English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
 سەرۆک بارزانی : گەلی کوردستان ھەمیشە لایەنگری ڕێکاری ئاشتیانە و دیالۆگ بووە
2018-12-31 [10:45 AM]

ZNA – ھەولێر 



سەرۆک مەسعود بارزانی بەبۆنەی ساڵی تازەی زایینیەوە پەیامێکی راگەیاند و لە بەشێکی پەیامەکەی دەڵێت، ھیوادارم ساڵی تازە دەستپێکی قۆناغێکی نوێ بێت بۆ باشتربوونی ژیان و گوزەرانی خەڵک و بەدیھاتنی سەقامگیری و پێشکەوتنی زیاتر بۆ گەلەکەمان. 


ئەمەش دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانییە 


 بەناوی خودای بەخشندە و میھرەبان

 بەبۆنەی سەری ساڵی نوێ پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان دەکەم. ھیوادارم ساڵی تازە دەستپێکی قۆناغێکی نوێ بێت بۆ باشتربوونی ژیان و گوزەرانی خەڵک و بەدیھاتنی سەقامگیری و پێشکەوتنی زیاتر بۆ گەلەکەمان. 

بە پێویستی دەزانم سوپاسی خۆم ئاراستەی ھێزی پێشمەرگە و ھەموو خەڵکی کوردستان بکەم کە لە ساڵانی ڕابردوودا بە قوربانیدان و خۆڕاگری، لەبەرانبەر ھەڕەشەکان و تیرۆر و ئابڵۆقەدا وەستانەوە و دەنگی ڕەوا و ئاشتیخوازانەی خۆیان بە ھەموو جیھانیان گەیاند و، بەسەر پیلان و حەزی نەیارانیشدا سەرکەوتن. 
ئێستا گەلەکەمان لە قۆناغێکی تازەدایە و پێویستی بە پاراستنی دەستکەوتەکان و بەھێزبوون و بووژانەوەیە، ئەویش بۆ گەییشتن بە ئامانجە بەرزەکان و ئەو بەھا باڵایانەی کە گەلەکەمان دەیان ساڵە لەپێناویدا خەباتی کردووە و قوربانی داوە. 

لە مانگی ئەیلوولی ڕابردوویشدا گەلی کوردستان لە مومارەسەیەکی دیموکراتیانەدا ویستی خۆی بۆ گۆڕانکاری و کوردستانێکی بەھێز دووپاتکردەوە و پێویستە ئەو ویست و متمانەیەی گەل لە چوارچێوەی حکوومەتێکی کارا و بەھێزدا جێبەجێ بکرێت. 
بە درێژایی خەباتی خۆی گەلی کوردستان ھەمیشە لایەنگری ڕێکاری ئاشتیانە و دیالۆگ بووە و ئێستایش ئەوە دووپات دەکەینەوە کە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانمان لەگەڵ بەغدا بژاردەی دیالۆگ و لێکتێگەییشتن دەگرینە بەر. 

لێرەدا بە دەرفەتی دەزانم کە لەبارەی چارەنووسی گەلی کورد لە سووریا نیگەرانیی خۆم ڕابگەیێنم، ھیوادارم پێشھاتەکانی سووریا و ئەو گۆڕانکاریانەی لەوێ لە ئارادان نەبنە ھۆی ئازار و ئاوارەبوون و نەھامەتیی زیاتر بۆ گەلی کورد لە سووریا. 

بە دڵنیاییەوە بوونی توندوتیژی و ئینکارکردن کێشەکان زۆر لەوەی ئێستا ھەیە قووڵتر دەکاتەوە. پێویستە ھەموو لایەک بە باشی لەوە بگات کە ناوچەکەمان چیتر بەرگەی ئەو ھەموو کێشە و توندوتیژی و تیرۆر و توندڕۆیی و ناسەقامگیری و کەڵەگایی ناگرێت و ئەرکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشە بۆ پاراستنی ئاشتی و دادپەروەری و ئاساییش سنوورێک بۆ ئەو ناسەقامگیرییخوازییە دابنێت و چیتر لەمە زیاتر گەلانی ناوچەکە و خەڵکی بێتاوان تووشی نەھامەتی و وێرانکاری نەبن و ئازار نەدرێن. 

لەساڵی تازەدا بەھیوای ئەوەی ئاشتی و پێکەوەژیان باڵ بەسەر ناوچەکەماندا بکێشێت و، ئومێدی خێر و خۆشی بۆ گەلی کوردستان دەخوازم.


 مسعود بارزانی

 ٣١ـی ١٢ـی ٢٠١٨
 





ئەم هەواڵە 3685جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لە رووداوێکی ھاتووچۆ ئۆتۆمبێلێک دەفڕێت
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
ڤیدیۆیی .... بە ئاگر و شمشێر قژی ئافرەتان رێکدەخات
فرۆکەوانێک بەم شێوەیە رێز لە مامۆستاکەی دەگرێت
کچێک بە موعجیزە رزگاری دەبێت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad