شەفیق نووری، مامی سێوان ساڵانێکی زۆرە لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێیە، گوتی "تەنیا دەمەوێت کاتێک دەگەڕێمەوە بە ھاوڕێ بیانییەکانم بڵێم ئێمە خاوەنی حکومەت و دادگایەکین کە باوکە و بەدەم ھاوار و غەدری برازاکەمەوە چووە. با سێوەش بێدەنگ نەکرێ و تاوانباریش لە ژوور بکرێت و بەخێوبکرێت. ئێمە وەک خانەوادەی سێوە لەجیاتی باوکە ئەژنۆشکاوەکەی داوا لە سەرۆکی حکومەت دەکەین سێوە بگەیەنێتە دەرەوە. ئێمە سوپاسی زۆرمان بۆ بەڕێوەبەر و کارمەندان و نەخۆشخانەکە ھەیە، بەڵام دەبوو وەزارەتی تەندروستی لیژنەیەکی بناردایە و ھەر ھیچ نەبێت تاوەکو دڵی ئێمە سووکنایی بێت، نەوەک وەک نەخۆشێکی ئاسایی سەیربکرێت".

دەربارەی لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکە، سەرکەوت محەممەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی گوتی "ھێشتا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن، بەھۆی پشووەکانەوە دوا زانیاری لەسەر چۆنێتی رووداوەکە نەزانراوە".

پێشتر لە نامەیەکدا کە ئاراستەی سەرۆکایەتیی و فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستانی کردبوو، قادر نووری، کە دەکاتە باپیری سێ منداڵەکە و باوکی سێوان رایگەیاندبوو "وەرن بە دەنگ و ھاوارمانەوە و بەرگری لە مافی کچەکەم بکەن".

قادر نووری لە نامەکەدا دەڵێت "راستی رووداوەکە بەمجۆرەیە: د. م. کە دەکاتە ھاوسەری کچەکەم (سێوان قادر) و باوکی ھەر سێ منداڵ (دارین، لارین و دەروون) لە ماڵەکەی خۆیدا ھەستاوە بە بەنزین پێداکردنی کچەکەم و ھەر سێ منداڵەکەی. دوای ئاگرتێبەردانیان دەرگای لەسەر داخستوون و خۆی ھەڵاتووە. بەداخەوە ھەر سێ منداڵەکە بەتەواوی سووتان و گیانیانلەدەستداوە، کچەکەشم ٨٥% بۆ ٩٢%ی جەستەی سووتاوە و لە ئانوساتی گیانلەدەستدانیەتی".

ی.ا

سەرچاوە | رووداو





ئەم هەواڵە 9010جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لە رووداوێکی ھاتووچۆ ئۆتۆمبێلێک دەفڕێت
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
ڤیدیۆیی .... بە ئاگر و شمشێر قژی ئافرەتان رێکدەخات
فرۆکەوانێک بەم شێوەیە رێز لە مامۆستاکەی دەگرێت
کچێک بە موعجیزە رزگاری دەبێت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad