English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ئەم ئافرەتە بەدەستی پیاوەکەی کوژرا 
2018-12-31 [11:12 AM]

ZNA – ھەولێر 



(س) بە ھاوژینەکەی دەڵێت خۆتان ئامادە بکەن دەچینە ماجدی لاند، بەڵام لە رێگا لەسەر شەقامی ١٢٠ مەتری ئۆتۆمبێلەکەی رادەگرێ و بە بەرچاوی منداڵەکانییەوە دوو گوللـە لە ژنەکەی دەدات و دەیکوژێ. (س) حوکم دراوە، بەڵام کەسوکاری ژنەکە لە حوکمەکە رازی نین.

ئەم تاوانە بۆ رۆژی ١١/٥/٢٠١٨ دەگەڕێتەوە کە ژنێکی تەمەن ٢٨ ساڵ بەناوی تریفە سەردار، دایکی دوو منداڵ و دانیشتووی گەڕەکی خانزادی نوێ لە ھەولێر، تێیدا بووە قوربانی.

کەسوکاری ژنەکە دەڵێن بۆیە میدیاکانیان لە رووداوەکە ئاگادارنەکردەوە، چونکە پۆلیس دەستبەجێ تۆمەتبارەکەی دەستگیرکرد، بەڵام کاتێک تۆمەتبارەکە سزادرا، ھەموو شۆک بوون، چونکە ئەو بەپێی ماددە ٤٠٥ لە یاسای سزادانی عێراقی کە "کوشتنی بە ئەنقەستە" دەستگیرکراوە، بەڵام ئێستا بەپێی ماددە ٤١١ سزا دراوە کە تایبەتە بە "کوشتن بە ھەڵە".

ھۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی ھەولێر دەڵێت: "ھەر دوای رووداوەکە پۆلیس تۆمەتبارەکەی دەستگیرکرد و بەپێی ماددە ٤٠٦ دۆسیەی لێکۆڵینەوەی بۆ کردەوە". گوتیشی: "ئەو پیاوە بە بەرچاوی منداڵەکانییەوە ژنەکەی خۆی کوشتووە".

محەممەد سەردار، برای تریفە  گوتی : "خوشکەکەم سەرەتا ھیچ کێشەیەکی لەگەڵ مێردەکەی نەبوو، ئەوان بە خۆشەویستی ھاوسەرگیرییان کرد، بەڵام دواتر کێشە کەوتە نێوانیان، زاواکەمان زۆر ئازار و ئەشکەنجەی تریفەی دەدا، چەندینجار تریفە بە چاوی شین و مۆرکراوەوە ھاتەوە ماڵی باوکی".

محەممەد باسی ئەو رۆژەی کرد کە خوشکەکەی کوژرا و گوتی: "سەعات ٢:٣٠ خولەکی پاشنیوەڕۆ بوو. مێردەکەی پەیوەندی پێوەکردم و گوتی وەرە خوشکت لە نەخۆشخانەیە، گوللـەیەکی لە قاچی خۆی داوە. ئێمە شۆک بووین، لەگەڵ دایکم و باوکم چووین بۆ نەخۆشخانە، کەچێ لەوێ گوتیان تریفە دوو گوللـە بەر سەر و ملی کەوتووە و مردووە".

وەک محەممەد باسی دەکات، (س) ئەوکات لەلای پۆلیسەکانی نەخۆشخانە گوتبووی ژنەکەی نەخۆشیی دەروونی ھەبووە، بۆیە خۆی کوشتووە. بەڵام محەممەد رەتیدەکاتەوە خوشکەکەی نەخۆشیی دەروونی ھەبووبێ و دەڵێت: "ئەو قسەیە راست نییە، تەنانەت لە دادگا گوتبووی تریفە چەندینجاری دیکە ھەوڵی خۆکوشتنی داوە، بەڵام راست ناکات، ئەو زۆر بە کەمی لە ماڵەوە بوو، بازرگان بوو، بە مانگ تریفە و منداڵەکانی بەجێدەھێشت".

ئێستا ھەشت مانگ بەسەر رووداوەکەدا تێپەڕیوە، بەڵام کەسوکاری تریفە تازە بابەتەکە دەوروژێنن. محەممەد دەڵێت: "سەرەتا لەبەر قسە و توانجی خەڵک و خزم، گوتمان مادام تاوانبارەکە دەستگیرکراوە یاسا مافی ئێمە وەردەگرێت، پێویست ناکات دەزگاکانی راگەیاندن ئاگادار بکەینەوە، بەڵام دوای ٨ مانگ چاوەڕوانی، دادوەر مادەکەی لە ٤٠٦ ـەوە گۆڕی بۆ ٤١١، بڕیاری دا تەنیا بۆ ماوەی پێنج ساڵ بەند بکرێ، لە کاتێکدا چەندین بەڵگە و راپۆرتی پزیشکی دەیسەلمێنن کە تریفە خۆی نەکوشتووە، بەڵکو کوژراوە".

فاخیر ئیسماعیل کە پارێزەری کەسوکاری تریفەیە، دەڵێت: "بەڵگە و راپۆرتی دادپزیشکی دەیسەلمێنن کە (س.ح) ھاوژینەکەی خۆی کوشتووە، دەبوو بەگوێرەی مادەی ٤٠٦ سزا بدرێ، بەڵام لە دوایین دانیشتنی دادگا، دادوەر ماددەکەی گۆڕی بۆ ٤١١ و گوتی: بەڵگەکان بەس نین، ھیچ شایەتێک نییە.. لە ھیچ قانوونێکدا نەبووە پیاوێک بە بەرچاوی منداڵەکانیەوە ژنەکەی بکوژێ و تەنیا پێنج ساڵ بەند بکرێ". 

بەگوێرەی راپۆرتی پەیمانگەی دادپزیشکیی ھەولێر کە کۆپییەکی دەست کەوتووە، تریفە کوژراوە. لە ناوەڕۆکی راپۆرتەکەدا ھاتووە: "بۆمان دەرکەوت تاوانلێکراو (تریفە سەردار مەولوود)، لە کاتی ئاوڕدانەوەدا بووە بۆ دواوە، تاوانبار لە مەودایەکی زۆر نزیکەوە بە دەمانچەیەکی عەیار ٩ ملم تەقەی لێکردووە. ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی رووداوەکە تاوانی کوشتن بووە، نەک خۆکوشتن".

بەڵام سامی رۆژبەیانی، پارێزەری (س.ح) رەتیکردەوە تریفە کوژرابێ و دەڵێت خۆی کوشتووە. سامی بە گوتی : "ئەوان بە خۆشەویستی ھاوسەرگیرییان کردووە، کەسوکاری (س) رازی نەبوون تریفە بخوازێت، بەڵام ئەو بە قسەی ئەوانی نەکردبوو، ھەموو پەیوەندییەکانی لەگەڵ ماڵی باوکی پچڕاند لەپێناوی تریفە، دواتریش ئەو داوای لە تریفە کردبوو بچن بۆ پیاسە، بۆچی بەبەرچاوی منداڵەکانییەوە دەیکوژێ؟". 

گوتیشی: "(س) دەڵێت تریفە نەخۆشیی دەروونی ھەبووە، ئەویش بازرگانە و بەردەوام چەکی پێبووە لە نێو ئۆتۆمبێل، تریفە بە چەکەکەی ئەو، خۆی کوشتووە، دادوەریش بەگوێرەی بەڵگە و ئیفادەکان بڕیاری داوە".

ئەگەر تریفە خۆی کوشتبێ، بۆچی ھاوژینەکەی بەو ماددەیە سزادراوە. پارێزەرەکەی (س) لە وەڵامدا دەڵێت: "ئەو ماددەیەی کە ئەو پیاوەی پێ سزادراوە ھیچ پەیوەندی بە کەیسەکەوە نییە، تەنیا لەبەر ئەو ھۆکارە دادوەر بە مادەی ٤١١ سزای دا چونکە چەکەکەی لەنێو ئۆتۆمبێلەکە بووە. دادوەر ئەو بڕیارەی بۆیە داوە تاوەکو ھاوسەنگی لەنێوان ھەردوولا رابگرێ، ئەگەرنا دەبوو ئەو پیاوە ئازاد بکرێ، منیش ئەو بڕیارەم پێ سەیر بوو، بۆیە داوای تەمیزمان کردووە".

بەڵام ھەر پارێزەرەکەی (س) نییە کە بەو حوکمە رازی نییە، کەسوکاری تریفەش لەڕێی پارێزەرەکەیانەوە داوایەکیان پێشکەش کردووە بۆ پێداچوونەوەی حوکمەکە.

پارێزەرەکەی تریفە گوتی: "ئێمە واز لەو کەیسە ناھێنین و داوای دووبارە دانیشتنەوەی دادگا دەکەین تا تاوانبار بە سزای خۆی دەگات". 


ی.ا 
سەرچاوە | رووداو
 





ئەم هەواڵە 3811جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
ڤیدیۆیی .... بە ئاگر و شمشێر قژی ئافرەتان رێکدەخات
فرۆکەوانێک بەم شێوەیە رێز لە مامۆستاکەی دەگرێت
کچێک بە موعجیزە رزگاری دەبێت
لە عێراق بەم شێوەیە ئاوی باران لادەدەن ، بە دڵنیایی دوو جار سەیری دەکەیەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad