English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
سەرۆكی كاتیی پەرلەمان: كاتێك لایەنەكان ڕێك كەوتن، پەرلەمان كۆ دەبێتەوە
2018-12-24 [02:00 AM]

ZNA- هه‌ولێر


سەرۆكی كاتیی پەرلەمانی كوردستان دەڵێ، پارتی پەلە دەكات لە دیاریكردنی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و پێكهێنانی حكوومەت، كۆبوونەوەی پەرلەمان بە كراوەیی دەمێنێتەوە، تا لایەنەكان لەگەڵ پارتی دەگەنە ڕێككەوتن، كاتێك گەیشتنە ڕێككەوتن، پەرلەمان كۆ دەبێتەوە و دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت و حكوومەت پێك دێت.


ڕۆژی ٦ی ١١ی ٢٠١٨ پەرلەمانی كوردستان كۆ بووەوە و پەرلەمانتاران سوێندی یاساییان خوارد، دوای ئەوە فراكسیۆنەكان داوایان كرد كۆبوونەوەی پەرلەمان بە كراوەیی بمێنێتەوە تا  لایەنەكان دەگەنە ڕێككەوتن، پاش ئەوە پارتی سێ جار لەگەڵ یەكێتی و بزووتنەوەی گۆڕان كۆ بووەوە و پەلە دەكات لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم، بۆ ئەوەی ئەو بەڵێنانەی لە بانگەشەی هەڵبژاردن بە خەڵكی كوردستانی دا، جێبەجێ بكات.


ڕێڤینگ هرووری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دیار كرد: "كۆبوونەوەی پەرلەمان بە كراوەیی دەمێنێتەوە، تا لایەنەكان لەگەڵ پارتی دەگەنە ڕێككەوتن، بەتایبەتی یەكێتی و گۆڕان، ئاواتەخوازین ئەو ماوەیە زۆر نەخایەنێت، چونكە پارتی پەلە دەكات و پێداگری لەسەر ئەوە دەكات كە ئەو ماوەیە درێژە نەكێشێت، هەركاتێك گەیشتنە ڕێككەوتن ئەو كاتە پەرلەمان كۆ دەبێتەوە و دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت و حكوومەت پێك دێت، بۆیە دانیشتنی پەرلەمان گرێ دراوە بە لایەنە سیاسییەكانەوە و ئەوان بڕیار دەدەن."


سەرۆكی كاتیی پەرلەمانی كوردستان گوتیشی: "وەكو فراكسیۆنی پارتی هەموو كاتێك داوامان كردووە، هەتا داوامان لە سەركردایەتیی پارتی كردووە، داوامان لە لایەنەكانی دیكە كردووە، پارتی خۆیشی پەلە دەكات، كە ئەو  كۆبوونەوانە كاتێكی زۆر نەبەن و لایەنەكان بگەنە ڕێككەوتن، بەڵام ڕێككەوتنەكانیش دەبێ بە گوێرەی ئیستحقاقی هەڵبژاردن بێت، كەس مەرج بۆ كەس دانەنێت، بۆیە هەموو كات داوامان كردووە پەلە بكرێت لە دیاریكردنی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و پێكهێنانی حكوومەت، ئەو كۆبوونەوانەی كە تا ئێستا لە نێوان پارتی و لایەنەكاندا كراون، دڵخۆشكەرن، هەنگاوی باش نراوە."


ڕێڤینگ هرووری، سەرۆكی كاتیی پەرلەمانی كوردستان، زیاتر گوتی: "چوار ساڵی داهاتوو لە چوار ساڵی ڕابردوو زۆر جیاوازتر دەبن، چونكە زرووفی چوار ساڵی ڕابردوو زرووفێكی نالەبار بوو، هەم شەڕی داعش، هەم قەیرانی دارایی، هەم قەیرانی سیاسی و ئەو كێشانەی بەسەر ناوچەكەدا هاتن، هەموو ئەوانە نالەبار بوون، ئومێدێکی زۆر هەیە، كە حكوومەتی ئەمجارە كاراتر بێت و پەرلەمان بە ڕۆحیەتێكی دیكەوە كارەكانی خۆی بكات، هەوڵ دەدات هەنگاوی باش بنێت و ئەو یاسایانەی لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستاندان پەسەند بكات، چونكە زۆر پرۆژە ماون و لە خولی چوارەمدا پەسەند نەكراون، دەمانەوێت ئەو پرۆژانەی ماون، پەسەند بكەین، یەكێك لەو پرۆژانە ئەوەیە كە كوردستان ببێتە خاوەنی دەستووری خۆی، وەكو فراكسیۆنی پارتی وای دەبینین كە پێویستە كوردستان ببێتە خاوەنی دەستووری خۆی، ئەو دەستوورە ببێتە بنگەیەكی یاسایی، بۆ یەكلاكردنەوەی كێشە سیاسی و یاسایییەکانی هەرێمی كوردستان، پڕۆژەیەكی دیكەی زۆر گرنگ هەبوو ئەگەر لە خولی چوارەم پەسەند كرابایە و ببووایەتە یاسا و حكوومەت پێوەی پابەند كرابایە، ئەوە ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە باروگوزەرانی خەڵكی كوردستانەوە هەبوو، ئەویش پرۆژەی چاكسازییە، زۆر گرنگە هەموو توانای خۆمان بخەینەگەڕ بۆ ئەوەی پاشەكەوتی مووچە نەمێنێت، كە نەمانی پاشەكەوتی مووچە لای ئێمە زۆر گرنگە و یەكێكە لە ئەولەویەتەکانی كارەكانی ئێمە، لەگەڵ ئەوەی هەوڵ دەدەین ئەو كێشانەی كە لە ڕابردوو دەهاتنە پێشەوە، لەم خولەدا نەیانهێڵین و چاریان بكەین".

 

سه‌رچاوه‌: KDP





ئەم هەواڵە 3892جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
بەدڵنایی دوو جار سەیری دەکەیەوە ، منداڵێکی زۆر قشە
چەند دیمەنێکی لافاوی شاری شیراز لە ئێران
لە رووداوێکی ھاتووچۆ ئۆتۆمبێلێک دەفڕێت
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
ڤیدیۆیی .... بە ئاگر و شمشێر قژی ئافرەتان رێکدەخات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad