English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ئەمەریکا یان کورد خائینۆ؟؟؟!!!
2018-12-23 [02:17 AM]

نووسینی: مەلا ھەندرێن


لە ٢٠١٨/١٢/١٩ئەمەریکا بریاری دا ھێزەکانی لە رۆژئاوای کوردستان بکێشتەوە ، بە بیانووی ئەوەی ئەوان ئامانجیان لە شەری لەناوبردنی داعش تەواوبووە و ئیدی قۆناغێکی تازە لە رووبەرووبوونەوەی داعش دەست پێدەکات ، پاش ئەمە ترەمپیش لەچەند تویتێکدا بەراشکاوی دەڵێت :ـ( ئێمە چی تر نابینە پاسەوانی رۆژھەلاتی ناوەراست بەبێ بەرامبەر، بائەوانەی لەوێن بەرگری لەخۆییان بکەن ) 
ئەم ھەڵویستەی ئەمەریکا کاردانەوەی ھەمەجۆر و قسەو باسی زۆری لەدوای خۆی راکێشا .بەشێکی زۆر لە خەلکی کوردستان و نوسەران پێیان وایە ئەم جارەش ئەمەریکا خیانەت لەکورد دەکات ورۆژئاوای کوردستان رادەستی دوژمنان دەکاتەوە ـ بەلام من پئم وایە ئەوە ئەمەریکا نییە خیانەت لە کورد دەکات ، بگرە ئەوە (pydوypg) یە خیانەت لە ئەمەریکاو گەلی کوردیش دەکات بەم بەڵگانەی خوارەوە:_
١_ ئەوکاتەی ھێرشەکانی داعش لەلوتکە بەھێزی دابوو ـ، بەشێکی گەورەی لەخاکی سوریادا خستبووە ژێر رکێفی خۆی و رۆژئاوای کوردستانیش لەلێواری کەوتن بوو . سەرانی (پەیەدە) خۆیان دەخیلی جەنابی سەرۆک کردبوو، بۆئەوەی پالپشتی ئەمەریکاو ھاوپەیمانی نێودەولەتییان بۆ دەستەبەر بکات ـ ئەوەبوو بەھەوڵی جەنابی سەرۆک ئەمەریکا ھاتەسەرخەت و رازی بوو بەوەی ھەموو پاڵپشتیەکی یەپەگە بکات لەشەری داعش ، بەڵام بەم مەرجانەی خوارەوە :_ 
یەکەم/ پەیەدە رازی بێت بە رێکەوتنێکی سیاسی و سەربازی لەگەل تەواوی حزبەکانی تری رۆژئاوای کوردستان (ئەنەکەسە)و بەشداری پێکردنیان لە بەرێوەبردنی کانتۆنەکان و ھەنگاونان بۆ بونیاتنانی سیستەمێکی دیمۆکراسی لەم ناچانە .
دووەم / دەبێت پەیەدە وەک بەشێک لە pkkنەمێنێتەوەو بریارلە قەندیل وەرنەگرن . چونکو ئەمەریکا تەنھا مامەلە لەگەل ئەوبارودۆخەی رۆژئاوای کوردستان دەکات بەشێوەیەکی سەربەخۆیانە، نەک وەک بەشێک لە پەکەکە . 
سێیەم /پەیەدە دەبێت کۆتایی بە پەیوەندیەکانی لەگەل رژیمی سوریای بەشارئەسەد بھێنێت .
چوارەم/ پەیەدە نابێت رێگرو پێچەوانە بێت لەگەل ئەجنداو بەرژەوەندەکانی ئەمەریکا لەناوچەکەدا .
ئیدی پەیەدە بەم مەرجانە رازی بوو ئینجا ئەمەریکا بەھەمووتواناکانی خۆی چووە رۆژئاواو لێ نەگەراداعش ئەم ناوچانە داگیربکات .ئەمەریکا بێگوێ دانە تووڕەییەکانی تورکیا، یەپەگەی پڕچەک کردومەشق و راھێنانی بەھەزاران شەرڤان کرد ـ بەلام پەیەدە لەھەموو بەلێنەکانی پەشیمان بوونەوەو ھیچییان جێبەجێ نەکرد . ئەگەرچی دوورێکەوتننامەیان لە ھەولێرو دھۆک واژوو کرد بۆ گەرانەوەی ئەنەکەسێ و ھێزەکانی پێشمەرگەی رۆژ . کەچی بچوکترین خالیان جێبەجێ نەکرد و تائێستاش رئگایان نەدا حزبە کوردستانییە کانی رۆژئاوا بگەرینەوەو ببنە بەشێک لەپرۆسەی سیاسی و ئیداری و سەربازی رۆژئاوا ـ دەرھەق بە خاڵی دووەمیش ھەرجێبەجێیان نەکردوو ئێستاش بەشێکن لە پەکەکە و بریار کەقەندیل وەردەگرن . لەبارەی پەیەوەندیشیان بە رژێمی سوریاوە ، ھەتا لەلێواری مەرگ بوو، وایان نیشاندەدا کە ھیچ پەیوەندییان بەرژێمی ئەسەدەوە نەماوە ـ بەلام دوای شکانی داعش و بەھێزبوونەوەی حکوموتەکەی دیمەشق ، پەیەدە جارێکی تر وابەستەیی خۆی بۆ رژێمی سوریا نوێ کردەوە. بەمەش پەیەدە دەبێتە رێگر لە بەردەم ئەجنداو بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکالەناوچەکەدا . ئەمەریکا دەیان جار پەیەدەی ئاگادار کردۆتەوە لەوەی کەنابێت ئیمە پاڵپشتت بین لەشەری داعش و تۆش ھاوپەمانی دووژمنەکەی ئەمەریکابیت کە بەشار ئەسەدە . بەلام پەیەدە ھیچ گوێی نەداوەتە ئەمەریکاو لەماوەی رابردوو پەیوەدییەکانی لەگەل رژێمی سوریا ئاشکراترو بەھێزتر کردووە . کەوایە کێ خیانەتی لەکێ کردووە، ئەمەریکا ، یان پەیەدە ، ئێستاش ئەمەریکا نیازی کشانەوەی نییە لە رۆژئاوا . بگرە دەیەوێت بەم ھەنگاوەی پەیەدە ناچار بەخۆساغکردنەوەبکات . چونکو ئەمەریکا ناتوانێت لەگەل ھێزێک ھەنگاوی ستراتیژی بھاوێت . کە ئەوھێزە وابەستەو بەکرێ گیراوی رژئمی سوریای دوژمنی بێت .
٢_ دەربارەی خیانەتی پەیەدەش لەکوردوکوردستان پێم باشەھەندێک راستی بخەمەروو ، بۆ ئەوەی بزانین کەرلەکوێ کەوتووە کوندەش لەکوێ دراوە . 
لەساڵی ١٩٧٨ بەرێز عبداللە ئۆجەلان لەتورکیا رادەکات دەچێتە سوریا بەمەستی دوورست کردنی شۆرشێکی چەکداری لەتورکیا . ئەوکاتە لەگەل رژێمی ئەوسای سوریا دەکەوێتە گفتووگۆ بۆ ئەوەی حکومەتی سووری پالپشت و ھاوکار بێت بۆ پەکەکە و ئەوشۆرشەی ھەڵی دەگیرسێنێت ، لەئەنجامدا دەگەونە رێکەوتنێکی ستراتیژی بەم جۆرەی خوارەوە:_
١_ حکومەتی سوریا بارەگاو سەربازگەیەکی مەشق و راھێنان بۆ پەکەکە لە بیقاعی لوبنان دادنێت و ھەموو ھاوکاریەکی سەربازی و ماددیان بۆ دابین دەکات . لەبەرامبەر ئەوەی پەکەکە لەکاتی پێویست ببتە بەشێک لەشەر دژبە ئیسرائیل لەلوبنان . واتا دەبێت پەکەکە لە ململانێی عەرەب ـ ئیسراێیل لەسەنگەری عەرەب بێت نەک بێلایەن . 
٢_ سوریا ھەموو ئاسانکاری و ھاوکاریەکی گەریللادەبێت لەچوونیان بۆ باکووری کوردستان و ھەڵگیرسانی شۆرشی چەکداری دژ بەتورکیا ، کادیرانی پەکەکە ش ئازادن لە ناو کوردانی سوریا چالاکی بکەن و گەنجەکانیان بکەن بەگەریلاو رەوانەی باکوریان بکەن . لەبەرامبەر ئەوەی پەکەکە دان دەنێت بەوەی شتێک نییە لەسوریا بەناوی خاکی کوردستان . بگرە تەنھا کوردھەنەلەسوریاو لەسەرخاکی سوریای عەرەبی دەژین . لەورۆژەوە تا ئێستا شتێک لەفەرھەنگی پەکەکە نەماوە بەناوی رۆژ ئاوای کوردستان .
٣_ نابێت پەکەکە ھیچ بنکە وبارەگایەکی لەخاکی سوریادا نزیک بەسنووری تورکیا ھەبێت ـ بگرە دەبێت لەناوچەسنووریەکانی عێراق ـ تورکیا چالاکی خۆیان ئەنجام بدەن ، ئەم خاڵە بەدوو ئامانج بوو . یەکەم ، کێشەوگرفت لەنێوان تورکیاو عێراق دورست بکەن . دووەم لەکاتی پێویست کێشەوگرفت بۆ شۆرشی باشووری کوردستان دوورست بکەن . 
٤_ رژێمی سوریا ناوی پێشمەرگەو ئالای کوردستان و ھاوپەیمانی پەکەکەی لەگەل ھیچ حزبێکی کوردستانی قەبوول نەبوو . بۆیەش پەکەکە ناوی لەچەکدارەکانی نا گەریللا و ئالایەکی سێ رەنگی بۆخۆی داناو تائێستاش پەکەکە نەچۆتە ناوھیچ ھاوپەیمانییەک لەگەل ھیچ حزبێکی کوردستانی . 
پاش ئەوەی رژێمی سوریا لەساڵی( ١٩٩٩)ناچارکرا بەرێز عبداللە ئۆجەلان لەخاکی خۆی وەدەربنێت ، بۆ ماوەیەک پەیوەندییەکانی نێوان سوریاو پەکەکە تووشی دارمان وھەڵوەشانەوە چوو . بەلام لە(٢٠١١) پاش دەرکەوتنی راپەرینەکانی بەھاری عەرەبی ، بە نێوەندگیری سەرکردەیەکی کوردی باشوور ، جارێکی تر نێوانی سوریاو پەکەکە ئاسایی کرایەوە و رێکەوتنێکی تازە لەنێوانیان ھاتە کایەوە بەم جۆرە:_
١_ رژێمی سوریا رێگادەدات بەوەی پەکەکە لەناو کوردەکانی سوریا چالاکی سیاسی و حزبی دەست پێ بکاتەوە ، بەڵام نەک بەناوی پەکەکە ، بەلکو بەناوی پەیەدە . لەبەرامبەر ئەوە دەبێت پەیەدە دژی چالاکی حزبەکانی تری کوردی سوریا بوەستنەوە ولێ نەگەرێن خەلکی شارەکانی رۆژئاوابەشداری لە خۆنیشاندانەکانی بەھاری عەرەبی بکات دژ بەرژئمی سوریا . 
٢_ لەسەر رێکەوتنە ستراتیژیەکە نێوان ئۆجەلان ـ سوریا بەردەوام دەبن و لەھەر ئەگەرێک ھاوپەیمان و ھاوکاری یەکتر دەمێننەوە .
ئەوەبوو پاش پەرەسەندنی خۆنیشاندانەکانی خەلک دژ بە رژێمی سوریا و نا چاربوونی رژێم بۆ پاشەکشە پێکردنی سوپاکەی بۆ پاراستنی دیمەشق . لەگەل( پەیەدە )رێککەوتن کە ھێزیکی چەکداری کوردی دورست بکەن وناویان لێنا (یەپەگە )یەپەگە لەلایەن رژێمی سوریا پڕچەک کراو مەش و راھێنانیان پێکرا. ئەگەر ھاتنی داعش نەبوا سیماو ئەرکی ئەم ھێزە رۆشەنتر دەردەکەوت . کەبریتی بوولە پاراستنی دامودەزگاکانی رژێمی فاشستی سوریاو سەرکووت کردنی راپەرینی خەلکی رۆژئاوای کوردستان دژ بەرژێمی سوریا . بەلام دەرکەوتنی داعش وەک دەولەتێکی تیرۆریست لە سوریاو عێراق وپەرەسەندنی بەشێوەیەکی مەترسی دار ، وایکرد ئاراستەی رووداوەکان بگۆرێت . بەم جۆرە یەپەگە بوو بەو ھێزەی لەرۆژئاوای کوردستان دژ بەداعش بجەنگی و سەرەنجام بەھەولی جەنابی سەرۆک ، ئەمەریکاو ھاوپەیمانی نێودەولەتی دژبە داعش بریاریان دا بچنە رۆژئاواو پارێزگاری لەکەوتنی رۆژئاوابکەن . بەلام لەگەل ئەمەش (پەیەدەو یەپەگە)تائێستاکەش ھەروابەستەی رژێمی سوریان و بەموو لەرێکەتنەکەیان لەگەل رژێمی سوریا لایان نەداوە . بالێرەدا سەیری کردەوەکان و ھەنگاوەکانی پەیەدە بکەین کەلەم چەند سالەی رابردوو پیادەیان کردووە ، کەئەمانەن:_
١_ پاش کشانەوەی ھێزەکانی رژێمی سوریا و رادەست کردنی بە (یەپەگە ). (پەیەدە )دەسەلاتێکی بەناو خۆسەری راگەیاندو ناوی لێنا (کانتۆنەکانی جەزیرە) باشە نابێت خەلکی ھوشیار بپرسێت بۆچی (پەیەدە )ناوی لێنەنا ( کانتۆنەکانی رۆژ ئاوای کوردستان) باشە بۆناپرسن بۆچی ووشەی کوردو کوردستان قەدەغەیە لای ئەوبرادەرانە؟؟!! 
٢_باشە بۆچی ( پەیەدە واتا پارتی یەکێتی دیمۆکراتی ) و( یەپەگە واتا یەکینەکانی پاراستنی گەل) و( یەپەژە واتا یەکینەکانی پاراستنی ژن) نەووشەی کوردو نەووشەی کوردستانیان پێوە نییە؟؟!! ئەرێ بۆچی ناویان لەچەکدارەکان نا (شەرڤان )و نەیان کرد بە پێشمەرگە . خۆ پێشمەرگە موولکی ھیچ حزبێک نییە ؟!! باشە بۆچی لەسایەی ئەم کانتۆنانە ئالای کوردستان قەدەغەیە و ھەرکەسیک ھەلی دات زیندانی دەکرێت ؟؟!! 
٣_ باشە گەلۆ ھەندێک حزب ھەنە لەناو (ئەنەکەسە ) واتا لەناو ئەنجومەنی نیشتیمانی کورد لەسوریا ـ لەسەردەمی دەسەلاتی رژێمی سوریا بارەگایان لە قامشلۆو شارەکانی تر ھەبوو ، بەپێی دەستووری سوری مۆلەتی کارکردنیان ھەبوو .کەچی لەسایەی دەسەلاتی کانتۆنەکانی جەزیرە . یاساغ کران و ھەموویان ئاوارەی باشووری کوردستان کران . 
٤_ (ھەسەدە) واتا ھێزەکانی سوریای دیموکرات ، سەداچلی چەکدارەکانی عەرەبی سەربە حزبی بەعسن و سەداشەستی ھێزەکانی یەپەگە یە ، بۆچی پەیەدە ئامادەیە ھاوپەمان و ھاوسەنگەری عەرەبی بەعسی بێت بەلام ئامادەنییە ھاوپەمانی لەگەل پێشمەرگەکانی رۆژ بکات . 
لەکۆتاییدا بەراشکاوی دەلێم ھیچ سووم نییە لە کۆتایی ھاتن بەدەسەلاتێک کە لەسایەیدا ناوی کوردوکوردستان قەدەغە بێت . ھیچ سوم نییەلە دەسەلاتێک کەلەسایەیدا ئالای کوردستان و پێشمەرگە قەدەغە بێت، بەلام بارەگاکانی حزبی بەعس وئالای رژێمی سوریاو وێنە زلەکانی بەشارو حافڤ ئەسەد رێگاپێدراو پارێزراوبن . ھیچ سووم لە کۆتایی ھاتنی دەسەلاتێک نییە تەنھا ئامانجی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی رژێمی سوریا بێت .بائەوەش بلێم ئەمەریکا دوورێگای لەبەردەم پەیەدە داناوە ، یان دەبێت لەفەلەکی رژێمی سوریا بێتەدەروەوببتە ھاوپەمانێکی راستەقینەی ئەمەریکا ، یانیش دەبێت کۆتایی بەپەیوەندی لەگەل ئەمەریکابھێنێت . بریاری کشانەوەی ھێزەکانی ئەمەریکاش بەشێکە لە فیشاربۆ ئەوەی پەیەدە ئیدی خۆی ساغ بکاتەوە و کۆتایی بە م دوویارییە بھێنێت . من پێم وایە لەھەردوو حالەتەکە ئەمەریکا لەرۆژئاوا ناکشێتەوە و گۆرانکاری گەورەش دورست دەکات .





ئەم هەواڵە 5797جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند بیرۆکەیەک بۆ ڕزگاربوون لە گەرمای ھاوین
بەدڵنایی دوو جار سەیری دەکەیەوە ، منداڵێکی زۆر قشە
چەند دیمەنێکی لافاوی شاری شیراز لە ئێران
لە رووداوێکی ھاتووچۆ ئۆتۆمبێلێک دەفڕێت
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad